ئەمەریکا.. ژمارەی قوربانیانی زریانی هێلین گەیشتە 600 کەس

ڕاوێژکاری ئاسایشی ناوخۆ لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، ژمارەی مردوان بەهۆی زریانی ‘هێلین’ کە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکای گرتووەتەوە، گەیشتووەتە 600 کەس، 

ئیلیزابیس شیروود ڕانداڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی ناوخۆ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند “ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی زریانی هێلینەوە گیانیان سپاردووە، گەیشتووەتە 600 کەس، کە هیچیان لەبارەوە نازانرێت”.

پێش لێدوانی ئەو ڕاوێژکارە، ژمارەی تۆمارکراوی مردوان ئەو زریانە 100 کەس بووە، تاوەکوو ئێستەش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانییەکاندا.

لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، 37 کەس گیانیان سپاردووە، 30 کەسیان تەنیا لە ناوچەی بانکۆمب بوون.

بەپێی دوایین ئامار، لانیکەم 25 کەس لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، 17 کەس لە جۆرجیا، 11 کەس لە فلۆریدا، دوو کەس لە تێنسی و کەسێک لە ڤێرجینیا گیانیان سپاردووە.

زریانی ‘هێلین’ بە خێرایی 225 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو گەیشتە باکووری ڕۆژئاوای فلۆریدا و پاشان ئاراستەکەی بەرەو باکوور گۆڕی و وێرانکارییەکی گەورەی بە ناوچەکە گەیاند.

جۆو بایدن، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو گوتی: زۆر دڵتەنگم بە مردنی خەڵک و ئەو وێرانکاریانەی بەهۆی زریانی هێلینەوە ڕووی داوە، ئاماژەی بەوەش کرد، بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانە کاتێکی زۆر دەخایەنێت.

ھەواڵی زیاتر