ئایە عێڕاق هەڵوێستی بەرامبەر بە پەكەكە گۆڕاوە؟

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، دادگای باڵای عێڕاق، سێ پارتی نزیك لە پەكەكەی لە تەواوی عێڕاقدا قەدەغە كرد، هەروەها بڕیاردرا دەست بەسەر هەموو موڵك و ماڵیشیاندا بگیرێت، ئەم پەیامەش ئەنكەرای دڵخۆش كرد و پرسیاری جەوهەریش ئەوەیە، پەیوەندی دیبلۆماسی توركیا و عێڕاق بەرەو كوێ دەچێت و چاوەڕێی چی لێدەكرێت؟

ئەو پارتانەی لە عێڕاقدا قەدەغە كران ئەمانەن (پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی، بەرەی بەرگری دیموكراتەكان، تەڤگەری ئازادی)، هەرسێ پارت لەلایەن پەكەكەوە دروست كرابوو و لە عێڕاق و هەرێمی كوردستاندا چالاكی سیاسییان هەبوو.
عێڕاق و توركیا، لە چەند مانگی رابردوودا، پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیان برەوپێدا، سەرەتا لە ١٩ی١٢ی٢٠٢٣، كۆبوونەوەی لوتكەی ئاساییشیان لە ئەنكەرا ئەنجامدا و پاشان لە ١٤ی٣ی٢٠٢٤، ئەو كۆبوونەوەیە لە بەغدا ئەنجام درا.
لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا، توركیا داوای لە عێڕاق كرد، پەكەكە وەكوو رێكخراوێكی تیرۆرستی بناسێنێت، بەڵام عێڕاق، پەكەكەی وەكوو رێكخراوێكی قەدەغەكراو لە عێڕاقدا ناساند، ئەنكەرا دڵخۆش بوو بەو بڕیارە و پێشوازی لێكرد، ئەم هەنگاوە توركیای زیاتر لە عێڕاق نزیك كردەوە.
سەردانیكردنی رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ عێڕاق لە ٢٢ی٤ی٢٠٢٤، كە دوای ١٢ ساڵ دووبارە سەردانی عێڕاقی كردەوە، بەسەردانێكی مێژوویی لێكدرایەوە، چوونكە پەیوەندیی هەردوو وڵاتی بردە ئاستێكی تر، بەتایبەت لەڕووی ئاساییشەوە.
ئارزوو یڵماز، مامۆستای زانكۆ لە زانكۆی كوردستان لە هەولێر، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت سەرەتا پەیوەندی نێوان توركیا و عێراق زۆر خراپ بوو، چونكە ئێران رۆڵی سەرەكی هەبوو لەوەی عێڕاق لە توركیا نزیك نەبێتەوە، بەڵام دوای شەڕی غەززە، سەردەمێكی نوێ بۆ ئێران هاتە پێش و كاریگەریی ئێران لەسەر عێڕاق لاواز بووە، بۆیە لە كاتی نزیكبوونەوەی عێڕاق و توركیا لەیەكتری، ئێران بێدەنگی هەڵبژارد و ئەمەش پەیوەندییەكەی خێراتر كرد تا گەیشت بەم رۆژە، كە ئێستا پەیوەندییەكانیان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
ئارزوو پێیوایە، داخستنی سێ پارتی نزیك لە پەكەكە لە لایەن دادگای باڵای عێڕاقەوە، درێژەپێدەری ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییەی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.
هەڵوێستی عێڕاق بەرامبەر بە پەكەكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
بەبۆچوونی بیلگای دومان، لێكۆڵەری سیاسی، ئۆپەڕاسیۆنەكانی توركیا بەرامبەر بە پەكەكە لە عێڕاق، كاریگەریی لەسەر ئەوە هەبووە ئەو دوو وڵاتە لە یەكتری نزیك ببنەوە.
