حەفتا و نۆ ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی تێپەڕی

ئەمڕۆ دووشەممە دووی ئەیلوول ڕێک حەفتا و نۆ ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی دووەم گەورەترین جەنگی جیهانی تێدەپەرێت کە بۆ ماوەی شەش ساڵ لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و لە باشوورەوە بۆ باکوری زەوی، سوپای بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد، جەنگێک کە بووە هۆی کوژرانی دەیان ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی دەیان ملیۆنی دیکە و کۆتاییهاتنەکەی بووە هۆی ئەوەی سیستمێکی نوێی جیهانی بۆ ماوەی چەندین دەیە حوکم بکات و جیهان بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بکات هەرچەندە بۆ کوردیش ڕووداوی شیرین و تاڵی تێدابوو.

جەنگەکە لە یەکی ئەیلوولی ساڵی ١٩٣٩ی زاینی دەستی پێ کرد و لە دووی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٥ کۆتایی هات. تەواوی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە بەسەر دوو بەرەی جەنگدا دابەش بوون کە لایەنێکیان بە بەرەی هاوپەیمان و بەرەی دووەمیان بە بەرەی میحوەر ناسراوبوون، جەنگێک بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا فڕۆکە و هێزی ئاسمانی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە سەرکەوتن و یەکلاکردنەوەی جەنگەکەدا هەبوو.
ئاماری جیاواز لەبارەی کوژراوان و قوربانییانی ئەو جەنگە بڵاو دەکرێتەوە بەڵام زۆرترین ژمارە کە ئاماژەی پێ کرابێت باس لە کوژرانی نزیکەی هەشتا ملیۆن کەس دەکرێ کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی و سڤیل بوون، لەو جەنگەدا جینۆساید ڕووی دا لەسەر دەستی نازییەکان شەش ملیۆن جوو لەناوبران، لەسەر دەستی ئەمەریکا چەکی ئەتومی بەکار هێنرا و خەڵک کۆمەڵکوژ کران و لە چەندین شوێن برسێتی و قڕی و بڵاوبوونەوەی دەیان جۆر نەخۆشیی هێندەی دیکە دۆخی جیهانی شپرزە کرد.
ئەڵمانیا و نەمسا و ژاپۆن گرنگترین هاوپەیمانی ئەو جەنگە بوون کە دواجار بە شکستی هەر سێ وڵات کۆتایی بە جەنگەکە هات و دادگای نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ڕێبەرانی ئەو وڵاتانە دامەزرێنرا.

