ژاپۆن داوا لە هاووڵاتیان دەکات بەهۆی مەترسیی بوومەلەرزە ئازووخە پاشەکەوت نەکەن

ئەمڕۆ شەممە، دەسەڵاتدارانی ژاپۆن داوای لە هاووڵاتیان کرد کە پەلە نەکەن لە کڕین و پاشەکەوتکردنی ئازووخە و پێداویستیی  ڕۆژانە، لە کاتێکدا نیگەرانن لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی گەورە.

لە یەکەم هۆشداری دا دەزگای کەشناسی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوو بدات، ئەمەش دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەک لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بەگوڕی 7.1 لە باشووری وڵات ڕوویدا و 14 کەس بریندار بوون.

لە فرۆشگایەکی شاری تۆکیۆ تابلۆیەک هەڵواسراوە کە داوای لێبوردنی لە کڕیاران کردووە بەهۆی نەمانی هەندێک بەرهەم، ئەویش بەهۆی ڕاپۆرتە مێدیاییەکانی پەیوەست بە بوومەلەرزەیە.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ماڵپەڕی کۆمپانیای زەبەلاحی بازرگانی ئەلیکترۆنی ژاپۆنی “ڕاکوتێن” دەریخست کە ‘ئاودەستی گەورە’ و خۆراکی پارێزراو و ئاوی بوتڵ لە پێشەنگی لیستی ئەو کاڵایانەن کە زۆرترین داواکارییان لەسەرە.

ژاپۆن. لە هەر سەدەیەک یان دوو سەدە جارێک،  بوومەلەرزەی وێرانکەر بە گوڕی هەشت یان نۆ پلەی ڕێختەر لێی داوە و پێشتریش حکوومەتی ژاپۆن پێشبینی ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی گەورەی لە ماوەی سی ساڵی داهاتوودا بە ڕێژەی لەسەدا 70 خەمڵاندووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سامانی ماسی ژاپۆن، داوای لە خەڵک کردووە خۆیان لە زۆر هەڵگرتنی کاڵاکان بەدوور بگرن.

ڕۆژی هەینی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلە ناوچەی کانازاوای نزیک تۆکیۆی هەژاند و بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەک هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان ڕاگیرا.

زۆرێک لە شارەزایانی بوومەلەرزەزانی پێیان وایە بوومەلەرزەکەی ڕۆژی هەینی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو بوومەلەرزە زەبەلاحە نییە کە پێشبینی دەکرێت لە ناوچەی نانکا ڕوو بدات.

ئەم وڵاتە نزیکەی 125 ملیۆن کەس تێیدا دەژی و ساڵانە نزیکەی 1500 بوومەلەرزە تێیدا ڕوو دەدات و کە لە سەدا 18ـی بوومەلەرزەکانی جیهان پێک دەهێنن، بەڵام زۆرجار بومەلەرزەکە سووکن، هەرچەندە زیانەکانیان بەپێی شوێن و قووڵایی جیاوازە.

لە ڕۆژی سەری ساڵدا بوومەلەرزەیەکی بەهێزی لە ژاپۆن ڕووی دا کە گوڕەکەی 7.5 پلە بوو، کە نیمچە دورگەی نۆتۆی لە کەناراوەکانی دەریای ژاپۆن گرتەوە و زیاتر لە 260 کەس گیانیان سپارد.

ھەواڵی زیاتر