بەریتانیا ڕێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دەگرێتەبەر

حکوومەتی نوێی بەریتانیا وردەکارییەکانی گرتنەبەری ڕێکاری نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی ڕاگەیاند، بە تایبەتی توندکردنی ڕێکارەکانی دژ بە باندە قاچاخچییەکان و دیپۆرتکردنەوەی بەشێک لە کۆچبەران.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی چاودێری کۆچی نایاسایی، ئەم هەفتەیە بەهۆی لەباربوونی کەشوهەواوە، ڕۆژانە کۆچبەرانی نا یاسایی بە قاچاخ لە دەریای مانش بە بەلەمی پلاستیکییەوە دەپەڕنەوە کەناراوەکانی بەریتانیا و تەنیا لە شەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە نزیکەی 500 کۆچبەر و دووشەممەش نزیکەی 200 کۆچبەری نا یاسایی پەڕیونەتەوە بەریتانیا.

هەروەها لە 11ـی ئەم مانگە، زیاتر لە 700 کۆچبەری دیکە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، ئەمەش ژمارەیەکی پێشبینی نەکراوە لەوەتەی پارتی کرێکاران لە مانگی ڕابردووەوە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست.

لەلایەن خۆیەوە ئیڤێت کوپەر وەزیری ناوخۆی حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەی چەند ڕێکارێکی نوێ و خێرایان گرتووتەبەر و دڵنیان لەوەی ڕێز لە یاسا و بڕیارەکان دەگیرێت و جێبەجێ دەکرێن.

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ئەولەویەتی پلانیان بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی باندەکانی قاچاخچییە، دەشڵێت: بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەشیان زیاتر لە 100 کەسایەتیی پسپۆریان بۆ ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکان دامەزراندووە کە ئەرکیان کاری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە دەبێت. هەروەها ڕێگری لە جووڵەی بەلەمەکانیش دەکەن.

لە دوای درێژە کێشانی 14 ساڵ ماوەی دەسەڵاتدارێتی پارێزگارەکان، پرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی یەکێک بوو لە گرنگترین بابەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەر لەم سۆنگەیەوە کێیر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لە پارتی کرێکاران کۆتایی بە پلان و بڕیاری پارێزگاران هێنا بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا، هەروەها بەڵێنیدا بە شێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ کێشەی کۆچبەران بکات و کار بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران بکات.

هەروەها ڕایگەیاندووە، 300 ئەفسەریان بۆ تاوتوێکردنی کاری ئەو هەزاران کۆچبەرە نایاساییانە ڕاسپاردووە کە بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچووە، جا بە زۆرە ملێ بێت یان بە ویستی خۆیان بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

ھەواڵی زیاتر