زۆرترین دەنگدەری كوردی لێیە

كارزان گلی – هه‌ولێر

زۆرجار باس لەوە دەكرێت، ئامەد قەڵای هەدەپە بووە لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا دەم پارتی (هەدەپەی جاران) زۆرینەی كورسییەكانی ئامەدی بردووە، بەڵام قەڵا گەورەكەی كورد و هەدەپە ئیستانبۆڵە و هەدەپە رێژەی كورسییەكانی لە ئیستانبۆڵ لە ترۆپكدایە.

ئیسماعیل بێشكچی، نووسەری گەورەی توركیا و دۆستی كورد، لە سەروبەندی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كوردستانیبوونی كەركووكەوە پرسیاریان لێی كرد و گوتی: ”ئاساییە كەركووك، توركمان و عەرەبیشی لێ هەیە، بەڵام دیموگرافیای كەركووك كوردستانییە. ئیستانبۆڵ لە ڕووی دیموگرافیاوە سەر بە توركیایە، بەڵام كوردێکی زۆریش لەو شارەدا دەژین، ئایا دەكرێت كورد بڵێت ئیستانبۆڵ شارێكی كوردییە؟“
كەواتە ئەوە روون بووەتەوە، كە رێژەی دانیشتوانی كورد لە ئیستانبۆڵ، لە هەموو شارەكانی باكووری كوردستان زیاترە، بۆیە هەمیشە رێژەی كورسییەكانی هەدەپە لەو شارەدا بەرزە و خاوەن پێگەیەكی گرنگە.
ئیستانبۆڵ، لە كۆی 600 كورسی پەرلەمانی توركیا، 98 كورسیی هەیە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، هەدەپە توانی 12 كورسی پەرلەمان بباتەوە، دەنگەكانی ١ملیۆن و 195هەزار و 602 دەنگ بوو.
بەڵام بۆ هەڵبژاردنی 14 ئایاری 2023، دەم پارتی ٨ كورسی لە كۆی ٩٨ كورسیی ئەو شارە بەدەست هێنا، هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانیشی پەرتەوازەیی دەنگی ئەو پارتە بوو لەو شارە.
پێگەی هەدەپە لە ئیستانبۆڵ، بەردەوام گرنگ بووە و بۆ گۆڕینی باڵانسی هێزیش رۆڵی سەرەكی هەبووە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2019، هەدەپە، بۆ سەرۆكی شارەوانیی هیچ بەربژێرێكی نەبوو، ئەوان پشتگیرییان لە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت كرد، كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئیمامئۆغڵو، بتوانێت بەسەر بیناڵی یڵدرمدا سەركەوێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە هەدەپە، هێزێكە دەتوانێت باڵانسی هێز لە توركیا بگۆڕێت، وەكچۆن توانیی ئەو باڵانسە لە ئیستانبۆڵ لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆندا بگۆڕێت.
ئەگەر سەیری وتارێكی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە بكەین دەڵێت: ”وەكچۆن لە 31_3_2019، توانیمان لە ئیستانبۆڵ شكست بە ئاكەپە بهێنین، لە 14 ئایاریش هەمان سیناریۆ دوبارە دەكەینەوە“ رێك وا بوو و توانیان دیسان شكست بە بەربژێری ئاكەپە بهێنن.
دەم پارتی، قورساییەكی زۆری لە ئیستانبۆڵ هەیە، بەڵام دەنگدەری دەم پارتی لێی نیگەرانە، چونكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ١٤ی ئایار، دەم پارتی، بەبێ هیچ مەرجێك پشتگیری لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد، ئەمەش بنكە جەماوەرییەکەی دەم پارتیی نیگەران كرد، بۆیە دەم پارتی، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەو نیگەرانییە بڕەوێنێتەوە و ستراتیژییەتی خۆی بەرامبەر بە ئیستانبۆڵ بگۆڕێت و ژمارەی كورسییەكانی بۆ ١٥ كورسی لە كۆی ٩٨ بەرز بكاتەوە.