شەڕەكەی پەرلەمان توركیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبات؟

لەناو پەرلەمانی توركیا، شەڕە بۆكس لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵات و پارتی كار روویدا، هەروەها پەرلەمانتارێكی ئافرەتی دەم پارتیش لەو شەڕ تێوەگلا و خوێنی لوتی ئەو بووە مانشێتی میدیاكانی توركیا. بەشێك لەو نووسەر و میدیاكارانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، داوا دەكەن بەپەلە توركیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بڕوات.

دانیشتنی پەرلەمان نائاسایی بوو، تایبەت بۆ دۆسییەی جان ئاتاڵای دانیشتبوون، كە پەرلەمانتاری پارتی كارە، بەڵام لەسەر دۆسییەی گەزی پارك، دادگا سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە، پەرلەمان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ئاتاڵای كۆبوونەوەیان ئەنجامدابوو.
دوای ئەوەی، جان لە زیندانەوە لەلایەن پارتی كار بەربژێر كرا و توانی دەنگی پێویست بهێنێت بۆ پەرلەمان، پاشان دادگای دەستووری توركیا، كە باڵاترین دادگایە لە توركیا، بڕیاریدا جان ئازاد بكرێت، لەبەرامبەردا دادگای باڵای توركیا، داواكەی رەتكردەوە، ئەم بڕیارە ناكۆكی زۆری لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دروست كرد، ئۆپۆزسیۆن، دەڵێت بەئاشكرا دەستوەردان لە دادگا دەكەن، سەری خۆمان دادەنێین لەپێناو جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای دەستووری توركیا.
ئاكەپە، لەناو پەرلەمان، دژی ئازادكردنی جان ئاتاڵای وەستایەوە و بە تیرۆرست وەسفیان كرد، بەڵام ئەحمەد شیك، كە پەرلەمانتاری پارتی كارە، لە كاتی قسەكردندا هێرشی توندی كردە سەر ئاكەپە گوتی: ”ئێوە یەك زەڕە شەرمتان نییە، هیچ كەسایەتیتان نییە“ عەبدوڵا گولەر، سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاكەپە پێی گوت ”دەنگت ببڕە و قسەی وا مەكە“ بەڵام شیك گوتی ”تۆی بێشەڕف، لەم وڵاتە ئەوەی رێكخراوی تیرۆرستی گەورەیە ئەوانەن كە لە ریزی پێشەوەی پەرلەمان دانیشتوون“
ئاڵپای ئۆزەڵان، پەرلەمانتاری ئاكەپە، كە پێشتر وەرزشوان بووە، لە پشتەوە و بەبێ ئەوەی شیك ئاگای لێبێت، بۆكسی لێدا و شیكی بەدایە سەر زەوی.
گوڵستان كلیچ كۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی، بەپەلە و بەر لە هەر پەرلەمانتارێكی پیاو، خۆی گەیاندە لای شیك و بەرگری لێكرد، بەڵام ئەویش بۆكس بەر لوتی كەوت و بەپەلە بردرایە نەخۆشخانە و خوێنی لوتی ئەو لەسەر پەلیكانەكانی پەرلەمان رژابوو، ئەمەش بووە ماشێتی میدیاكانی توركیا.
پێشتر لەناو پەرلەمانی توركیا شەڕە بۆكس روویداوە، بەڵام لەسەر مەنەسی قسەكردن، لە پەرلەمانتار نەدراوە، هەروەها بەو شێوەیە لەلایەن پیاوەوە پەلاماری ئافرەت نەدراوە و خوێن لەناو پەرلەماندا بوونی نەبووە، بۆیە داوا دەكرێت، بەهیچ شێوەیەك ئۆپۆزسیۆن نەچێتە پەرلەمان و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.
ئیسماعیل سایماز، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، لە هەژماری خۆی لە (X)، داوا لە جەهەپە دەكات، بەپەلە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن، چونكە ئەم رووداوەی لە پەرلەمان روویدا، زۆر گەورە بووە و شتی زۆر خراپتری بەدوادا دێت.
جیا لەویش، چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە جەهەپە و پارتی ئاییندە و دەم پارتی، دەڵێت وەكوو چۆن هەموو جومگەكانی وڵات دەستی تێوەردراوە، پەرلەمانیش بووە شوێنی بۆكس وەشێنەكان و دەسەڵات دەیەوێت پێمان بڵێت، ئەگەر دژمان بوەستنەوە ئیدی بەشەق و لێدان داركاریتان دەكەین.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا، نیگەرانیی خۆی دەربری و گوتی ٩ ساڵە لەم پەرلەمانەم، رووداوی جۆراوجۆرم بینیوە، بەڵام ئەمەی روویدا مایەی نیگەرانیی بوو، چونكە بۆ یەكەمجارە خوێن لەناو پەرلەماندا دەبینم.
فەرهاد ئونجوو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، لە هەژماری خۆی لە (X)، دەڵێت پێویست ناكات پەرلەمانتارانی هەدەپە فێر بكرێن كە لە پەرلەمان چی بكەن، بەڵكوو دەبێت پێش هەموو شتێك، فێری بۆكس وەشاندن و چۆنییەتی شەڕیان بكەین، تا بتوانن لەناو پەرلەمان بەرگری لە خۆیان بكەن.
لەتۆڕی كۆمەڵایەتی (X)، رای گشتی توركیا زۆر نیگەرانن لەو رووداوەی روویدا، داوا دەكەن، ئۆزەڵان، لە پەرلەمان دوور بخرێتەوە و پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت، چونكە بێویژدانانە لە شیكی داوە و شكۆی پەرلەمانی شكاندووە.
لەبەرامبەردا لایەنگر و چەند نووسەرێكی سەر بە ئاكەپە، پشتگیری لە ئۆزەڵان دەكەن، دەڵێن ئەو پیاو بووە و قبوڵی نەكردووە پێی بڵێن تیرۆرست و دەستی وەشاندووە.
گوڵستان كلیچ كۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە سۆسیال میدیا پشتگیرییەكی زۆری لێدەكرێت و پێی دەڵێت لەو پیاوانە زۆر پیاوتر بوویت، كە سەیریان دەكرد چۆن لە شیك دەدرێت، كەچی تۆ بەرگریت لێی كرد.
گۆڵستان، وەكوو نموونەی ئافرەتی ئازا و بوێر ناوی دەهێنرێت، كە بەپەلە و بەبێ ترس خۆی گەیاندە لای شیك و بەرگری لێی كرد.