باخچەلی لەبارەی ئازادکردنی ئۆجەلان: ڕژدم لەسەر پێشنیازەکەم

سەرۆکی مەهەپە جەخت لە پێشنیازەکەی لەبارەی دەرهێنانی ئۆجەلان لەنێو زیندان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکاتەوە. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 05-11-2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) جارێکی دیکە لە میانی کۆبوونەوەیەکی فراکسیۆنەکەی، لە گوتارێکدا باس لە ئازادکردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان لەزیندانی ئیمرالی کرد.

باخچەلی لەبارەی ئازادکردنی ئۆجەلان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، گوتی: “لە سەردەمی نوێی تورکیا تیرۆر ڕیشەکێش دەکرێت. ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە، ئامادەیە تەوابوونی تیرۆر و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت، با بێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی و لەوێ دانە بە دانە ڕایبگەیەنێت و لە یاسای ‘مافی ئومێد’ سوودمەندبێت.”

بەپێی یاسای “مافی ئومێد” دادگا هەڵسەنگاندن بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییانە دەکات کە ماوەی 25 ساڵیان لە زیندان بەسەر بردووە بەو مەرجەی لەو ماوەیەدا “هەڵسوکەوتی باش بووبێت.”

سەرۆکی مەهەپە جەختی لە قسەکانی پێشووی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا “من لەسەر قسەی خۆمم و ڕژدم لەسەر پێشنیازەکەم. لەگەڵ شکاندنی دیوارەکان و بەلاوەنانی بۆچوونە کەڵەکەبووەکانم، بەرەوپێشوەچوون بەم شێوەیە ئاسانترە.”

 

چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا

چارەکردنی کێشەی کورد دوای بانگەوازی پێشووی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێی نایە قۆناغێکی گرنگ و نوێ دوای ئەوەی گوتی “عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندان دەربهێنرێت و لە پەرلەمانی تورکیا چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.”

لەبەرامبەر ئەو بانگەوازەدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمئۆغڵڵاری ئامادەیی خۆیانی بۆ ئاشتی ڕاگەیاند: “ناونیشانی چارەکردنی کێشەی کورد پەرلەمانە، لە پەرلەمان و سیاسەتیش بێگومان هاوشانیی ئەو بابەتە دەم پارتییە. سەرۆکی مەهەپە دەڵێت با سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان هەڵبگیرێت و ڕێگە بدرێت قسە بکات. پێویستە بەزووترین کات ئەمە بکرێت، ئێمە دەڵێین با بێت و ئامادە بێت و قسە بکات. بێ بەفیرۆدانی کات پێویستە بەپەلە هەنگاو لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر، ئێمە وەک دەم پارتی لەپێناو ئاشتییەکی شەرەفمەندانە، لەپێناو بنیاتنانی کۆماری دیموکرات ئامادەین هەموو جۆرە باجێک بدەین. ئەوەی لەسەرمان بێت ئامادەین بیکەین. بەڵێن بێت، ئاشتییەکی شەرەفمەندانە بۆ ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە و پێکەوە گۆرانی ئاشتی دەچڕین.”