سەرۆكاتیی ‌شارەوانییەکی سەر بە جەهەپە لە ئیستانبۆڵ قەیوم كرا

سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت لە ئیستانبۆڵ، كە گەورەترین شارەوانیی ئەو شارەیە، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا و هەروەها شارەوانییەكەشی قەیوم كرا. جەهەپە، بۆ ئیدانەكردنی ئەو بڕیارە، گردبوونەوە و دەڵێن نایەڵین ئیرادەمان بشكێت.

ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت، خەڵكی وانی باكووری كوردستانە و لەسەر لیستی جەهەپە توانیی ببێتە سەرۆكی شارەوانی، بەڵام بە تۆمەتی ئەوەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ رەمزی كارتاڵ، بەرپرسی باڵای پەكەكەدا كردووە، داواكاری گشتی بە تۆمەتی تیرۆر، داوای كرد دەستگیر بكرێت.
وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، لە راگەیێندراوێكدا ئۆزەریان وەكو تاوانبار ناساندووە و دەڵێن ئەندامی پەكەكەیە، هەروەها جان ئاكسۆی، جێگری پاریزێزگاری ئیستانبۆڵیان لە شوێنی داناوە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، لە بەردەم دادگای توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بەست و گوتی: ”دیسان بەجیدی شەرمەزار بووین لە بەردەم دیموكراتی، بە ئاشكرا دەستوەردان لە دادگادا دەكەن.“
ئیمامئۆغڵو، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا، ئیدانەی قەیومی شارەوانیی ئەسەنیورتی كرد، هەروەها بەڵێنی بە خەڵك دا، بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ بەدیهێنانی عەدالەت و دەڵێت، ناترسین و بوێرین و سڵ ناكەینەوە.
گوڵ چیفتچی، جێگری بەرپرسی یاسایی جەهەپە، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، ئەو شارەوانیانەی دەسەڵات لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بەدەستی نەهێناوە، دەیەوێت لە رێگەی قەیوم بەدەستی بهێنێتەوە.
سەندیكای پارێزەرانی ئیستانبۆڵ، لە بەیاننامەیەكدا دژی قەیومكردنی شارەوانیی ئەسەیورت وەستاوەنەتەوە و دەڵێن، بە تەواوی دژی دەستووری توركیایە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە مادەی ١٢٧ی دەستووری توركیادا هاتووە، كە توركیا بەم هەڵسوكەوتەی لەگەڵ ئەحمەد ئۆزەر، دژی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان وەستاوەتەوە، كە توركیا ئەندامە تێیدا.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، هەدەپە توانیی زیاتر لە ١٠٠ شارەوانی لە باكووری كوردستان بباتەوە، بەڵام دوای چەند مانگێك، حكوومەت ٨٠ شارەوانیی هەدەپەی قەیوم كرد و لە شوێنی ئەوان كەسانی تری دانا، بە تۆمەتی ئەوەی سەرۆك‌شارەوانییەكانی هەدەپە، پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ پەكەكەدا هەیە.
ئەوكات جەهەپە، بێدەنگیی نواند و بە شەرمنانەوە ئیدانەی حكوومەتی كرد، ئەم بێهەڵوێستییەی جەهەپە، دەنگی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وابوو، ئەگەر جەهەپە بەرامبەر بە قەیومكردنی شارەوانییەكانی هەدەپە بێدەنگ بێت، رۆژێك شارەوانیی ئەوانیش قەیوم دەكرێت.
بەڵام دەم‌پارتی، بە توندی دژی قەیومكردنی شارەوانیی ئەسەنیورت وەستایەوە و دەڵێن، وەكوو دەم‌پارتی نایەڵێن ئیرادەی گەل ژێرپێ بخرێت.