نیوەی زیاتری گەلی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

گۆڕانكاری لەرێگەی هەڵبژاردنەوە، لە تەواوی وڵاتانی ئەورووپا سەری هەڵداوە، ئۆپۆزسیۆن توانی بچێتە دەسەڵات و ئەو پارتانەی لە دەسەڵات بوون بە شكست لێی هاتنە دەرەوە، بۆیە ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوا دەكات، توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و بەگوێرەی تازەترین راپرسیش بێت، زیاتر لە نیوەی گەلی توركیا، هەڵبژاردنیان دەوێت.

دەزگا راپرسییەكانی توركیا، هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە، تا بزانن گەلی توركیا، لەگەڵ ئەوەیە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان لەم حكوومەتەی ئێستایان رازین.
دەزگای راپرسی (AREA)، راپرسی ئەنجامداوە و ئەنجامەكەی بۆ ئاكەپە و مەهەپە خۆش نییە، چونكە ٥٣٪ی گەلی توركیا، داوای كردووە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
هەر لە راپرسییەكەدا، لەو كەسانەیان پرسیوە كە بەشداری راپرسییەكەیان كردووە، ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن بكرێت، دەنگ بە كام پارت دەدەیت؟ جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەپێش ئاكەپە كەوتووە و ٣٢.١٪ی بەشداربوانی راپرسییەكە گوتویانە دەنگ بە جەهەپە دەدەین، كە دەنگەكانی بەپێش ئاكەپە كەوتووە.
لە راپرسییەكەدا ٢ هەزار و ٥٦ كەس بەشداریان كردووە و ٢٩٪ی بەشداربوان گوتویانە دەنگ بە ئاكەپە دەەدین، بەمەش ئاكەپە هاتووەتە ریزبەندی دووەم پارت دوای جەهەپە.
هەروەها ٥٣٪ی گەلی توركیا، پێی باشە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و داوایان كردووە هەڵبژاردن یەكلایی بكاتەوە، كە گەل دەیەوێت دەسەڵاتی ئێستا بگۆڕێت یان بمێنێتەوە.
جەهەپە، لەرێگەی چەند دەزگایەكی میدیایی خۆیەوە، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، هەروەها چەند پارتێكی سیاسیش لە توركیا، داوا دەكەن توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردن.
دەم پارتی، لەرێگەی هاوسەرۆكانی خۆیەوە، بەفەرمی رایگەیاند، ئەوان ئامادەی هەڵبژاردنن و لە هەڵبژاردن ناترسێن.
بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، دوو ئەگەر هەیە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن، یەكەم، بەربژێری جەهەپە، دەتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سەركەوێت، بەڵام بەجیاوازییەكی كەم.
ئەگەری دووەم ئەوەیە، رەنگە سیناریۆی بەریتانیا دووبارە ببێتەوە، ئەویش بەربژێری جەهەپە، بەرێژەیەكی زۆر بە پێش رەجەب تەییب ئەردۆغان بكەوێت، هەروها لەناو پەرلەمانیش ئۆپۆزسیۆن بەرێژەیەكی زۆر دەبنە زۆرینە، واتە لە كۆی ٦٠٠ كورسی، دەتوانن ٤٠٠ كورسی مسۆگەر بكەن.
یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە ئەوەیە، توركیا بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێپەر دەبێت و هەژاری رووی لەو وڵاتە كردووە، بۆیە گەلی توركیا داوای گۆڕینی دەسەڵات دەكەن.
لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، گەلی توركیا پەیامێكی توندی دایە دەسەڵات كە ئاكەپەیە، ئەو پارتە هەموو شارەوانییە گەورەكانی لەدەستدا و ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بۆ یەكەمجار بوو لە دوای ٢٠ ساڵ، بووە پارتی یەكەم.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بۆ دەم پارتی، دەنگی ئەو پارتە لە هەڵكشانە، بەگوێرەی ئەنجامی راپرسی دەزگای ناوبراو بێت، ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەم پارتی دەنگەكانی بۆ ٩.٦٪ بەرز دەبنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە، كە مەهەپەی هاوپەیمانیی ئاكەپە، دەنگەكانی بەشێوەیەك لە كەمبوونەوەیە، چاوەڕوان دەكرێت ١٪ زیاتر نەهێنێت، واتە ٩٪ی دەنگەكانی كەم دەكات، چوونكە زۆربەی نەتەوەپەرستەكان، روویان لە جەهەپە كردووە.
چاوەڕوان دەكرێت، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە چەند رۆژی داهاتوو، بەفەرمی باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات و یەكلایی دەكاتەوە، كە ئاخۆ پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە یان نا.