رۆڵی ئۆجەلان و قەندیل لە پرسی چارەسەریدا

هەنگاوی پرسی چارەسەری بە خێرایی دەڕوات بەڕێوە، وەكوو ئەوەی لە میدیاكانی توركیاوە باسی لێوە دەكرێت، ئەمجارەیان حكوومەت رژدە لە چارەسەركردنی پرسی كورد، بەڵام بە شێوەیەكە هەردوولا قازانج و زەرەری تێدا بكەن.

چەند نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی باس لەوە دەكەن، مادام دەوڵەت باخچەلی هاتووەتە ناو پڕۆسەكەوە، كەواتە مەیلی جیدی هەیە بۆ نزیك بوونەوە لە كورد، بەڵام ئەمجارەیان لە بری ئەوەی پەكەكە بهێنرێتە ناو پڕۆسەكەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان و دەم پارتی دەهێنرێنە ناو پڕۆسەكەوە.
یاڵچن دۆغان، نووسەری دیاری توركیا، پێیوایە ئەمجارەیان فێڵ لە كورد دەكرێت، دەیانەوێت بۆ نووسینەوەی دەستووری تازە، دەنگی دەم پارتی بەدەست بهێنن، لە بەرامبەردا یان ئۆجەلان، یان سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێت.
رۆژنامەی (ئایدنلیك)ی توركی، لەسەر زاری ئیبراهیم خەلیل باران، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، ئەو مادانەی ئاشكرا دەكات، كە ئۆجەلان و حكوومەتی توركیا لەسەری رێك كەوتوون، بەڵام دەكرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت. ئەوەی ئەو باسی دەكات ٦٠ مادەیە، بەڵام چەند مادەیەكی دزەی كردووەتە میدیاكانەوە.

مادەكان ئەمانەی خوارەوەن:
1. لە نەورۆزی ٢٠٢٥، واتە ٢١ی٣ی عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێت.
2. قەدەغەی سیاسەتكردن لەسەر ئۆجەلان دادەنرێت.
3. پێویستە دەم پارتی، بیرۆكەی ئۆجەلان جێبەجێ بكات، كە ببێت بە پارتێكی توركیایی.
4. ئەگەر ئۆجەلان نەیویست لە شوێنێكی توركیا نیشتەجێ بێت، پێشنیاری بۆ دەكەن بچێتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ بێت.
5. لەناو پەكەكەدا ٨٨ كەسایەتی سزای قەدەغەكردنی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ دەكرێت و بۆیان نییە بگەڕێنەوە بۆ توركیا.
6. پێشنیار دەكرێت، لەناو ئەو رێژەیەدا ٣٤ كەسیان لەگەڵ ئۆجەلاندا لە هەولێر نیشتەجێ بن.
7. ئەوانی تر پێشنیاریان بۆ دەكرێت لە یۆنان یان نەرویجدا بژین.
8. ئەوانەی سزای توندیان بەسەردا سەپێنراوە، وەكوو سزای بەندكردنی هەتاهەتایی، سزاكەیان كەم بێتەوە بۆ ٢٠ ساڵ.
9. لە هەموو شارەوانییەكانی باكووری كوردستان، دوو زمان بە فەرمی دەناسرێت، توركی و كوردی.
10. شارەوانییەكان زۆر بەهێز دەكرێن.
11. هەموو پارتە كوردییەكان، لەناو پارتی ناوچەیی دیموكراتەكاندا كۆ دەكرێنەوە و وەكوو پارتی كورد بناسرێن.
12. پێویستە رۆژئاوا لەلایەن توركیاوە بناسرێت.
13. مەزڵووم عەبدی لە سەرۆكی پەیەدا لابدرێت و كەسێكی تر لە شوێنی دابنرێت.
14. پێویستە سوپای سووریای دیموكرات و سوپای سووریای ئازاد یەك بگرن و لەژێر دەسەڵاتی توركیادا بن، ئەگەر نەهاتنە ژێر باری ئەوەی لەگەڵ سوپای سووریای ئازاددا یەك بگرن، ئەوكات لە چوارچێوەی میساقی میللی، دەبێت پێكهاتەی ئەو هێزە بوونی هەبێت. ئەگەر ئەمەش رووی نەدا، ئەوكات دەبێت سوپای سووریای دیموكرات، لەگەڵ سوپای بەشار ئەسەد یەك بگرێت.
15. چاوەڕێیش دەكرێت، ئۆجەلان داوا بكات، پەكەكە بە تەواوی چەك دابنێت و وەكوو هێزێكی چەكداری كۆتاییی پێ بێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو مادانە، مەرج نییە هەمووی جێبەجێ بكرێت، بەڵكوو پێشنیار كراوە و گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، ئەوەی گرنگە، هەر مادەیەك، یان هەر پڕۆژە پێشنیارێكی تر هەبێت، لە پەرلەمانی توركیا دەکرێتە یاسا.