فەرەنسا.. لە بەردەم کنیستێک تەقینەوە ڕووی دا و قوربانی هەیە

لە فەرەنسا، ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم کنیستێکی جوولەکەکان تەقییەوە و لە ئەنجامدا پۆلیسێک بریندار بووە. بکەری ڕووداوەکەش تا ئێستە دەستگیر نەکراوە.

شەممە، 24-08-2024، ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم کنیستێکی جوولەکەکان لە ناوچەی لاغراند مۆت، لە شاری مۆنبیلیەی باشووری فەرەنسا تەقییەوە و بۆ ماوەیەک ئاگر لە بەردەم کنیستەکە کەوتەوە.

لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا پۆلیسێکی شارەوانیی مۆنبیلیەی بریندار بووە، بەڵام حاخام و چوار کەسەکەی دیکە کە لە نێو کنیستەکەدا بوون؛ هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بکەری ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە.

جیرالد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕووداوەکەی بە “تیرۆریست”ـی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە، لەسەر داوای ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆک، هەموو هەوڵێکیان بۆ دەستگیرکردنی بکەری ڕووداوەکە دەخەنە گەڕ.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا باسی لەوەش کرد، ڕێکارە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی هەموو کنیستەکان لە نێو خۆی وڵاتەکەدا توندتر دەکەن و دڵنیایی دایەوە هاووڵاتییە جوولەکەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو دەیانپارێزن.

ستیفان رۆسینیۆل، سەرۆکی شارەوانیی مۆنبیلیە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە، کەسێک ئاگری لە چەند ئۆتۆمبێلێکی بەردەم کنیستەکە بەرداوە و دواتر تەقینەوەکە ڕووی داوە.

ھەواڵی زیاتر