عێراق دووەم پیسترین ژینگەی لە جیهاندا هەیە

بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر زیاتر پیسبوونی ژینگەی عێراق ھەیە. شارەزایان ھۆشداریی لە خراپتربوونی دۆخی ژینگەی عێراق دەدەن بەتایبەت كە پلەی دووەمی لە لیستی پیسترین کەشوهەوای لە جیهاندا بۆ ساڵی 2023 بەدەست هێناوە.

عێراق، بەجۆرێك ژینگەكەی پیسە كە لە ڕیزبەندی جیھانی لە پلەی پێش کۆتاییدایە. جیا لە بڵاوبوونەوەی پاشماوەی کارگەکان و دەرهێنانی نەوت و سووتاندنی گاز، شارەزایان بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماش بە یەكێكی دیكە لە ھۆكانی پیسبوونی ژینگەی عێراق دەزانن.

ئەحمەد حەسەن، شارەزای بواری ژینگە، ڕایگەیاند، بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما قەبارەی پیسبوونی ژینگە زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی چەند هۆیەکەوەیە لەوانە: بەردەوام كارپێكردنی مووەلیدە ئەهلییەكان، ھەروەھا زیادبوونی حاڵەتەكانی ئاگركەوتنەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەھەڵمبوونی ئاوی ڕووبار و دەریاچەكان.

لای خۆیەوە دكتۆر عەمار حەیالی، پسپۆر لە نەخۆشییە گوازراوەكان، ڕوونیكردەوە “بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و پچڕانی كارەبا و پیسبوونی ژینگە کەشێکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان دروست دەکات”.

ئاماژە بەوەش دەكات، “بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و خراپیی دۆخی كارەبا ھۆیەکی سەرەكییە بۆ بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی تایبەت بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی ھەناسە” دەشڵێت “تێكچوونی كەرەستەی ساردكەرەوە و مەترسییەكانی پەیوەست بە پیسبوونی ئاو و بڵاوبوونەوەی كۆلێرا پەیوەندی بە پیسبوونی ژینگەوە ھەیە”.

زۆربەی عێراقییەکان گلەیی لە کەمیی خزمەتگوزارییەكان و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری دەکەن، كە چەندین ساڵە وڵاتەكە بەدەستیەوە گیرۆدەیە، بەگوێرەی داتا و ئامارە نێودەوڵەتییەكان عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوھەوای لەسەر دەركەوتووە و ژینگەكەی لە خراپترینی ژینگەی جیھانە بەجۆرێك لە نێو 125 وڵاتدا لە پلەی 124مین دێت، واتە خاوەنی دووەم پیسترین ژینگەیە لە جیھان.

ھەواڵی زیاتر