ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان توركیا و سووریا؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەمریكا بە ئاشكرا گوتوویەتی، ئەوان بۆشاییەكی زۆریان داناوە لەنێوان ئەو پڕۆسەیەی ناویان لێ ناوە ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان توركیا و سووریا، هەروەها پێیان وایە جگە لە ئەنجامی سیاسی، ئەنجامی سەربازیشی لێدەكەوێتەوە، بۆیە لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكات و نایەوێت بەهیچ شێوەیەك زیان بەر خۆی و هاوپەیمانەكانی بكەوێت.

ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان سووریا و توركیا، لە ٢٠٢٣وە هەیە، بەڵام مانگێك لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە ئاشكرا داوای كرد لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا كۆ ببێتەوە و گوتی، ئێمە پێشتر پەیوەندیی خێزانییشمان هەبوو، دەمانەوێت وەكوو ئەو سەردەمەی لێ بكەینەوە.
ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئەمریكای نیگەران كردووە، چونكە رووسیا رۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت و ئەمریكا ترسی هەیە، لە بەرژەوەندی ئەو بدرێت لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە.
جێف فلەیك، سەركونسوڵی ئەمریكا لە ئەنكەرا، دەمەتەقێیەكی لەگەڵ رۆژنامەنووساندا ئەنجامدا، لەوێدا هەڵوێستی ئەمریكای لەبارەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریا دەربڕی و گوتی: ”ئەمریكا بەهیچ شێوەك پەیوەندی خۆی لەگەڵ سووریا ئاسایی ناكاتەوە. ئەمریكا پابەندە بە بڕیاری ٢٢٥٤ ئەنجوومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، تەنیا بەگوێرەی ئەو مادەیە پەیوەندییەكان ئاسایی دەكەینەوە.“
بە گوێرەی ئەو بڕیارە بێت، كە لە ٢٠١٥ دەركراوە، پێویستە لە سووریا حكوومەتێك پێك بێت، ئۆپۆزسیۆنیش بەشدار بێت تێیدا، هەروەها پڕۆسەكەش لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەڕێوە بچێت. هەروەها پێویست دەكات دەستوورێكی تازە بۆ سووریا بنووسرێتەوە، بەڵام بڕیارەكە نەچووە بواری جێبەجێ كردن و هەرزوو لەلایەن سووریاوە فەرامۆش كرا.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەمریكا هەڵوێستی روونە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە لەگەڵ سووریا، هەڵوێستی ئەمریكا ئەوەیە، لەبری ئاساییبوونەوەی پەیوەندی، پێویستە بڕیاری ٢٢٥٤ جێبەجێ بكرێت.

لە ڕووی سەربازییەوە، نیگەرانییەکە چییە؟
ئەمریكا نەیشاردووەتەوە، لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە نیگەرانە لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان سووریا و توركیا.
ئەمریكا ١٠٠٠ سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە، هەروەها یەپەگە، وەكوو باڵێكی سەربازیی ئەمریكایە، بۆیە بەگوێرەی زانیارییەكانی (BBC)، ئەمریكا گوتویەتی ئایا ئەم نزیكبوونەوەیە چی ئەنجامێكی دەبێت لە ڕووی سەربازییەوە؟ مەبەستی ئەوەیە، ئایا یەپەگە و پێگەی ئەمریكا لە سووریا چی لێ دێت؟
ئەنكەرا ئەوەی نەشاردووەتەوە، كە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریا، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەوەیە، پێگەی یەپەگە لە سووریا نەهێڵن، چونكە یەپەگەی خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، بۆیە ئەمریكا ترسی هەیە، هێرش بكرێتە سەر یەپەگە و شەڕێكی گەورە و خوێناوی روو بدات و گروپی تیرۆیستی داعش دیسان سەر هەڵبداتەوە.
لە ٢٠١٥، ئێران و رووسیا، پاڵپشتییەكی تەواوی سەربازی و لۆجستی سووریایان كرد و نەیانهێشت بكەوێت، بۆیە ئەوەی نێوەنگیری لە نێوان توركیا و سووریا دەكات، رووسیا و ئێرانە، ئەمەش ئەمریكای نیگەران كردووە، پێیانوایە بوونی ئەو دوو وڵاتە لە سووریا و هەروەها هێنانی توركیاش بۆ ناو هاوكێشەكە، بەو مانایە دێت، پێگەی ئەمریكا لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لاواز بكەن.
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی توركیا، نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت ”لەوكاتەوەی ئۆپەڕاسیۆنی (كانی ئاشتی)مان لە سووریا ئەنجامدا، رێككەوتنێكمان لەگەڵ ئەمریكا و رووسیا كرد، كە پێویست دەكات تیرۆیستان تا ئەو ناوچەیە بكشێنەوە كە توركیا داوای دەكات، بۆیە لەوكاتەوە ئەم رێككەوتنە جێبەجێ دەكەن، بۆیە پێویست ناكات ئەمریكا لەنزیكبوونەوەی سووریا و توركیا نیگەران بێت.“
باسی لەوەش كردووە، ئەوان دەیانەوێت پێگەی یەپەگە لە سووریا لاواز بكەن، بەڵام ئەمریكا نیگەرانە لەو هەڵوێستەی توركیا و ئەو نیگەرانییەشی بە ئەنكەرا راگەیاندووە.