جەنگەکە لە سەرەتای ئەیلوولی ١٩٣٩ بە هێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر پۆڵەندا دەستی پێ کرد و دواتر فەڕەنسا و بەریتانیا جەنگیان لە دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند.
لە ساڵانی یەکەمی دەستپێکردنی جەنگەکە ئەڵمانییەکان زۆر بەهێز بوون و توانیان تا نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٤١ بەهۆی کۆمەڵێک هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەشێکی بەرچاو لە خاکی ئەوروپا کۆنترۆڵ بکات. دواتر هێرشەکانی ژاپۆن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا وای کرد ئەمەریکاش بێتە ناو جەنگەوە و جگە لەمە پێشڕەوییەکانی ئەڵمانیا بەرەو ڕۆژهەڵات وای کرد ڕووسیاش بێتە ناو شەڕەکە و بە گشتی لە کۆمەڵێک بەرەی جیاواز جەنگ دەکرا و ئاگری جەنگ بە تەواوی جیهاندا بڵاو بوویەوە.
لە ساڵی ١٩٤٤ بەو لاوە بەرەی هاوپەیمانان دژی ژاپۆن و و ئەڵمانیا بەهێزتر بوون و لە چەندین بەرە شکستیان پێ هێنان و پاشەکشەیان بە هێزەکانیان کرد و فڕەنسا کە بەشێکی بەرچاوی داگیر کرابوو ڕزگار کرا.
جەنگەکە زووتر لە ئەوروپا و لە هەشتی ئایاری ساڵی ١٩٤٥ کۆتایی هات و کۆتایی بە دەسەڵاتی نازییەکان هێنرا و دوای ئەوەی ئادۆلف هیتلەر ڕێبەری ئەوکاتی ئەڵمانیای نازی بەدیل گیرا و کەوتە دستی هاوپەیمانان، لە گرتووخانە خۆی کوشت.
تەنیا ژاپۆن لە گۆڕەپانەکەدا مابوو و پێشنیاری پێ کرا خۆی ڕادەست بکات و شکستهێنان لە جەنگ قبوڵ بکات، بەڵام قبوڵی نەکرد و جەنگێکی سەخت درێژەی پێ درا کە زیاتر ئەمەریکا ڕۆڵی تێدا هەبوو و داجار ئەمەریکا بۆ ئەوەی شکست بە ژاپۆن بهێنێت بۆ یەکەم جار لە مێژوودا چەکی ئەتومی بەکار هێنا و لە شەش تا نۆی ئابی ساڵی ١٩٤٥ هەر یەک لە شارەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی بۆردمان کرد کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ١٥ی ئابی هەمان ساڵ ژاپۆن شکستی قبوڵ کرد و خۆی ڕادەست کرد.
جەنگەکە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێوەندی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد هەبوو و بووە هۆی ئەوەی یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەشێک لە خاکی کوردستانی داگیر کردبوو ئەوەندە لاواز بێت دەسەڵاتی بەسەر هیچ ناوچەیەکی خۆیدا نەشکێتەوە.
ڕەزا شای پەهلەوی کە ئەو کات پاشای ئێران بوو ڕقی لە دیموکراسی و هەر جۆرە پەرەسەندنێکی مافی مرۆڤ دەبوویەوە کە ئاکامەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ زۆر لە نەتەوەکان بەدی هێنابوو و زیاتر هاوسۆزی ئەڵمانیا بوو و پێی وابوو ئەڵمانیا لەو جەنگەدا سەردەکەوێت هەر چەندە بە پراکتیک نەچووبووە هیچ لایەنێکی جەنگەکەوە.
لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ١٩٤١ەوە هێزی سوپای یەکێتی سۆڤیەت لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە و سوپای بەریتانیا لە باشوورەوە سنووری ئێرانەوە هێرشی سەختی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییان کردە سەر ئێران. لە یەکەمین هێرشی هێزەکانی بەریتانیا و سۆڤیەت بۆ ئێران سوپای ئێران دەستەوەستان بوون، هەندێک لە ئەفسەرەکانیان کوژران و چەندین کەشتی نوقم بوون، شاری ئەهوازیش بەسەختی بۆردمان کرا. ڕەزا شا که ترسا بوو تەواوی مەرجەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی قبوڵ کرد.
هەر لە کۆتایی هاوینی ١٩٤١ڕەزا شا بە نا بەدڵی دەستی لە پاشایەتی هەڵگرت و دواتر محەمەد ڕەزای کوڕییان لە جێگەی ئەو دانا و ئێران ئەوەندە لاواز بوو کە بەشێکی زۆر لە ناوچەکان لە ژێر دەسەڵاتیدا نەما و لە کوردستان و ئازەربایجان خەڵک خۆیان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و دوای چەند مانگ لە کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا.
وەک چۆن لاوازبوونی ئێران و هاتنی ڕووسەکان و بەریتانییەکان هۆکار بوو لەوەی کۆماری کوردستان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ دابمەزرێت لە هەمان کاتدا کشانەوەی ڕووسەکان و دووبارە بەهێزبوونەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە بوو کە بووە هۆی ڕووخانی کۆماری کوردستان.
ئاکامەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بۆ کورد ڕووداوی شیرین و تاڵی تێدا بوو و بۆ جیهانیش سیستمێکی نوێی جیهانی هێنایە کایەوە کە دنیای بەسەر دوو جەمسەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بەرەی کۆمۆنیزم و سەرمایەداری دابەش کرد و بۆ چەندین دەیە جەنگی سارد باڵی بەسەر جیهاندا کێشا.

ھەواڵی زیاتر