ئەحمەد تورك، ئەو سیاسییەی سێ جار شارەوانییەكەی لێ قەیوم كرا

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەحمەد تورك، ئەو سیاسییە كوردەی، سێ جار وەكوو سەرۆكی شارەوانیی مێردین شارەوانییەكەی قەیوم كرا، وەكوو سیاسییەكی ئاكتیڤ، نیوەی تەمەنی خۆی لە زیندانەكانی توركیا بەسەر بردووە، بەڵام هەمیشە بڕوای بەئاشتی هەیە و دەڵێت پێویستە پرسی كورد بەرێگەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.

ئەو پیرە سیاسییە كوردە، كە تەمەنی ٨٢ ساڵانە، لە ٢٠١٦ وەكوو سەرۆكی شارەوانیی مێردین، شارەوانییەكەی لێ قەیوم كرا و لە ٢٠١٩ش بەهەمان شێوە و خرایە زیندانەوە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، توانیی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت و بووەوە بە سەرۆكی شارەوانیی مێردین، بۆ سێیەمین جار شارەوانییەكەی لێ قەیوم كرا، بۆیە دەڵێت، ئەوەندە قەیوم كراوم، رەنگە ناوم بچێتە ناو كتێبی گێنسەوە. ئەحمەد تورك، لە ١٩٧٠، وەكوو سیاسییەكی چالاک هاتە ناو سیاسەت و لەوكاتەوە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد دەدات.
دوای مردنی براكەی هاتە ناو سیاسەت
تورك لە ١٩٤٢ لەدایك بووە، لە تەمەنی گەنجی هاتووتە ناو سیاسەت، ئەویش دوای ئەوەی عەبدولڕەحیم توركی برای لە ١٩٦٩ وەكوو پەرلەمانتار هەڵبژێردرا و پاشان لە ١٩٧٢ كوژرا و ئەحمەد توركیش لە ١٩٧٣ توانی ببێت بە پەرلەمانتار. ئەو لەسەر لیستی پارتی دیموكرات بووە پەرلەمانتار، پاشان وازی لەو پارتە هێنا و چووە ناو جەهەپە. لە ٢٠١٦ دیمانەیەكی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كرد و لەوێدا گوتی، لەو سەردەمەدا بە ناسنامەی كوردبوون نەتدەتوانی سیاسەت بكەیت، بۆیە نزیكترین بۆچوون كە لەگەڵ مندا یەكی دەگرتەوە جەهەپە بوو، بۆیە چوومە ناو ئەو پارتە.
لەگرتوخانەی ئامەد زیندانی كراوە
لەدوای كودەتای ١٩٨٠، ئەحمەد تورك یەكێك بوو لەو سیاسییانەی لە گرتوخانەی ئامەد دەستگیر كرا، كە بە ترسناكترین گرتوخانە دادەنرێت لە مێژووی توركیادا، ئەشكەنجەیەكی زۆر درا و لە ژووری ژمارە ٥ هێشتبویانەوە.
تورك لەبارەی گرتوخانەی ئامەد دەڵێت: ”لە گرتوخانە جەهەننەممان بەچاوی خۆمان بینی، لەبارەی ئەو گرتوخانەیە زۆر كتێب نووسراوە، بەڵام هەر كەسێكی لەوێ زیندانی كرابوو، ئازار و ئەشكەنجەكەی ئەوەندە گران بوو، بۆ هەر یەكێكیان نووسینی دەیان كتێب بەس نییە.“
سەردەمی جەهەپە و هەپ
دوای ئەوەی پێنج ساڵ قەدەغەی سیاسەتكردنی لەسەر جێبەجێ كرا، لە ١٩٧٨ ئەو قەدەغەیەی لەسەر هەڵگیرا، بۆیە لەسەر لیستی پارتی گەلی سۆسیال دیموكرات (SHP)، كە ئێردال ئینۆنوو سەرۆكایەتی دەكرد، وەكوو پەرلەمانتار هەڵبژێردرا.
بەهۆی ئەوەی لە ١٩٨٩، لە پاریس بەشداری كۆنفڕانسێكی كرد كە تایبەت بوو بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، لەگەڵ پێنج پەرلەمانتاری تردا لە (SHP) دەركرا. لەو سەردەمەدا و لە ١٩٩٠ پارتێكی تازە بەناوی پارتی گەل (HEP) دامەزرا، كە بۆ یەكەم جاربوو پارتێكی كوردی دابمەزرێت و ئەحمەد تورك یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی. دوای ئەوەی لەگەڵ (SHP)دا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ١٩٩١ هاوپەیمانییان پێك هێنا، تورك توانیی ببێتەوە بە پەرلەمانتار.
