ئۆپۆزسیۆنی توركیا و لێدانی زەنگی هەڵبژاردنی پێشوەختە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئۆپۆزسیۆنی توركیا، زەنگی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە توركیا ژەنیوە و داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكات، پەلە بكات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا (جەهەپە)، داوا لە ئەردۆغان دەكات، بڕیار بدات تا لە مانگی ١١ی ٢٠٢٥، توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە ئیدی میللەت بەرگەی ئەو قەیرانە سەختەی دارایی ناگرێت.
ئۆزەل، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیدا، ئەگەر ئەردۆغان دەیەوێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێری سەرۆكایەتی، پێویستە توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە بەبێ هەڵبژاردنی پێشوەختە، ناتوانێت خۆی بەربژێر بكاتەوە.
بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێر، دەبێت لەناو پەرلەمانی توركیا لە كۆی ٦٠٠ كورسی پەرلەمان، ٣٦٠یان بەبەڵێ دەنگی بۆ بدەن، كە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە، ناگاتە ئەو ئاستە، بۆیە ئۆزەل، دەڵێت دوایی لە دەرگامان نەدات تا لە پەرلەمان پشتگیری بكەین بۆ ئەوەی جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
بەڵام ئەگەر توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئەوكات بەبێ دەنگی پەرلەمان، دەتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە.
ئەگەر لە توركیا هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئاسایی و لە كاتی خۆیدا بكرێت، لە مانگی ١١ی ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن داوا دەكات، لە ٢٠٢٥ ئەنجام بدرێت و بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
ئاكەپە و ئەردۆغان، هیچ لێدوانێكیان لەبارەی ئەو داوایەی ئۆزەل نەداوە، تەنیا لە رێگەی چەند میدیایەكی خۆیان، دەڵێن توركیا ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا جەهەپە، بۆ یەكەمجاربوو دوای ٢٢ ساڵ ببێتە پارتی یەكەم و پێش ئاكەپە كەوت، بۆیە ئەو سەركەوتنە رێگەی بۆ خۆش كردوون تا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن.
بە گوێرەی گوتەی شرۆڤەكارانی سیاسی، جەهەپە دەیەوێت قەیرانە داراییەکەی توركیا بقۆزێتەوە و وەكوو كارتێكی فشار دژی دەسەڵات بەكاری بهێنێت و لەو رێگەیەوە و لەسەر سندوقی دەنگدان، دەسەڵات بگرنە دەست، بۆیە داوا دەكەن بەپەلە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
بە گوێرەی ئەنجامی ئەو راپرسیانە بێت كە لە توركیا ئەنجام دەدرێت، ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئاكەپە و ئەردۆغان، دووچاری شكست دەبنەوە، چونكە گەلی توركیا زۆر نیگەرانە لەو قەیرانە داراییە و برسیەتی رووی لە وڵات كردووە.
ئەوەی پلانی ئەردۆغان و پارتەكەیەتی، لە ماوەی ٢ ساڵی داهاتوودا، رەوشی ئابووری باش بكەن، هەروەها بەهای لیرەی توركیا بەرامبەر بە دۆلار بەرز بكەنەوە، ئەوكات توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، واتە لە ٢٠٢٧.
دەم پارتی، كە سێیەم پارتی هەرە گەورەی ناو پەرلەمانی توركیایە و خاوەنی ٦٢ كورسییە لە پەرلەماندا، دەڵێن ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و داوا دەكەن، پەلە بكرێت لەوەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە ئەوانیش پێیان وایە قەیرانی دارایی و هەروەها ئەو فشارەی لەسەر كورد هەیە، پێویست دەكات هەڵبژاردن بكرێت، تا بتوانن ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بگۆڕن و ئومێدیان بە چاكبوونی رەوشی ئابووری هەیە لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆن.