تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ كوژراو هەیە

كارزان گلی – هه‌ولێر

قوتابییان لە بەگلادیش، رژاونەتە سەر شەقام و داوای گۆڕینی سیستەم دەكەن، ئەوان دژی ئەو شۆڕشگێڕانە وەستاوەنەتەوە، كە پێشتر دەستیان هەبووە لەوەی بەنگلادیش ببێتە دەوڵەت، بەڵام ئێستا وەكوو كەسی گەندەڵ ناویان دەهێنن و دەڵێن دەبێت هەموو ئەو یاسایانە هەڵبوەشێتەوە كە لەبەرژەوەندی ئەوان و خزمانیانە.

هەزاران قوتابی زانكۆكانی بەنگلادیش، دژی سیستەمی كۆتا وەستاونەتەوە و خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدەن و رۆژانەش رێژەیەكی زۆریان لێ دەكوژرێت.
حكوومەتی بەنگلادیش، زۆر بە تووندی رووبەڕووی قوتابیییان بووەتەوە، وەكوو ئەوەی میدیاكانی جیهانی باسی دەكەن، زیاتر لە ١٠٠ قوتابی كوژراوە.
هۆكاری سەرەكی ئەو گرژییەی لەنێوان قوتابییان و حكوومەت دروست بووە، بڕیارێكە كە لەبەرژەوەندی ئەو كەسانە دەرچووە، دەستیان هەبووە لە شۆڕشی ١٩٧١ و بەنگلادیشیان لەدەستی داگیركاری پاكستان دەرهێناوە.
بڕیارەكە بەو شێوەیەیە، یەك لەسەر سێی هەموو سێكیتەرەكانی سەر بە حكوومەت، بۆ كوڕ و كچ و خزمە نزیكەكانی ئەو كەسانە دادەنرێت، كە لە ١٩٧١دا، شەڕیان كردووە بۆ سەربەخۆیی بەنگلادیش، بەڵام دوای چەندین ساڵ لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، قوتابیان داوا دەكەن بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام حكوومەت بەهێز وەڵامی داونەتەوە.
حكوومەتی پاكستان هەموو هێڵەكانی ئینتەرنێتی بچڕاندووە و بەنگلادیشیشی لەدونیای دەرەوە دابڕاندووە، تا هیچ میدیایەكی جیهانی نەتوانێت راپۆڕت و هەواڵ لەسەر ئەو خۆپیشاندانە گەورەیە ئامادە بكات.
بەڵام ئاژانسی (BBC) بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو، ئاماژەی داوە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٢٥ قوتابی بەدەستی هێزە ئەمنییەكان كوژراوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ ژمارەی كوژراو بەرزبووەتەوە و ئێستا ١٠٠ كوژراوی تێپەڕاندووە.
بەنگلادیش ژمارەی دانیشووانەكەی ١٧٠ ملیۆن كەسە، لە ١٩٧١، توانیان لە پاكستان جیا ببنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بزوتنەوەیەكی چەكداریان دامەزراند و بۆ ماوەی پێنج ساڵ شەڕێكی خوێناویان لەگەڵ پاكستاندا كرد.
بەنگلادیش وڵاتێكی هەژارە، گەنجەكانیان دەچنە وڵاتانی تر بۆ ئەوەی كار بكەن و خێزانی خۆیان بژیەنن، بەڵام جیا لەوەی وڵاتەكە هەژارە، گەندەڵی تەواوی ئەو وڵاتەی داپۆشیوە، بەجۆرێك ئەوانەی لە دەسەڵات نزیكن ژیانی زۆر شاهانەیان هەیە و بەشێكی زۆری میللەتیش برسییەتی.
سامینا، مامۆستای زانكۆیە لە زانكۆی (دەككا)، قسەی بۆ (بی بی سی ) كردووە و پێیوایە، ئیدی تەنیا قوتابییان داواكارییان نییە، بەڵكوو هەموو بەشێكی كۆمەڵگە داواكاری هەیە و داوای گۆڕینی ئەو سیستەمە دەكەن.
ئەگەرچی بەنگلادیش، یەكێكە لەو وڵاتانەی ئابوورییەكەی بەخێراترین شێوە لە گەورەبووندایە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەو گەورەبوونە كاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتی دانەناوە.
بەگوێرەی بۆچوونی بەشێكی زۆری میدیاكان و ئەوانەی شارەزای ئابوورین، ١٨ ملیۆن گەنج لە بەنگلادیش بێكارن و بەدوای كاردا دەگەڕێن.
ئەو وڵاتە لەڕووی دروستكردنی جلوبەرگ و قوماشەوە، زۆر دەوڵەمەندە و ساڵانە بەڕێژەی ٤٠ ملیار دۆلار تەنیا قوماش و جلوبەرگ هەناردەی دەرەوە دەكات، بەڵام بەهۆی بوونی گەندەڵییەكی زۆر لە دام و دەزگاكانی دەوڵەت، خەڵكی ئەو وڵاتە لە هەژارییەكی سەختدا دەژین.
شێخ خاسینە، سەرۆك وەزیرانی بەنگلادیش، ماوەی ١٥ ساڵ دەبێت سەرۆكوەزیرانە و نایەوێت كورسی بۆ كەسێكی تر چۆڵ بكات. ئەگەرچی هاتنی ئەو بۆ سەر كورسی دەسەڵات، گۆڕانكاری زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، وەكوو دروستكردنی پردی گەورە، میترۆ، شەمەندەفەر، رێگای ئۆتۆبان و چەندین كارگەی گەورە، هەروەها وەكوو ئەوەی باس دەكرێت ٢٥ ملیۆن كەسی لە هەژاری رزگار كردووە، بەڵام چاەودێرانی سیاسی ناو بەنگلادیش، دەڵێن ئەو گۆڕانكارییانە تەنیا ئەو كەسانە لێ سوودمەند بوونە، كە سەر بە پارتەكەی خاسینەن.
ئەوەی خەڵكی نیگەران كردووە و مامۆستایانی زانكۆش باسی دەكەن، حكوومەت لەئاست ئەو گەندەڵییەی لە وڵاتەكەدا بوونی هەیە بێدەنگە و تاوەكوو ئێستا هیچ كەسێك لەسەر گەندەڵی سزا نەدراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە وڵاتەكە بووەتە شوێنی گەندەڵكاران و هەژارەكانیش هەر بە هەژاری دەمێننەوە.
سەرۆكوەزیران دانی بەوەدا ناوە، كە لە وڵاتەكەیدا گەندەڵی بەشێوەیەكی بەربڵاو بوونی هەیە، بەڵێنیشیدا گەندەڵكاران سزا بدات، بەڵام قوتابییان و گەلی بەنگلادیش پێناچێت بەو بەڵێنانە دڵیان ئاو بخواتەوە و دەیانەوێت سیستەمی سیاسی و سەرۆكوەزیران بگۆڕن.