جۆن بۆڵتن: ترەمپ دۆڕان قبووڵ ناکات

جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی لە ئیدارەی ئەمەریکا هۆشداری دا “دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا  ئەگەر دۆڕا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ ناکات.”

بۆڵتن لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند “ئەگەر کامالا هاریس لە هەڵبژاردنەکان سەربکەوێت، لەو باوەڕەدا نییە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ بکات.”

بۆڵتن ئاماژەی بەوەش کرد “پێموایە پێویستە هەمووان ئامادەبن، چونکە ترەمپ هەرگیز نادۆڕێت، ئەگەر دۆڕا ئەوا پۆستی سەرۆکایەتیی بە دزراو دەزانێت و کارەکە قورس دەبێت.”

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا “ڕەنگە ترەمپ، ئامادەکاری بۆ ئەوە بکات زوو سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا ڕابگەیەنێت.”

ترەمپ زیاتر لە جارێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، مانگی ڕابردووش لە وتارێکدا بانگەشەی کردبوو “لە ویلایەتە سەرەکییەکانی میشیگان، ویسکۆنسن و پێنسیلڤانیادا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.”