بڕیارە ناتانیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆ ببێتەوە

بڕیارە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل 26ـی ئەم مانگە، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی و غەززە و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبێتەوە.

ترەمپ لەو بارەیەوە ئاشکرایکرد، کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا بوو، ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو، ڕێککەوتنی ئیبراهیمیشیان مۆرکرد. چاویشی لەوەیە فراوانتری بکەن.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، تاکە کەس بتوانێت کۆتایی بە شەڕ و ململانێ سەربازییەکانی جیهان بهێنێت، خۆیەتی نەوەک کامالا هاریس. 

بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، لە ئەمەریکایە.

سەردانی ئەمجارەی ناتەنیاهۆ جیاوازە، چونکە وڵاتەکەی لە شەڕدایە و ئەمەریکاش هەڵبژاردنی لەپێشە و لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورەدایە.

بڕیارە 26ـی ئەم مانگە هەردوو دۆستی لەمێژینە، ناتەنیاهۆ و ترەمپ یەکدی ببین.

ترەمپ دەڵێ، “ملیۆنان کەس بەهۆی جەنگ و ململانێ سەربازییەکانەوە دەمرن، تەنیا خۆی دەتوانێت ئەمە ڕاگرێت، نەوەک کامالا هاریس”.

دۆنالد ترەمپ دەشڵێت: “ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ئامانجی فراوانکردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیمییە، ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لە 15ـی ئەیلوولی 2020، لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا مۆرکرا. 

لایەنەکانی ئەمەریکا و ئەو کەسانەی لەو ڕۆژەدا، ڕێککەوتنەکەیان مۆرکرد، بریتیبوون لە ئەمەریکا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، ئیسرائیل، لەلایەن بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، ئیمارات، لەلایەن عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات. بەحرەین، لەلایەن عەبدول لەتیف بن راشید، وەزیری دەرەوەی بەحرەین.

ئەم ڕێککەوتنەش کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکەش هەبوو تاوەکو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە. لەم چوارچێوەیەشدا لە 22ـی کانوونی یەکەمی 2020 مەغریب پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە. دواتریش لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 سودان و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاساییکردەوە.

ڕێککەوتنی ئیبراهیمی، بەهەرسێ زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و عیبری نووسراوە. ئەم ڕێککەوتنەش چەند ئامانجێکی هەیە، لەوانەش کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێکان، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ھەواڵی زیاتر