ئوسترالیا: ئاستی هەڕەشەی تیرۆریستی بەرزبووەتەوە

ئەمڕۆ، دووشەممە، 5 ی ئابی 2024، ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئاستی هەڕەشەی تیرۆریستی بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا کە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی “ئایدۆلۆجیای توندڕەو” کردووە، دوای زنجیرەیەک هێرشی خوێناوی کە لەو وڵاتە ڕوویان دا.

مایک بۆرگیس، بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئاسایشی ئوسترالیا ‘ASIO’ کە دەزگای هەواڵگریی ناوخۆییە، ڕایگەیاند: هیچ بەڵگەیەک نییە ئاماژە بە هێرشێکی تیرۆریستی نزیک بکات، بەڵام لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا مەترسییەکان زیاتر دەبن. بۆرگیس گوتیشی: ژینگەی ئەمنی لە ئوسترالیا بەرەو تێکچوون دەچێت و زیاتر ناجێگیر و پێشبینی نەکراو دەبێت.

 ئاماژەی بەوەش کرد “چەند جارێک گوێمان لێ بووە، ترسی سەرەکیی لەسەر ئاسایشی وڵات، سیخوڕی و دەستوەردانی دەرەکییە، بەڵام ئەم بابەتە ورد نییە”.

ئەو بەرپرسەی هەواڵگری جەختیشی کردەوە، زیاتر لە ئوسترالیەکان بوونەتە توندڕەو و زیاتر ئامادەن پەنا بۆ توندوتیژی ببەن بۆ ئەوەی دۆزی خۆیان پێش بخەن.

تا ئەمڕۆ دووشەممە، هەڕەشەی ئەمنی لە ئوسترالیا لە ئاستێکی “ئەگەری”دایە، لەوبارەوە بۆرگیس دەڵێت: هەندێک ئایدۆلۆجیای توندڕە و لە سەردەمی پەتای Covid-19 و لەم دواییانەشدا لە کاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا زیادیان کردووە.

هۆشداریشی دا لەوەی “بەرزبوونەوەی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە باشووری لوبنان، گرژییەکان فراوانتر دەکات و ئەگەری هەیە خۆپیشاندانیش بکرێت”.

باسی لەوەش کرد، لە چوار مانگی ڕابردوودا هەشت ‘هێرش’ لە ئوسترالیا ڕوویان داوە، کە گریمانە دەکرێت پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەبێت، بەڵام ڕەتی کردەوە بە وردی لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.

 لە مانگی نیساندا، قەشەیەکی کڵێسایەک لە کاتی مەراسیمێکدا لە کڵێسایەکی سیدنی بە چەقۆ کوژرا.  بۆرگیس دەشلێت: هیچ کام لەو پلانە تیرۆریستیانەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، پاڵنەری شەڕی غەززە نەبووە، هەرچەندە ئەو ململانێیە کاریگەریی هەبووە.

 ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند: حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی سۆشیالمێدیا کاردەکات بۆ لابردنی ناوەڕۆکە توندڕە و توندوتیژییەکان و تاقیکردنەوەی تەکنەلۆجیای دۆزینەوەی تەمەن.

 ئەلبانیزی گوتیشی: ئەمەریکا و بەریتانیاش ڕووبەڕووی ئایدۆلۆجیای توندڕەو دەبنەوە. دەشڵێت: حکوومەتەکان لە سەرانسەری جیهان نیگەرانن لە توندڕەوی گەنجان، یان توندڕەوی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر