دەم پارتی رۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستووری تازەدا

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

هاوپەیمانیی (كۆماری)، بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هەوڵی جیدیدان تا دەستوورێكی تازە بۆ توركیا بنووسنەوە، ئەوان پێیان وایە دەستووری ئێستای توركیا، دەستوورێكە لەژێر فشاری كودەتاچییەكانی 1980 نووسراوە، بۆیە لەوكاتەوە توركیا باجی ئەو دەستوورە دەدات. ئەوەی گرنگە، كورد لە توركیا چۆن خۆی بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی تازە ئامادە كردووە؟ ئایە كورد دەخرێتە پەڕاوێزەوە یان گرنگیی پێ دەدرێت.

لە دەستووری 1921ی توركیادا، زۆر بە روونی باس لە مافی كورد كراوە، ئەویش لە مادەی 11 تا 21، لەوێدا تەنانەت رێگە بە كورد دراوە، خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵام دوای ئەوەی رێككەوتنی لۆزان سەری گرت و كورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كرا، ئیدی دەستوور گۆڕانی بەسەردا هات و كورد نەك ناوی نەهێنرا، بەڵكوو وەكوو توركێك مامەڵەی لەگەڵدا كراوە. ئەگەرچی لە رێككەوتنی لۆزانیشدا كراوتە مەرج كە دەبێت لە توركیا كورد مافی پارێزراو بێت و دان بە زمانەكەیدا بنرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا و تاوەكوو ئێستاش چەند مێژوونووسێكی توركیا، دان بەوەدا دەنێن كە لە لۆزاندا دان بە زمانی كوردیدا نراوە و توركیا ئەو مادەیەی پێشێل كردووە.
هاوپەیمانییەتەكەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، لەناو پەرلەمانی توركیا زۆرینەیە، ئەو زۆرینەیەش بەدەنگی مەهەپەی هاوپەیمانییەتیی و هەردوو لاش كۆكن لەسەر ئەوەی دەستووری توركیا بگۆردرێت و هەنگاوی گەورەی بۆ نراوە، تەنانەت ئەردۆغان گوتی ”لەدەرگای هەموو پارتەكان دەدەین“.
ئەوەی گرنگە ئەمجارەیان لە دەستووری توركیادا، كورد دان بە زمان و نەتەوەیدا بنرێت، بێگومان ئەمەش دەكەوێتە سەر دەم پارتی، كە ئاخۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە گرنگەدا دەكات.
ئاشكرایە دەم پارتی خاوەنی 62كورسی پەرلەمانە، قورسایی ئەو پارتە لە باكووری كوردستان و ئیستانبۆڵە، واتە 90%ی دەنگدەری ئەو پارتە كوردن، بۆیە لەكاتی نووسینەوەی دەستووردا رۆڵی دەم پارتی زۆر گرنگە، دەبێت بۆ بەرژەوەندی كورد سازش لە زۆر شت بكات.

