کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بە بۆنەی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد.
چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕۆژنامەی واشتن پۆست ڕایگەیاندووە “کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لێ کرد.”
ڕۆژنامەکە لە زاری یاریدەدەرەکەی هاریسەوە، بڵاوی کردووەتەوە “هاریس لەگەڵ ترەمپ باسی لە گرنگیی گواستنەوەی دەسەڵاتی ئاشتییانە کرد، بۆ ئەوەی ترەمپ ببێتە سەرۆکی هەموو ئەمەریکییەکان.”
لەلایکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکەوە ڕایگەیاندووە “هاریس پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە بۆ ئەوەی دان بە شکستەکەیدا بنێت لە هەڵبژاردنەکاندا.”
دوو سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە” ئێوارەی ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتارێک پێشکەش دەکات و دان بە شکستی خۆیدا دەنێت و پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات.”
ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە، بووەتە 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.