ناتانیاهۆ: دەرچوونی ترەمپ سەرکەوتنێکی گەورەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-11-2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا دەرچووە و بووەتە 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە. 

ناتانیاهۆ دەرچوونی ترەمپی بە “سەرکەوتنێکی گەورە” ناوبرد و جەختی کردەوە “گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، گەڕانەوەی هاوپەیمانیی بە‌هێزیی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیلە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-11-2024، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕایگەیاند و دووپاتی کردەوە، بووەتە 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.

ترەمپ لە گوتاری سەرکەوتنیدا جەختی لەوە کردەوە “مێژوومان تۆمارکردووە و چەندین ئاستەنگمان تێپەڕاندووە” هاوکات ئاماژەی بەوە کرد “ئەمەریکا چاک دەکەینەوە و سنوورەکانیشمان بە ڕووی تیرۆریستاندا دادەخەین”.

بە گوتەی ترەمپ، لە کۆی 528 کورسیی کۆمەڵەی هەڵبژاردن، توانیویەتی 315 کورسی بە دەست بهێنێت. هاوکات گوتیشی “توانیمان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران وەربگرینەوە و جارێکی دیکە لە ویلایەتە خۆلەمێشییەکان سەرکەوتنمان بە دەست هێنا”.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کەرتی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند “لە عێراق، سعوودییە و ئیمارات زیاتر نەوتمان هەیە و پێویستە بە شێوەیەکی زۆر باش مامەڵەی لەگەڵ بکەین”.

  • کاندیدەکەی کۆمارییەکان دووپاتی کردەوە “جەنگەکانی ناوچەکە ڕادەگرم و سوپای وڵاتەکەمان بەهێزتر دەکەم”.