لە خۆپیشاندانەکەی بەنگلادیش، 300 پۆلیس برینداربوون و زیاتر لە 100 کەسیش کوژران

شەممە،20 تەمموزی 2024، گوتەبێژی پۆلیسی دەکا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، دوێنێ هەینی، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران لە چەند شوێنێکی دەکا، لانیکەم 300 پۆلیس بریندار بوون.

فاروق حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی دەکا ڕایگەیاند، “هێزەکانی پاراستنی یاسا لەگەڵ سەدان هەزار خۆپیشاندەر ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، لە پێکدادانەکاندا لانی کەم 105 کەسیان کوژراون، هەروەها لانی کەم 150 پۆلیسش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و 150 پۆلیسی دیکەش تیماری سەرەتایییان وەرگرتووە”.

ئەمڕۆ شەممە، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش، شێخە حسینە، سوپا لە شەقامەکانی پایتەختدا بڵاو کرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پۆلیس نەیتوانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات، هاوکات قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیاندرا.

نەعیم ئیسلام خان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، “حکوومەت بڕیاریدا قەدەغەی هاتووچۆ بسەپێنێت و سوپاش بۆ هاوکاریی دەسەڵاتی مەدەنی بڵاو بکاتەوە”.

ئەمڕۆ بەیانی، شەقامەکانی دەکا، کە بیست ملیۆن کەسی تێدا دەژین، چۆڵ بوون و سوپا، سەرباز و زرێپۆشی لەناو شاردا بڵاو کردووەتەوە.

خۆپیشاندانەکە، بە گەورەترین خۆپیشاندان دادەنرێت لە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی شێخە حسینە، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش.

خۆپیشاندانی قوتابیان، بەهۆی بەرزیی ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجان و دژی سیستەمی پشکی دامەزراندن لەکەرتی حکوومەتیدا، دەستی پێ کرد.

ھەواڵی زیاتر