سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش هەڵات

لەژێر فشاری خۆپیشاندەران، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش دەستی لە کارکێشایەوە و بەرەو هیندستان هەڵات.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی ‘رۆیتەرز’ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 05-08-2024، حەسینە واجد، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش دەستی لە کار کێشایەوە و دواتر بە هەلیکۆپتەرێکی سەربازی وڵاتەکەی بەجێهشێت و چووە هیندستان.

دەستلەکاركێشانەوەی حەسینە واجد، یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشدارانی بەنگلادیش؛ بۆیە دوای ئەوەی وڵاتەکەی بەجێهشیت، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بارەگە سەرەکییەکەی لە داکای پایتەخت.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی حەسینە واجد؛ فەرماندەی سوپای بەنگلادیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند “ئاشتی و سەلامەتی بۆ وڵاتەکە دەگەڕێننەوە، حکوومەتێکی کاتیی پێک دەهێنن و لێکۆڵینەوە لە هەموو ڕووداوەکانی کوشتنی خۆپێشاندەران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەکەن”.

خۆپیشاندانی قوتابییەکانی بەنگلادیش لە دژی سیستەمی دابەشکردنی هەلی کار لە وڵاتەکە، سەرەتای مانگی ڕابردوو دەستیان پێ کردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامن. بە گوێرەی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندارن.

ھەواڵی زیاتر