نەتەوە یەکگرتووەکان: لە 70%ـی کوژراوانی شەڕی غەززە ئافرەت و منداڵن

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی لە 70%ـی کوژراوانی شەڕی غەززە ئافرەت و منداڵن.

کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، “لە کۆی 34500 کەس کە لە شەش مانگی یەکەمی شەڕەکەدا کوژراون، 8119 کەسیان منداڵ و ئافرەت بوون”.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا، وردەکارییەکانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ڕوو، کە ڕەنگە زۆرجار بە “تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید” هەژمار دەکرێت”.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، “لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە بەهۆی هێرشەکانەوە، گەورەترین بارگرانی کەوتووەتە سەر خەڵکی مەدەنی”.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، “بەهۆی بەردەوامبوونی حکوومەتی ئیسرائیل لە دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان کە ئەمەش نایاساییە، بووەتە هۆی لەناوبردنی ژێرخان و دووبارەبوونەوەی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ”.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت: ئەو کارانەی هێزەکانی ئیسرائیل دەیکەن، بووەتە کارێکی بێ وێنە لە کوشتن و برینداربوون و برسێتی و نەخۆشی و پەتا”.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیواکانی قەسام، باڵی سەربازی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 1200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، ژێرخانی ئەو شارەی وێرانکرد و دەیان هەزار کەسیش کوژران و بریندار بوون.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە 31-10-2024، ڕایگەیاند: ژمارەی کوژراوانی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە  گەیشتە 43204. هەروەها زیاتر لە 102 هەزار کەسیش برینداربوون.