دومان بۆ (BBC) قسەی كردووە و دەڵێت: ”توركیا ئۆپەڕاسیۆنێكی زۆر كاریگەری لەناو خاكی عێڕاق دژی پەكەكە بەڕێوە بردووە، ئۆپەڕاسیۆنەكە لە باشووری عێڕاق و لەو شاخانەی پەكەكەی لێیە كاریگەریی زۆری هەبووە، هەروەها بوونی پەكەكەی لەناو سەنتەری شارەكانیش خستووەتە ژێر ئۆپەڕاسیۆنەكانی، بۆیە عێڕاق، ئەمەی بەمەترسی بۆ سەر خاكی خۆی زانیوە. هەروەها توركیا زیرەك بووە لەوەی لە كاتی دیالۆكدا لەگەڵ بەرپرسانی عێڕاق باسی لە مەترسی پەكەكە كردووە، ئەمەش وای كردووە هەڵوێستی عێڕاق بەرامبەر بە پەكەكە بگۆڕێت.“
رێگەی گەشەپێدان، پڕۆژەیەكی گەورەی عێڕاق و توركیا، كە لەڕووی ئابوورییەوە ئەو دوو وڵاتە بەیەكتری دەبەستێتەوە، هەروەها عێڕاقیش لەڕووی ئابوورییەوە بە ئەورووپا دەبەستێتەوە، بۆیە دومان پێیوایە، كاتێك ئەو دوو وڵاتە خەریكی پڕۆژەیەكی لەوشێوەیەن، دەبێت لەڕووی دیبلۆماسیشەوە لەیەكتری نزیك ببنەوە و عێڕاقیش ئەوە دەزانێت لەبەرژەوەندی نییە لەبەر پەكەكە، پەیوەندی خۆی لەگەڵ توركیا تێك بدات.
عێڕاق، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی پێ پڕۆژەیەكی گەورە و چارەنووسسازە بۆ خۆی، دەشزانێت توركیا هەستیارە بەرامبەر بە پەكەكە، بۆیە ئەمە وای كردووە، هەڵوێستی بەرامبەر بە پەكەكە بگۆڕێت و لەبەر دڵی توركیا، پەكەكە لەخۆی دوورخاتەوە.
پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە؟
ئەگەر عێڕاق نەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، لە كۆتایی ٢٠٢٥، دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، بۆچوونی ئارزوو وایە، ئەم هەنگاوەی عێڕاق لەبارەی قەدەغەكردنی ئەو سێ پارتەی نزیكن لە پەكەكە، بۆ ئەوەیە نەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی عێڕاق بكەن.
محەممەد شیاع سودانی، لە گفتوگۆیەكی چڕدایە لەگەڵ توركیا لەبارەی بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات، دەیەوێت بەو رێگەیە و چەند پڕۆژەیەكی تر، رای گشتی عێڕاق بگۆڕێت و ببێتە براوەی هەڵبژاردن و دووبارە ببێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، كاتێك ئەو سێ پارتە قەدەغە دەكات، ئەمە رێگەخۆش دەكات تا رێككەوتنی توركیا و عێڕاق لەبارەی ئاوەوە ئاسانتر بێت و ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت لە بەرژەوەندی سودانی.
ئارزوو باس لەوەش دەكات، دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، بابەتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیڕاق دێتەوە بەرباس، ئەگەر ئەمە روو بدات، عێڕاق پێویستی بە توركیا دەبێت، بۆ پتەوكردنی ئاساییشی ناوەخۆی وڵاتەكەی.
عێڕاق هیچ كاتێك بەو شێوەیە توند نەبووە بەرامبەر بە پەكەكە، بۆیە دومان پێیوایە، داخستنی سێ پارتی سیاسی و هەروەها رێگەخۆشكردن بۆ توركیا تا لەڕووی سەربازییەوە هێرش بكاتە پەكەكە، پەیامێكی گرنگی عێڕاقە بۆ توركیا، كە هەڵوێستی بەرامبەر بە پەكەكە گۆڕاوە، رەنگە لە داهاتوو بڕیاری ئەوەش بدات، كە سزای چەند كۆمپانیایەك و رێكخراوێكی مەدەنی بدات، كە لە عێڕاق و هەرێمی كوردستان پاڵپشتی لە پەكەكە دەكەن لە عێڕاقدا.