لە باکووری کوردستان بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە 14 کەس برینداربوون

لە پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستان پاسێک وەرگەڕا، بەو هۆیەوە 14 کەس بریندار بوون، سێ لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.

رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئاب لە شارۆچکەی ئاکچاداغ لەنزیک گوندی دۆغانڵار روویداوە.

پاسێك کە ژمارەیەک سەرنشینی لە بۆدرومی تورکیاوە بۆ شاری وانی باکووری کوردستان دەگواستەوە، بە هۆکارێک کە هێشتا دەستنیشان نەکراوە، لە رێگە دەرچووە و وەرگەڕاوە.

دوای ئاگادارکردنەوە تیمەکانی تەندروستیی 112، پۆلیس، ئافاد و بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا 14 کەس لە سەرنشینانی پاسەکە بریندار بوون، سێ لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.

بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی مەڵەتی گوازراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

ھەواڵی زیاتر