تورك لەبارەی ئەو هاوپەیمانییەوە دەڵێت: ”لەگەڵ ئێرداڵدا لەسەر چەند مەرجێك رێك كەوتین، كە ٢١ مادە بوو و گوتی هەموو مادەكانم قبوڵە، لەسەر یەك وشە كێشەی هەبوو و گوتی ئەو وشەیە بگۆڕن، ئەویش لەبری نەتەوەی كورد، گوتی بنووسن گەلی كورد، ئەمەش داوایەكی لۆژیكی بوو.“
دوای ئەوەی لەكاتی سوێندخواردندا لەناو پەرلەمان كێشە دروست بوو و لەیلا زانا و چەند پەرلەمانتارێكی تر بە كوردی قسەیان كرد، ١٨ پەرلەمانتار دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە (SHP) راگەیاند، كە ئەحمەد تورك یەكێ بوو لەوان، بەڵام بەهۆی ئەوەی داوای یاسایی لەسەر HEP تۆمار كرا و داوا كرا دابخرێت، بۆیە هەموو پەرلەمانتارەكانی سەر بەو پارتە چوونە ناو پارتی دیموكرات (DEP).
ئەحمەد تورك، دەڵێت ئەوكاتەی ئێرداڵ ئینۆنوو، جێگری سەرۆك وەزیران بوو، لە هەوڵی ئەوەدابوون پرسی كورد ببەنە پێشەوە، بەڵام لە ١٩٩٣، دوای ئەوەی لە بینگۆڵ پەكەكە ٣٣ سەربازی توركی كوشت، هەوڵەكانی گەیشتە بنبەست. هەر لەو ساڵەدا ئەحمەد تورك، توانی بچێتە كەمپی بیقاع لە لوبنان، كە كەمپێكی سەربازی پەكەكە بوو، لەوێ چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت و توانی بڕوای پێبهێنێت و ئاگربەست راگەیێندرا.
لەوبارەیەوە دەڵێت: ”چوومە لای ئۆزەل و بڕوام پێی هێنا كە بچمە بیقاع. ئەوكات ئۆزەل پێی گوتم، پێت ناڵێم بڕۆ یان مەڕۆ، بەڵام ئەگەر چووی، چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە گروپی خۆمت لەگەڵدا دەنێرم. تەنانەت ئەگەر چووی پێی بڵێ لە هەموو كەسێك زیاتر نەتەوەپەرستم و لە هەموو كەسێك زیاتر پەیوەستم بە دەوڵەتەوە، بەڵام ئەم كارە بەم شێوە ناچێت بەڕێوە و دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، بۆیە چووین و ئەوكات مام جەلالیش لەوێ بوو“ بەڵام تورك باس لەوە دەكات، كاتێك لێدوانیان داوە كە پەكەكە ئاگربەست رادەگەیەنێت، لە شام هەواڵی كوشتنی ئۆزاڵیان پێگەیشتووە.
زیاتر دەڵێت: ”مام جەلال لە شام ئێمەی داوەتی خواردن كرد، لە گەڕانەوەدا گوتی لەگەڵ سەیارەكەی مندا سواربە، كاتێك لە رادیۆدا هەواڵەكانمان بە زمانی عەرەبی گوێ لێڕاگرت، زانیمان ئۆزاڵ وەفاتی كردووە، بەڕاستی ئەم هەواڵە هەموو هەوڵی ئێمەی بۆ ئاشتی بەفیرۆدا.“
لەگەڵ پەییرلەمانتارەكانی DEP خرایە زیندانەوە
لە ١٩٩٤، پەرلەمانتارەكانی DEP پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا، تورك ئەم رووداوەی بە كودەتا ناو برد و گوتی، ئەمە بۆ ئەوە بوو تا كورد بێدەنگ بكەن. دوای ئەوەی لەگەڵ لەیلا زانا و خەتیب دیجلە و چەندانی تر زیندانی كرا، دوو ساڵ لە زیندان مایەوە، پاشان ئازاد كرا و لە سیاسەت بەردەوام بوو.
تورك لە قۆناغی دروستكردنی پارتدا
لە ٢٠٠٥دا، ئەحمەد تورك، لەگەڵ ئایسەل تۆغلووك، پارتی جڤاتی دیموكرات (DTP)ی دامەزراند و بووە هاوسەرۆكی ئەو پارتە. لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٧، وەكوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ چووە ناو هەڵبژاردن و توانی ببێتە پەرلەمانتار، كاتێك چووە ناو پەرلەمان، لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، تۆقەی كرد و ئەمەش بووە بابەتێكی گەرمی میدیاكانی توركیا.
