هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

بۆچی پەكەكە كۆمپانیای پیشەسازی فڕۆكەوانی توركیای كردە ئامانج

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بهێنرێتە پەرلەمانی توركیا و لە وتارێكدا داوای چەك دانانی پەكەكە بكات، ئایە پرسی كورد بەرەو كوێ دەچێت؟ بۆچی پەكەكە كۆمپانیای پیشەسازی فرۆكەوانی توركیای كردە ئامانج؟ ئایە ئەمجارەیان دیموكراتی بۆ توركیا دەبێتە كردار؟

وتارەكەی باخچەلی، یەك رۆژی بەسەردا تێپەڕ نەبوو، كە پەكەكە كۆمپانیای پیشەسازی فڕۆكەوانی توركیای كردە ئامانج و پێنج كەس كوژران و ٢٢ش برینداربوون. بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، پەكەكە بۆیە ئەو هێرشەی ئەنجامدا، تا پرسی چارەسەری لەناو ببات و بە توركیا بڵێت، لە قەندیل زیاتر كەسیتر نابێت ببێتە لایەنی دانوستاندن.
ئاڕۆن ستین، شارەزای سیاسەتی دەرەوە، پێیوایە پەكەكە بۆیە كۆمپانیای پیشەسازی فڕۆكەوانی توركیای كردووەتە ئامانج، چونكە ئەو شوێنە زۆر گرنگە بۆ توركیا و ساڵانە پارەیەكی زۆری لە دروستكردنی درۆن دەستدەكەوێت، بۆیە پەكەكە وەكوو بابەتێكی سومبولی ئەو شوێنەی كردووەتە ئامانج.
دوای ئەو هێرشە، توركیا چەندین شوێنی یەپەگە و پەكەكەی لە قەندیل و رۆژئاوای كوردستان كردە ئامانج، ئەمەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی یەپەگە، لە هەژماری خۆی لە (X)، نووسیویەتی توركیا بەشێوەیەكی زۆر ناحەقی ناوچەكەمانی كردووەتەوە ئامانج و ئەمە تاوانی جەنگە.
دەم پارتیش، بەهەمان شێوە دژی بۆردومانەكانی توركیا وەستایەوە و لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، كاتێك خەڵكی سڤیل دەكەیتە ئامانج لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە پێشلكاریت كردووە.
جیا لەوەی پرسی چارەسەری لەگۆڕێیە و باخچەلی بۆ خۆی داوای دەكات، چەند سەعاتێك بەر لە پەلامارەكەی پەكەكە، عومەر ئۆجەلان برازای ئۆجەلان، چووەتە لای ئۆجەلان و پەیامی ئەوی لەبارەی پرسی چارەسەری هێنا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە پەكەكە بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت پرسی چارەسەری نەیەتەوە بەرباس.
ئارۆن، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و پێیوایە، ئەم هێرشەی پەكەكە، بەر لەوەی باخچەلی داوا بكات ئۆجەلان لە پەرلەمانی توركیا وتار پێشكەش بكات، پلانی بۆ دارێژراوە.
زیاتر دەڵێت: ”بەدڵنیاییەوە ئەو هێرشانە، ئاستەنگ بۆ پرسی چارەسەری دروست دەكەن، هەروەها دەم پارتیش كە لایەنێكی ئەو پرسەیە، بەم هێرشە ئەویش لەسەر مێزی گفتوگۆ دووچاری چەندین كێشە و گرفت دەبێتەوە. ئۆجەلان ئیدی بەتەمەندا چووە، ئەو نایەوێت لە ئیمیڕاڵی بمرێت و دەیەوێت لەوێ بێتە دەرەوە و هەروەها چەكدارانی پەكەكەش لەو شاخە بهێنێتە خوارەوە، بەڵام ئایە پەكەكەییەكان كە ٤٠ ساڵە لەو شاخەن بەگوێی ئۆجەلان دەكەن؟“
دەبێت چی لەپشت ئەو گوتانەی باخچەلییەوە بێت، كاتێك داوا دەكات ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك بدات.
ئەوەی باس دەكرێت، ئاكەپە و مەهەپە، دەیانەوێت دەستوورێكی تازە بۆ توركیا بنووسنەوە، بۆ ئەمەشیان پێویستیان بەدەنگی كورد هەیە، بۆیە پرسی چارەسەری دەهێننەوە بەرباس و رەنگە ئۆجەلانیش ئازاد بكەن.
یەكێتی تریش لە هۆكارەكان، توركیا نایەوێت دووچاری شەڕێكی سەختی ناوەخۆیی ببێتەوە، چونكە ئەگەر شتێكی لەو بابەتە روو بدات، بارودۆخی ئاساییشی وڵات تێك دەچێت و دوور نییە، بەهارێكی توركی بەرۆكیان بگرێت و وڵات پارچە پارچە ببێت.
ئیسرائیل بووەتە مۆتەكەیەكی گەورە بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان و باخچەلی، ئەوان ترسیان هەیە، ئیسرائیل بۆ لەناوبردنیان، كورد بەكاربهێنێت و شەڕێكی ناوەخۆیی لە توركیا روو بدات، واتە لەبری ئەوەی بەچەك و فڕۆكە شەڕی توركیا بكات، ئەو شەڕە دەباتە ناوەخۆی وڵات.
بەگوێری ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ئەو پرسی چارەسەرییەی دەیانەوێت بیهێننەوە بەرباس، هەمان پرسی چارەسەری ٢٠١٣یە، چونكە داواكارییەكان وەكوو یەكتری وان، بەڵام ئەوكات بەهۆی ئەوەی هەردوو متمانەیان بەیەكتری نەبوو و بۆ داواكارییەكان داوای گرەنتییان دەكرد، پرسەكە لەبار بردرا. تاكە جیاوازی ئەم پرسە لەگەڵ یەكەم، مەهەپە و خودی دەوڵەت باخچەلی، پشتگیری دەكەن، لەكاتێكدا پرسی چارەسەری یەكەم، لەسەر داوای باخچەلی كۆتایی پێهات. بەگوێرەی بۆچوونی ئارۆن، بوونی پەكەكە لە توركیا و سووریا و ئێران و عێڕاق، دەبێتە هۆی ئەوەی پرسەكەیان ببێتە نێودەوڵەتی و داوای چارەسەركردنی بكرێت، توركیاش خۆی پێ ئەفەندی ناوچەكەیە، بۆیە نایەوێت پرسی كورد ببێتە نێودەوڵەتی و دەیەوێت بۆ خۆی چارەسەری بكات، بەڵام بوێری سیاسی پێویستە.
سینەم ئادار، لێكۆڵەری سیاسی، پێیوایە، هاوپەیمانیی كۆمار لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە، لەناوەخۆی و دەرەوەی توركیادا زۆر گۆشەگیر كراوە و فشاری زۆریان لەسەرە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانن هەناسەیەك هەڵمژن و لەسەر كورسی دەسەڵات بمێننەوە، پرسی چارەسەری كوردیان هێناوەتە بەرباس، چونكە بەبێ كورد ناتوانن لەسەر كورسی بمێننەوە.