نیپاڵ.. بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی نیپاڵ بڵاوی کردەوە، دوای وەرزە بارانی بەخوڕ، گەڕەکە نزمەکانی شاری کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ ژێرئاوکەوتوون، کە بەهۆیەوە لانیکەم 100 کەس گیانیان سپاردووە.

کارەساتەکانی پەیوەست بە باران، لە باشووری ئاسیا لە وەرزی گەرمادا لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول باون، بەڵام شارەزایان دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی ئەوەی دۆخەکە زیاتر سەخت بێت.

لە ڕۆژی هەینیەوە ناوچە بەرفراوانەکانی نیپاڵ ژێرئاو کەوتوون، ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، هۆشداری بدەن لە ئەگەری ڕوودانی لافاوێکی خێرا لە زۆرێک لە ڕووبارەکاندا.

دان بەهادور کارکی، گوتەبێژی پۆلیسی کاتماندۆ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند “ژمارەی ئەوانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان سپاردووە بۆ 101 کەس بەرزبووەتەوە، 64 کەسیش بێسەروشوێنن”.

گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، “پێدەچێت ژمارەی مردوان بەرزببێتەوە”. هەروەها ماڵەکانی نزیک لە ڕووبارەکانی دەوروبەری کاتماندۆ هەموویان نوقم بوون.

باسانتا ئەدیکاری، گوتەبێژی دەستەی نیشتمانی کەمکردنەوە و بەڕێوەبردنی مەترسی کارەساتەکان، ڕایگەیاند “دەسەڵاتداران کار بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو فریاگوزارییان پێبگەیەنرێت”.

دەسەڵاتداران زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی ئەمنییان بڵاوکردووەتەوە بۆ هاوکاریی و  ڕزگارکردنی قوربانییان  بە هێلیکۆپتەر و بەلەم.

ھەواڵی زیاتر