ناسر کەنعانی: ئیسرائیل دەبێت خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکات

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: باوەڕ بە هەواڵی هیچ مێدیایەک لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازیی ئێران بۆ ئیسرائیل نەکەن، ئەوە ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێرانە چ بڕیارێک دەدات.

گوتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکاری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان نییە لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ئەوە ئیسرائیلە بووەتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژیی و ئاڵۆزییەکان کە ئەمەریکا پیشتوانیی دەکات، هەر بۆیە دەبێت ئەمەریکا دەست لە پشتیوانیی ڕژێمی ئیسرائیل هەڵگرێت و پابەندی ئاساییکردنەوەی دۆخی شڵەژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە بێت.

هەروەها ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی بەرەی موقاوەمە سوودمەند نابێت. ئێستاش دەبێت خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکات؛ چونکە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ لایەک قەبوڵ ناکرێت. گوتیشی: ئیسرائیل بە گەمژەییانە پێشێلیی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە و سنووری وڵاتێکی بە توانای بەزاندووە، هەربۆیە دەبێت باجەکەشی بە قورسی بدات.

ڕاشیگەیاند، ڕژێمی ئیسرائیل هەمیشە هەڕەشە بووە نەک تەنیا بۆ فەڵەستین بەڵکو بۆ گشت وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی. پێچەوانەی هەموو وڵاتانی ناوچەکە کە کار بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن، تەنیا ئیسرائیل بووەتە هەڕەشە کار بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و لەباربردنی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.

قسەکانی کەنعانی، لە کاتێکدایە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی فەڵەستین (حەماس) بەرەبەیانی چوارشەممە 31ی تەممووزی 2024، لە تاران و لە شوێنی حەوانەوەیدا لە هێرشێکی مووشەکیدا لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەکەی کوژران.

هەروەها ئێران بە فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییەی لە ئیسرائیل کردووە و ڕایگەیاندووە، لە کات و شوێنی گونجاو گورزی خۆیان دەوەشێنن.

ھەواڵی زیاتر