نزیكبوونەوەی توركیا و سووریا بەبێ كورد بێئەنجامە

كارزان گلی – هه‌ولێر

رەجەب تەییب ئەردۆغان، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی راسپاردووە، تا لە نزیكترین كاتدا لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا كۆ ببێتەوە. بەشێك لە سیاسییەكانی توركیاش پێیانوایە، بەبێ كورد، هیچ ئاشتییەك نایەتە دی و ترسیشیان هەیە، ئەو دانیشتن و لێكنزیكبوونەوەیەی سووریا و توركیا، لەسەر حیسابی كورد بێت.

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی دا، دەتوانێت بچێتە سووریا و چاوی بە ئەسەد بكەوێت و دانیشتنی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد رێكبخات و پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكاتەوە.
بەڵام تونجای بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، رەخنە لە ئۆزەل دەگرێت، پێی دەڵێت، تۆ دەتەوێت بۆ دژایەتیكردنی كورد، نێوەنگیری لە نێوان ئەردۆغان و ئەسەددا بكەیت؟
دوای ئەوەی، ئەردۆغان لەبەر چاوی میدیاكان و بەفەرمی داوای لە ئەسەد كرد، كە ئامادەیە پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، میدیاكانی جیهان و توركیا، قسەی زۆری لەبارەوە دەكەن، بەتایبەت كوردانی رۆژئاوا، كە پێیانوایە، ئەردۆغان بۆ ئەوە لە ئەسەد نزیك دەبێتەوە، تا ئەو ستاتۆیەی لە رۆژئاوای كوردستان دروست بووە لەناوی ببات.
دوای ئەوەی ئۆزل، سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، پشتگیری لەو نزیكبوونەوەیەی توركیا و سووریا كرد، سیاسییەكانی باكووری كوردستان نیگەران بوونە و پێیانوایە، پارتە سیاسییەكانی توركیا، بۆ دژایەتی كورد یەكدەگرن.
بۆیە بەكرخان، لەناو پەرلەمانی توركیا و لە وتارێكدا، بە ئۆزەلی گوت، ئەوەی تۆ دەتەوێت بیكەیت، كە دانیشتن لە نێوان ئەسەد و ئەردۆغان دروست بكەیت، تەنیا دژایەتی كوردە و هیچ سوودێكی بۆ توركیا نییە.
ئەو لەگەڵ ئەوەدایە، خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و سووریا، بۆ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، نەك لایەنێكی تر لە بری ئەوان بڕیار بدات.
زیاتر دەڵێت: ”ئایە ئەمە كەوتووەتە سەر شانی تۆ، كە دوو دوژمنی كورد لە یەكتری نزیك بكەیتەوە؟ ئەمە لە جەهەپە و تۆ ناوەشێتەوە، ئەگەر دەتەوێت نێوەنگیری بكەیت، نابێت شەڕ لە ئێران و عێڕاق و سووریا دروست بكەیت، دەبێت رۆڵت هەبێت بۆ هێنانە دی ئاشتی.“
سەزگین تانریكولو، پەرلەمانتاری جەهەپە، لەسەر بازنەی ئامەد، پێیوایە ئەگەر بێت و بیانەوێت لە سووریا ئاشتی بهێننە بوون و كورد لەبەرچاو نەگرن، ئیرادەی كورد فەرامۆش بكەن، بەهیچ شێوەیەك ناتوانن بگەن بە ئاشتی.
تانریكولوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەناو پەرلەمانی توركیا گوتی: ”لە ٢٠١٢دا گوتمان و لە ٢٠١٣ش گوتمان، دەبێت لە سووریا، رێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت و دیموكراتییەكی گونجاو لە رژێمی سووریا بێتە بوون. بەڵام ئاكەپە چی كرد؟ هەموو رێكخراوە جیهادییەكانی جیهانی لە ٨٠ وڵاتەوە كۆ كردەوە و دژایەتی ئەسەدی پێكرد و لەڕووی لۆجیستییەوە پاڵپشتی كردن.“
بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان سووریا و توركیا نییە، بەڵام دەڵێت، ئەم نزیكبوونەوەیە دەبێت بەشێوەیەكی دروست بێت و لەسەر حیسابی كورد نەبێت.
تانریكولوش، ئاكەپە تۆمەتبار دەكات، كە گەیشتنی سووریا بەم رۆژەی ئێستا، لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئاكەپە بووە.