شەڕی ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت لە توركیا دەستیپێكردەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ماوەی دوو مانگ بوو، حكوومەت و جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامدا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بۆ خۆی چووە بارەگای جەهەپە و گووتی، ئیدی با میللەت كەمێك بەئارامی بژیت با واز لە دژایەتی یەكتری بهێنین. بەڵام ئەم نزیكبوونەوەیە لە یەكتری دوو مانگی دیسان سەنگەریان لەیەكتری گرتەوە.

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا، دژی حكوومەت قسەی كرد و تۆمەتباری كردن بەوەی، باجیان لەسەر خەڵك زیاد كردووە، هەروەها مووچەی خانەنشینان بەشێوەیەكی زۆر كەم بەرزبووەتەوە.
ئۆزەل، لە وتارەكەیدا، باسی لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری كرد، پێیوابوو ئەگەر پلانیش هەبێت هەڵاوسان كەم بكرێتەوە، هیچ سوودی نییە، میللەت دەیەوێت نرخی خۆراك كەم بێتەوە و بتوانێت هەناسە بدات.
لەوەڵامی ئەو گوتانەدا، ئەردۆغان، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا، بە ئۆزەلی گووت، لە پشت ئەو بەڵێنانە بە كە داوتن، باسی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان كرا، دەبێت خاوەن قسەی خۆت بیت.
هەروەها لەبارەی گرانی نرخی خۆراك و بەرزبوونەوەی باج، ئەردۆغان رووی قسەی كردە شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە و گووتی: ”بڕۆن ئەو قەرزانە بدەنەوە كە شارەوانییەكەتان كردوویەتی، ئەمە بەوە پینە ناكرێت باس لە گرانی سیمیت بكەن، بڕۆن قەرزە كەڵەكە بووەكانتان بدەنەوە.“
دوای ئەوەی لە ١٩٩٨، ئەردۆغان وەكوو سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ نەما و عەلی موفیت گوورتونا شوێنی گرتەوە، ئەردۆغان بەقەرزێكی زۆرەوە شارەوانیی ئیستانبۆڵی بەجێهێشت.
لەبەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، عەلی موفیت گوووتی: ”كە بوومە سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، ئەردۆغان بڕی یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزی بۆم بەجێهێشت، بەڵام كاتێك شارەوانیی ئیستانبۆڵم بەجێهێشت، یەك لیرەی توركیش قەرزار نەبووم.“
زۆربەی ئەو شارەوانییانەی پێشتر لای ئاكەپە بوونە و پاشان جەهەپە، یان دەم پارتی شارەوانییەكەی بردووەتەوە، ملیۆنان لیرەی توركی قەرزیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە، بۆیە سەرۆك شارەوانییە تازەكان ناتوانن پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری ئەنجام بدەن و دەبێت هەر خەریكی دانەوەی قەرزەكان بن، ئەمەش بەگوێرەی گووتەی زۆربەی ئەو سەرۆك شارەوانییانە، كە لەدوای ٣١ی٣ی٢٠٢٤ بوونەتە سەرۆك شارەوانیی.
بەگوێرەی پێشبینییەكان، لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت توندتر دەبن بەرامبەر بە یەكتری، چونكە خانەنشینان و هەروەها كاسبكاران، زۆر نیگەرانن بەدەست گرانی بازاڕ و ئەوان داوا دەكەن، ژیانی خەڵك باش بكرێت، نەك ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە حكوومەت نزیك ببێتەوە و میللەت لەبیر بكات.
بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی لەناو جەهەپەدا ئەنجامدراوە، بەوەی پێت باشە جەهەپە و حكوومەت پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە؟ زۆربەی جەهەپەییەكان بەنەخێر وەڵامیان داوەتەوە، بۆیە ئۆزگوور ئۆزەل، لە وتارەكەیدا لەناو پەرلەمانی توركیا، هێرشی تووندی كردە سەر حكوومەت، ئەم پەیامەشی بەو مانایە بوو، كە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان كۆتایی هات.