کاریگەریی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا لەسەر نرخی نەوت

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان، ناسەقامگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بوون و شارەزایانیش بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی کاریگەریی ئەو ڕووداوە لەسەر نرخی نەوت هەیە.

لە ماوەی ڕابردوودا هەر کاتێک ئاڵۆزی و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکشابن، نرخی نەوتی خاویش بەرز بووەتەوە؛ ئەمە لەبەر ئەوەی، بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمهێنەری نەوتن.

چونکە ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا لە کاتێکدا بوو کە بازاڕە داراییەکانی جیهان داخرابوون، بۆیە تا ئێستا ڕوون نییە ئەو ڕووداوە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەبێت یان نا.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لوبنان یەکێک نییە لە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، بۆیە ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوت نابێت”.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد “ئەگەر لێکەوتەی ڕووداوەکە بگوازرێتەوە بۆ عێراق و ئێران، ئەو کات کاریگەرییەکەی لەسەر نرخی نەوت دەردەکەوێت، چونکە ئەو دوو وڵاتە بەرهەمهێنەری نەوتن”.

لە ماوەی ڕابردوودا، هەر کات حووسییەکانی یەمەن چالاکییەکی سەربازییان هەبووبێت، کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبووە، بەهۆی ئەوەی گەرووی بابولمەندەب لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە کە ڕێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

لەو بارەیەوە هەمزە جەواهیری، شارەزای بازاڕی وزە ئاماژە بەوە دەکات “لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بازاڕی وزە و بەتایبەتی نرخی نەوت لە ژێر کاریگەریی ڕووداوە سیاسییەکاندا بووە نەک فاکتەرە ئابووریی و داراییەکان”.

ھەواڵی زیاتر