ئیسرائیل دزەی کردە ناو شەپۆلی پەیوەندییەکانی تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی بەیرووت

عەلی حەمییە، وەزیری کاروباری گشتیی ڕایگەیاند “سوپای ئیسرائیل توانیویەتی دزە بکاتە ناو شەپۆلی پەیوەندییەکانی تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی بەیرووت و هۆشداری داوەتە فڕۆکەیەکی مەدەنی ئێرانی و پێی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بێتوو ڕێڕەوی خۆی نەگۆڕێت و لە فڕۆکەخانەی بەیرووت نزیک بێتەوە، ئەوا لەناوی دەبات”.

حەمیە گوتی: بەهۆی هاتنی ئیسرائیل بۆ ناو شەپۆلی پەیوەندییەکانی تاوەری فڕۆکەخانەی بەیرووت، فڕۆکەکە نەیتوانی بنیشتێتەوە.

ناوبراو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند “ئیسرائیل دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەوانیی لوبنانی ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر هەر فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی بەیروت بنیشێتەوە، ‘هێز’ بەرانبەری بەکار دەهێنێت.

لای خۆیەوە ماڵپەڕی “فلایت ڕادار” ئاماژەی بەوە کرد، ئەو فڕۆکەیەی کە سوپای ئیسرائیل هۆشداریی پێداوە، هی کۆمپانیای “هێڵی ئاسمانی کاشم” بووە و گوایە پێشتر چەکی لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵلا هێناوە.

ئەوەش لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکان دێت، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای، ڕاگەیاند.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حیزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد؛ ئامانج لە هێرشەکە کوشتنی نەسروڵلا بوو. هەر چەندە مێدیاکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە کوژرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلایان ڕاگەیاند، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بە فەرمی  ڕایان نەگەیاندبوو.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.
 

ھەواڵی زیاتر