وەكو كورد خەبات بۆ سەربەخۆیی دەكەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەمریكا بڕیاری دا، سوپای رزگاری بەلووچستان پڕ چەك بكات، تا بتوانن بەردەوام بن لە بەرگری و خەبات بۆ سەربەخۆیی خاكەكەیان بكەن.

گەلی بەلووچ، لە نێوان ئەفغانستان و ئێران و پاكستاندا بوونیان هەیە، ئەوان ساڵانێكە خەبات بۆ سەربەخۆیی دەكەن و توانیویانە بەرگرییەكی سەخت بكەن، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هیچ شێوەیەك پشتگیری نەكردوون.
ئەوان ئیمكانییەتێكی زۆریان نییە، لە ڕووی سەربازییەوە توانایان سنووردارە، بۆیە بەردەوام دووچاری كوشتن و لەناوبردن بوونەتەوە، بەڵام بەرگییەكی مەردانەیان كردووە.
بە هۆی ئەوەی قەدەری ئەو نەتەوەیە لە كورد نزیكە و بۆچوونێكیش لەلای نووسەران هەیە، كە خزمایەتییەكی زۆریان لەگەڵ كورددا هەیە، بۆیە گرنگە، لەبارەی ئەو نەتەوەیەوە زانیاری بزانین و پشتگیرییان بین.
وەكو ئەوەی باسمان كرد، خاكەكەی كەوتووەتە نێوان ئێران و پاكستان و ئەفغانستان، بەشە زۆرەكەی لە پاكستانە، تەنانەت لە رۆژئاوای پاكستان، ولایەتێك بەناوی بەلوجستان بوونی هەیە، كە ژمارەیان ٧ ملیۆن كەسە.
زمانی ئەو نەتەوەیە لە زۆرێك لە وڵاتان قسەی پێدەكرێت وەكو (ئێران، پاكستان، ئەفغانستان، هیندستان، توركمانستان و تاجاكستان). وەكو ئەوەی ئاژانسی (دیواری) توركی باسی دەكات، بەلوچییەكان، كورد و ئێرانین، واتە بەشێكیان وەكو كورد خۆیان دەناسێنن و بەشێكیش ئێرانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی لێكۆڵینەوەی ورد لەبارەیانەوە نەكراوە، بۆیە زانیاری لەبارەیانەوە زۆر زۆر كەمە.
بەشە كەمەكەی كەوتووەتە خاكی ئەفغانستان كە زیاترن لە ٥٠٠ هەزار، هەروەها زیاتر لە ٢ ملیۆنیشی لە ئێرانە و ٧ ملیۆنیش لە پاكستان. هەروەها بەلووچیەكان لە دیاسپۆراشدا بوونیان هەیە وەكو (نەرویژ، سوید، فینلەندا، دانیمارك و ئینگلتەرا).
بەلووچەكان و بناغەیان
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی نووسەر (M.Naaem) بڵاوی كردووەتەوە، یەكەمجار ناوی (ماكا) بووە، پاشان بووە بە مەیكیا، هەروەها ئەوان رەگەزیان بۆ ئاری دەگەڕێتەوە و سەرەتاش لە هیندستان بوونیان هەبووە.
بەلووچەكان، لە ئیمپڕاتۆری ئیسكەندەر و سەردەمی پادشای سێلێوكۆس و ئیمپڕاتڕی ساسانیەكاندا، پارچەیەك بوونە لێیان و لەسەردەمی فەتحی ئیسلامدا، ئەوانە بوونە بە موسڵمان و بەیعەتیان بە ئیمامی عومەر داوە.
ولایەتی بێلوجستان لە پاكستان
ئەو جوگرافیایەی ئەوان تێدا دەژین لە پاكستان، نزیكە لە ئەفغانستان، بۆیە تۆمەتبار دەكرێن بەوەی ئیسلامییەكی رادیكاڵن و پاكستانیش بەوە تۆمەتباریان دەكات كە پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ تاڵیباندا هەیە.
ئەوان زۆر گرنگی بە عەشیرەت و تیرەكانیان دەدەن، بۆیە كاتێك پاكستان سەربەخۆیی وەرگرت، ئەوان نەیانتوانی بەتەبایی لەگەڵ پاكستاندا بژین، بۆیە شەڕی گەریلاییان دژی پاكستان دەستپێكرد و دووچاری كوشتن و زۆر ستەمی هێزی پاكستان بوونەوە.
بەلووچەكان، لەبنەڕەتدا ئیسلامی رادیكال نین، ئەوان بڕوایان بەمافی ئافرەت و چەپەكان هەیە، بەڵام لە لایەن ئێران و پاكستانەوە تۆمەتی ناڕەوایان دەدرێتە پاڵ، تا بەمافی سەربەخۆیی خۆیان نەگەن.
ئەوان لە ئێران و لە پاكستان، لەڕووی سامانی سروشتییەوە زۆر دەوڵەمەندن و خاوەنی نەوتێكی زۆرن، بەڵام لەلایەن ئێران و پاكستانەوە خاكەكەیان داگیر كراوە و نایەڵن سوودی لێ ببینن، بۆیە پشتگیری ئەمریكا بۆ ئەوان گرنگییەكی بێوێنەی هەیە.
وەكو چۆن ئێران و عێراق و توركیا و سووریا، بە هەموو شێوەیەك كورد وەكو نەتەوە رەتدەكەنەوە و دان بە زمان و خاكەكەیدا نانێن و داگیریان كردووە، بەلووچەكانیش لەلایەن ئێران و پاكستانەوە بەردەوام شاربەدەر و ستەمیان لێ دەكرێت. بەنگلادیشییەكان، توانییان لە پاكستان جیا ببنەوە و وڵاتی خۆیان هەبێت، بەڵام ئەو خەونەی بەلووچەكان نەهاتووەتە دی.
لە سەردەمی داگیركاریی ئینگلیز لە هیندستان، بەلووچەكان خاوەنی ئۆتۆنۆمی بوون، بەڵام دوای ئەوەی پاكستان سەربەخۆیی وەرگرت، بەلووچستان درایە پاكستان، بەڵام ئەوان لە خەبات بەردەوام بوون، بۆیە لە ١٩٤٧، میر ئەحمەد یارخانی سەرۆك عەشیرەت، رەتی كردەوە بكەونە ژێر داگیركاری پاكستان، بەڵام ئەوكات گەلی بەلووچ پشتگیری میر ئەحمەدیان نەكرد.
قەدەری بەلووچی لە كورد نزیكە، ئەوان ١٠٠ ساڵە خەبات بۆ سەربەخۆیی دەكەن و پێی نەگەیشتوون، كوردیش بە هەمان شێوەیە، بەڵام بەنگلادیش هێزی مەعنەوی زۆری بەوان داوە كە بەردەوام بن لە بەرگری، چونكە بەنگلادیش بە دامەزراندنی سوپای رزگاریی بەنگلادیش، توانییان ببنە دەوڵەت و لە پاكستان جیا ببنەوە، هەرچی سوپای رزگاریی بەلووچە، تاوەكو ئێستا هەر خەبات و بەرگری دەكەن و نەگەیشتوون بە سەربەخۆیی.

ھەواڵی زیاتر