لە ٢٠٠٩ (DTP) داخرا، پاشان لەناو پارتی دیموكراتەكان و ئاشتی (BDP) درێژەی بە خەبات و سیاسەتدا. لە ٢٠١٠دا، كاتێك تورك لە سامسۆن دادگایی كرا، لەكاتی هاتە دەرەوەی لە دادگادا، كەسێك پەرلەماریدا و بەبۆكس لێیدا و لوتی شكا.
رۆڵێكی گەورەی لە پرسی چارەسەریدا هەبوو
لە پرسی چارەسەری ٢٠١٣ تا ٢٠١٥، تورك رۆڵێكی زۆر گەورە و سەرەكی هەبوو، ئەوكات دەرگای ئیمیڕاڵی كرایەوە بۆ پەرلەمانتارانی BDP، بۆیە لە یەكەم كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵیدا، لیژنەیەك سەردانی ئۆجەلانیان كرد، لەوانە (ئەحمەد تورك، ئایلا ئاكات ئەتا و ئاڵتان تان) بوون. دوای ئەوەی لە دۆسیەی كۆبانێدا تێوەگلا و هەروەها بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەیە دادگایی كرا، تورك گوتی: ”ئەوەی وای كرد ئێمە بچینە قەندیل، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بوو، كە لەسەروبەندی پرسی چارەسەری بوو، ئەگەر ئێمە لەسەر چوونمان بۆ قەندیل دادگایی دەكرێین، پێویستە ئەوەی ئێمەشی نارد دادگایی بكرێت.“ تورك بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە لەگەڵ پەكەكە بووبێت و دەڵێت هیچ كاتێك لەگەڵ توندوتیژی نەبوومە و بەرگریم لە زەمینەسازی دیموكراتی كردووە. هەر لەو دیمانەیەی (BBC)، تورك دژی شەڕی خەندەق قسە دەكات لە ٢٠١٦ و دەڵێت، هەر لە یەكەم رۆژەوە گوتوومە شەڕی خەندەق باش نییە و راست نییە، چونكە دووچاری زیانێكی گەورە بووینەوە.“
سێجار لەسەرۆكی شارەوانیی مێردین دوورخرایەوە
لە ٢٠١٤، لەسەر لیستی هەدەپە، بووە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی مێردێن و توانی ٥٢.٢٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆك شارەوانیی مێردین. لە مانگی ١١ی ٢٠١٦، شارەوانییەكەیان قەیوم كرد و هەروەها بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەیە دەستگیر كرا. ئەوكات دەوڵەت باخچەلی، داوای كرد ئەحمەد تورك ئازاد بكرێت، چونكە تەندروستیی باش نەبوو و هەروەها تەمەنیشی ٧٤ ساڵان بوو و پێویستی بە چارەسەری پزیشكی هەبوو.
لە ٣ی٢ی٢٠١٧، تورك بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستییەوە ئازاد كرا. ئەو سیاسییە، دەستبەرداری سیاسەت نەبوو، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، خۆی بەربژێر كردەوە و توانی ٥٦.٢٤٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بووەوە بە سەرۆكی شارەوانیی مێردین، بەڵام هەر لەو ساڵەدا شارەوانییەكەی قەیوم كرا.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، لەسەر لیستی دەم پارتی بەربژێری مێردین بوو و توانی ٥٧.٤٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بۆ سێیەم جار بووە سەرۆكی شارەوانیی مێردین، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، بۆ سێیەمجار شارەوانییەكەی قەیوم كرا. ئەوەی مایەی پرسیارە بۆ گەلی توركیا و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی پارتی ئاییندەش باسی كردووە، جەودەت یڵماز، جێگری سەركۆماری توركیا و وەزیری ناوەخۆی توركیا، چەند رۆژێك بەر لەوەی شارەوانییەكەی قەیووم بكەن، داوایان لێی كرد، دژمنداری نێوان دوو بنەماڵەی گەورەی باكووری كوردستان نەهێلێت (بنەماڵەی شانیەشار و بنەماڵەی یڵدز)، بۆیە تورك توانی لە نانخواردنێكدا ئەو دوو بنەماڵەیە ئاشت بكاتەوە و كۆتایی بە ناكۆكی و دژمنداری نێوانیان بهێنێت، كەچی دوای ئەو رووداوە، تورك شارەوانییەكەی قەیوم كرا.