زاخارۆڤا: ئەمەریکا هەوڵی لێدانی ڕووسیا دەدات

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژئاوا فەرمانی بە ئۆکرانیا کردووە هاوکارییەکانی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی لە بواری وزەدا تێک بدات.

زاخارۆڤا گوتیشی: یەکێک لە ئەرکەکانی ڕۆژئاوای بەناو بەکۆمەڵ، بە پلەی یەکەم واشنتۆن و لەندەن، پارەیەکی باشیان خستووەتە بەردەم ڕژێمی کێیڤ، بۆ تێکدانی هاوکارییەکانی بواری وزەی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، تاکو بیکەنە کێشەیەکی بێ کۆتا و لەڕادەبەدەر ناجێگیری بکەن.

زاخارۆڤا باسی لە بۆردومانکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی گازی “نۆرد ستریم” کرد و بە خراپەکاری لە لایەن ڕۆژئاواوە وەسفی کرد.

هەنگاریا و سلۆڤاکیا داوایان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد، کۆبوونەوەیەک بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی کیێڤ ڕێگریی لە دابینکردنی نەوتی ڕووسیا بۆ هەنگاریا و سلۆڤاکیا کرد، کە بۆریی دروژبا بە ئۆکرانیا تێ دەپەڕن.

ڕژێمی کیێڤ قەدەغەکردنی ترانزێت گواستنەوەی نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای “لۆک ئۆیل”ەوە سەپاند، هەرچەندە دابینکردنی نەوتی ڕووسیا لە ڕێگەی ئەم بۆرییانە لە سزاکانی ئەورووپا بەخشراوە.

ئەم ڕێوشوێنە، مەترسی لەسەر کاری پاڵاوگەکانی سلۆڤاکیا و هەنگاریا دروست دەکات، چونکە کۆمپانیای لوک ئۆیلی ڕووسی دابینکەری سەرەکی نەوتە بۆ ئەو دوو وڵاتە ئەوروپییە.

ڕۆبێرت ڤیتسۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا ئاماژەی بەوەدا، ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر گواستنەوەی نەوتی ڕووسیادا سەپێنراون، زیان بە خودی ئۆکرانیا دەگەیەنێت.

باسی لەوەش کرد، پاڵاوگەی سلۆڤاکیا پێویستی بە نەوتی ڕووسیا هەیە، بڕێکی زۆر گازۆیل بۆ ئۆکرانیاش دابین دەکات، بێگومان ئەمەش دەوەستێت.

جەختیشی لەوەش کردەوە “بارودۆخی ئێستەی لەگەڵ دێنیس شمیگال، سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا تاوتوێ کردووە، بەمەبەستی زوو چارەکردنی ئەم پرسە”.

لای خۆیەوە، پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا ڕایگەیاند، بوداپێست ڕێگریی لە پێدانی قەرەبووی وڵاتانی ئەورووپا بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەکات، تاوەکوو کیێڤ پرسی ترانزێتی نەوتی ڕووسیا چارە دەکات.

ھەواڵی زیاتر