هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

ئەمڕۆ ئازەربێجان دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەمڕۆ یەكشەممە ١ی٩ی٢٠٢٤، گەلی ئازەربێجان دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان و ئەندامی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بایكۆتی هەڵبژاردنی راگەیاندووە و پێیانوایە هەڵبژاردنێكی عادیلانە بەڕێوە ناچێت.

بڕیار بوو لە مانگی ١١دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی كۆبوونەوەی لوتكەی نەتەوە یەگرتووەكان لەبارەی كەشوهەواوە لە مانگی ١١، بۆیە هەڵبژاردن دوو مانگ هاتە پێشەوە. هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دەبوایە لە ٢٠٢٥ ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو هەڵبژاردنەش هاتە پێش و لە مانگی ٢ ی ئەمساڵ ئەنجام درا، ئیلهام عەلییەڤ، توانی بە ٩٢٪ی دەنگەكان براوەی هەڵبژاردن بێت، ئەوكاتیش ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی هەڵبژاردنی كردبوو.
گەلی ئازەربێجان، ١٢٥ پەرلەمانتار هەڵدەبژێرێت و ١٠٥٢ بەربژێر هەیە، بەڵام چاوەڕوانی هیچ سوپڕایزێك ناكرێت، چونكە چاوەڕوان دەكرێت پارتەكەی ئیلهام، پارتی ئازەربێجانی نوێ، دیسان زۆرینەی كورسییەكان بباتەوە.
پارتی گەلی ئازەربێجان، كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە و بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، دەڵێن ئەم هەڵبژاردنە شەفاف نابێت و ساختەكاری دەكرێت، بۆیە بەشداریكردنمان هیچ مانایەكی نابێت.
حیكمەت بەبەئۆغڵو، پەرلەمانتاری سەر بە پارتی دەسەڵات، رەخنە لە ئۆپۆزسیۆن دەگرێت و دەڵێت بەشداری نەكردنیان زۆر بێمانایە.
ئەو قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بەشداری نەكات هیچ لە گرنگی هەڵبژاردن ناگۆڕێت، ئەوان خۆیان بەبەشدارینەكردنیان ئیفلاسی سیاسی خۆیان راگەیاندووە و دەیانەوێت ئەو ئیفلاسییە بە بایكۆتكردن بشاردنەوە.“
بەرەی گەل، كە بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، دەڵێت ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی ئیلهام كۆتایی پێدێت، هەڵبژاردنێكە ئەنجامەكەی پێشتر دیاری كراوە.
ئەجەر گەسیملی، بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی سیاسی كە سەنتەرەكەی لە باكۆی پایتەختی ئەو وڵاتەیە، پێیوایە هەڵەیەكی گەورەیە كە ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، هەروەها بە كارەساتی ناو دەبات.
ئەو قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”بەڕاستی نازانم كە ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە، ئۆپۆزسیۆن دەبوایە خۆیان رێكبخستایە و یەكیان بگرتایە و ستراتیژییەكی تازەیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەبوایە. بەڵام ئیتر كات نەماوە، بە كردار ئۆپۆزسیۆن تەسفییە كراوە و مانایان نەماوە.“
عارف حاجیلی، سەرۆكی پارتی موساوات، كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەپێچەوانەی پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆن، بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.
عارف پێیوایە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموكراتی بەرەپێش ببەین، دەبێت وەكوو ئۆپۆزسیۆن بەشداری بكەین، چونكە پێشتر بایكۆتمان كردووە و ئێستا ستراتیژییەتمان گۆڕیوە.
بەهۆی ئەوەی لەشەڕی قەرەباغدا، ئیلهام عەلییەڤ، توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت و خاكی وڵاتەكەی بپارێزێت و براوەی ئەو شەڕە بوو، بۆیە ئەمە بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بهێنێتە پێشەوە، بۆیە بەشێك لە سیاسییەكان پێیانوایە، بەهۆی ئەو شەڕەوە، ئیلهام پێیوایە گەلی ئازەربێجان ئەویان دەوێت، بۆیە دوو هەڵبژاردن لەماوەی ئەمساڵدا ئەنجام دەدات.
وەفا ناغی، چالاكوان و تاكە بەربژێری بێلایەنی ئافرەتە لەم هەڵبژاردنە، ئەو دەڵێت، هەرچەندە تاوەكوو ئێستا هیچ بەربژێرێكی بێلایەن نەیتوانیوە ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام كۆڵ نادات و بەردەوام دەبێت لە پروپاگندە.
ناغی دەڵێت: ”خۆم تاقی دەكەمەوە، زۆر زۆر گرنگە كەسێكی بێلایەن لە پەرلەمانی ئازەربێجان بوونی هەبێت.“