توركیا لەماوەی سێ مانگدا ١٤ ملیار دۆلاری لەكەرتی گەشتیاری قازانج كردووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

تەنیا لە ماوەی سێ مانگدا، توركیا زیاتر لە ١٤ ملیار دۆلاری لە كەرتی گەشتیاری قازانج كردووە، ئەمەش بەبەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی قازانج لەو كەرتە زیادی كردووە.

تەنیا لە مانگی ٤ تا ٦ی ئەمساڵ، توركیا بڕی ١٤ ملیار و ٨٧٥ ملیۆن و ٥١٨ هەزار دۆلاری قازانج كردووە، هەروەها بەبەراورد بەهەمان مانگی ساڵی رابردوو، رێژەی گەشتیار لە توركیا ١٥٪ بەرز بووەتەوە، ئەمەش بەسەركەوتنی كەرتی گەشتیاری دادەنێن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەزگای ئاماری توركیا، رێژەی قازانج لە كەرتی گەشتیاری بەبەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پار، ١١.٨٪ بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە شەش مانگی یەكەمی ٢٠٢٤دا، رێژەی گەشتیار لە توركیا بەبەراورد بە ساڵی پار، ١٥٪ بەرزبووەتەوە و ١٦ ملیۆن و ٩٧ هەزار و ٨٨٤ گەشتیار روویان لە توركیا كردووە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی دەزگای ئاماری توركیا، هەر گەشتیارێك لە توركیا، بەشێوەیەكی گشتی ١٠١ دۆلاری خەرج كردووە بۆ هەر شەوێك.
ئامانجی ٦٨٪ی گەشتیارەكان و هاتنیان بۆ توركیا بەمەبەستی گەڕان و ئاهەنگ و بینینی شوێنە كلتووریەكانی توركیا بووە، هەروەها ١٩٪، ئەو گەشتیارانەبوونە كە توركن لە دەرەوەی توركیا دەژین و بۆ سەردانی خزمانیان هاتوونەتەوە توركیا.
جیا لەوەی گەشتیاران لە هەموو شوێنێكی دونیاوە روو لە توركیا دەكەن، هاووڵاتیانی توركیاش بەمەبەستی گەشتكردن دەچنە دەرەوەی توركیا.
لە شەش مانگی ٢٠٢٤دا، دوو ملیۆن و ٩٦٣ هەزار و ٧٨٨ گەشتیاری توركی چوونەتە دەرەوەی توركیا، هەر هاووڵاتییەك لەو گەشتەیدا بڕی ٦٦٠ دۆلاری خەرج كردووە.

گەشتیار گلەیی لە گرانی نرخ هەیە
لە توركیا رێستوڕانت و هۆتێل و هێڵی گواستنەوە زۆر گرانە، ئەم گرانییە وای كردووە گەشتیار وەكوو پێویست سوود لە خۆشییەكانی ئەو وڵاتە نەبینێت.
بەگوێرەی ئەو گوتانەی گەشتیارە بیانییەكان دەیكەن، نرخی خۆراك و رێستوڕنت لە توركیا ئاگر دەكاتەوە، وای لێهاتووە وەكوو پێویست رێستوڕانتی خۆش و كوالێتی بەرز بەسەر نەكەنەوە، چونكە ناتوانن بەو نرخە زۆرە خواردن بخۆن.
لە توركیا نرخی یەك ئاوی بچووك ١٠ لیرەی توركییە، گەشتیار پێیوایە بۆ هەر رۆژێك یەك گەشتیار ئەگەر ١٠ ئاوی بچووك بخواتەوە دەبێت ١٠٠ لیرەی توركی خەرج بكات، ئەمە وا دەكات بۆ ماوەیەكی كەم لە توركیا بمێننەوە.
چەند شارەزایەكی بواری ئابووری لە توركیا، هۆشداری دەدەن، كە بۆ ساڵی داهاتوو رێژەی گەشتیار بۆ توركیا كەم دەكات، چونكە گرانی وای كردووە گەشتیار زوو لە توركیا بێزار بێت.
ئەوەی بووەتە بەدیلی توركیا بۆ گەشتار یۆنانە، چونكە نرخی رێستوڕانت و هۆتێلی یۆنان بەبەراورد بە توركیا زۆر هەرزانترە.
وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا بەرنامەی ٢٠٢٤ی وا داناوە، گە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن گەشتیار روو لە توركیا بكەن، هەروەها داهاتی كەرتی گەشتیاری بگەیەننە ٦٠ ملیار دۆلار.