ئەردۆغان مەبەستی چییە لە گۆڕینی دەستوور؟
دەستووری توركیا، هەمیشە ماڵوێرانی بۆ كورد بەدوای خۆیدا هێناوە، هەربۆ نموونە زمانی كوردی دانی پێدا نەنراوە، كورد وەكوو نەتەوە ناوی نەهێنراوە و لە دەستووردا نووسراوە لە توركیا یەك نەتەوە هەیە، ئەویش نەتەوەی توركە، لێرەوەیە كە كوشتن و كۆمەڵكووژی كورد بەردەوام لە توركیادا بوونی هەبووە.
نووسەرانی توركیا، ئەوانەی بڕوایان بە مافی كورد هەیە، داننەنان بە مافی كورد لە دەستووری توركیادا، بە گەورەترین كێشە دەزانن و هەروەها بە گەورەترین بەربەستی دەزانن بۆ چارەسەرنەكرندی پرسی كورد.
كەواتە هەموو كوردێك لە باكووری كوردستان كۆكن لەسەر ئەوەی، دەستووری توركیا بۆ توركەكانە، جا ئەگەر توركەكان بۆ خۆیان بە دەستوورێكی خراپی بزانن، ئەی دەبێت كورد چی ئازار و مەینەتییەكی بەدەست ئەو دەستوورەوە هەبێت.
یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی گۆڕینی دەستوور بەلای ئەردۆغان، مانەوەیەتی لە پۆستی سەرۆكایەتیی بۆ دوو خولی تر، ئاشكرایە بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەر كەسێك بۆی هەیە دووجار سەركۆماری توركیا بێت، ئەردۆغان لە سیستەمی سەرۆكایەتییدا دووەمجارە ببێتە سەركۆمار، بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆی نییە خۆی بەربژێر بكاتەوە، ئەردۆغان دەیەوێت دەستوور لەبەرژەوەندی مانەوەی خۆی بگۆڕێت.
بەڵام ئەمە بۆ كورد گرنگ نییە، مانەوەی ئەردۆغان و نەمانی ئەو گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە كورد دەچێتە كوێی ئەو دەستوورە تازەیە؟ دەبێت دەم پارتی پاڵپشتی لە دەستووری تازە بكات، بەو مەرجەی مافی كوردی تێدا مسۆگەر بكرێت، نموونە خوێندن بە زمانی كوردی و هەروەها لەدەستووردا دان بە زمانی كوردی بنرێت و دانیش بەوە بنرێت كە لە توركیادا دوو نەتەوە بوونی هەیە، ئەویش كورد و توركە.
چارەسەركردنی پرسی كورد، هەنگاو بە هەنگاوە، ئەگەر زمان و نەژادی كورد قبوڵ نەكرێت لە دەستووری توركیادا، چارەسەركردنی پرسی كورد ئەستەم دەبێت، داننان بە زمان و نەژادی كورد لە توركیا، هەنگاوێكی گرنگە كە دەرگا بۆ هەنگاوی گەورەتر دەكاتەوە.

كورد نابێت هەڵەی 2017 دووبارە بكاتەوە
لە 2017 ئەردۆغان، ویستی سیستەمی سیاسی لە توركیا بۆ سەرۆكایەتیی بگۆڕێت، یەكەم پارتیش كە ئومێدی پێی بوو هەدەپە بوو، بەوەی پشتگیری دەكەن، ئەویش لەبەرامبەردا داواكاری هەدەپە جێبەجێ دەكات، تەنانەت عەبدوڵا ئۆجەلانیش پێی باش بووە كورد پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتیی بكات. بەڵام هەدەپە، زۆر بەتوندی دژی ئەردۆغان وەستایەوە و گوتی ئێمە تاكڕەوی لە توركیا قبوڵ ناكەین، ئەردۆغانیش رووی لە مەهەپە كرد، مەهەپەش بەدوای هەلێكدا دەگەڕا تا لە ئەردۆغان نزیك ببێتەوە بۆ دژایەتی كردنی پرسی كورد، بۆیە بەهەموو هێز و توانایەوە پشتگیری لە ئەردۆغان و گۆڕینی سیستەم كرد.
ئەردۆغان، وەكوو تۆڵەیەك بۆ هەدەپە، فشارێكی سیاسی زۆر توندی خستە سەر هەدەپە و دەیان سەركردە و سەرۆك شارەوانیی ئەو پارتەی بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەن خستە زیندانەوە، ئەنجام سیستەم گۆڕا و كوردیش هیچی دەستنەكەوت.
ئەردۆغان، زۆر پێویستی بە دەنگی دەم پارتییە لەناو پەرلەمانی توركیا، تا بتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگی میللەت، دەستووری توركیا بگۆڕن، ئەگەر ئەمجارەیان كورد زیرەكانە مامەڵە نەكات و بچێتە باوەشی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، باجەكەی زۆر قورس دەبێت و چارەسەركردنی پرسی كورد، تا ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات بێت دەبێتە مێژوو.
دەنگۆ هەیە، ئاكەپە و مەهەپە، رێگە خۆش بكەن تا عەبدوڵا ئۆجەلان، یان سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێت، لە بەرامبەردا دەم پارتیش پشتگیرییان بكات لە دەستووری تازەدا، بەڵام شڕۆڤەكاران پێیانوایە پرسی كورد ئازادكردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش نییە، پرسی كورد زۆر لەوە گەورەترە، پەیوەستە بەمانەوەی نەتەوەی كورد و داننان بە زمان و نەتەوە و ستاتۆی كورد لە باكووری كوردستان.