ژماره‌ی گیان له‌ ده‌ستدانی لافاوه‌كه‌ی سوودان بۆ زیاتر له‌ 70 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌

لە ویلایەتەکانی باکووری سوودان ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ بارانبارین و لافاویان بەخۆیەوە بینیوە، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر لە حه‌فتا کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و خه‌ڵكێكیی زۆرش ئاواره‌ بوون. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە بەرفراوانەکانی سوودان زۆرترین ڕێژەی بارانبارین و لافاویان بەخۆیەوە بینیوە، کە گەورەترین ڕێژەی بارانبارین بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. 

هاوكات شارەزایانی کەشناسی و یەکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە دەستەی کەشناسی، پێشبینیان کردووە بارانبارینی بەخوڕ بەردەوامبێت، لەگەڵ بروسکە و بای بەهێز. هۆشداریشیان داوه‌ كه‌ لەوانەیە لە هەر چوار ویلایەتی: سنار، دەریای سوور، ڕووباری نیل و باکوور لافاوی لەناکاو دروست ببێت. 

لای خۆشێه‌وه‌، مانگی سووری سوودان ڕایگەیاند، لە پارێزگای ئەبو حەمەد لە ویلایەتی ڕووباری نیل به‌ هۆی باران بارینی به‌خۆر و لافاوه‌وه‌ 34 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 588 كه‌سیش برینداربوون و نزیكه‌ی96 هەزار خێزانیش زیانیان پێگەیشتووە.

 ئاشكراشی كردووه‌، زیاتر لە 32 هەزار ماڵ بەهۆی لافاوەکەوە داڕماوە، هەروەها 150 دامەزراوەی خزمەتگوزاریش وێرانبووە. ژووری تەکنیکی بۆ حاڵەتە فریاگوزاریەکان لە ویلایەتی باکوور، ڕایگەیاندووە، به‌هۆی ئه‌و بارانە بەخوڕەی کە ویلایەتەکەی گرتووەتەوە، 14 کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هەروەها 84 کەسی دیکەش بریندار بووە و لانیکەم 20 کەسیش دووپشک پێی وەداون.

 پێشتریش 17 كه‌س به‌ هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ گیاینان له‌ ده‌ستدابوو. ساڵانە لە نێوان مانگەکانی ئایار و تشرینی یەکەم، سودان رووبەڕووی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو دەبێتەوە و زەرەر و زیانێکی زۆر بە خەڵکی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت کە لافاو تیایندا دروست دەبێت. 

ھەواڵی زیاتر