كارزان گلی – ههولێر
لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، ئۆپۆزسیۆن سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەستهێناوە، بەتایبەت لە بەریتانیا، كە پارتی كار دوای زیاتر لە ١٠٠ ساڵ، توانی بەگەورەترین ئەنجام لێی بێتە دەرەوە و ٤١٠ كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. ئۆپۆزسیۆنی توركیا، راستە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی٢٠٢٤، توانیان ببنە پارتی یەكەم و سەركەوتوو بوون، بەڵام ئەو سەركەوتنەی ئەوان دەیانەوێت، زۆرینەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمارە.
دوای ئەوەی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بووە پارتی یەكەم، كە دوای ٢٢ ساڵ، بۆ یەكەمجار بوو بەپێش ئاكەپە بكەوێت، ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە گووتی: ”گەل بڕیار دەدات ئایە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە یان نا، بۆ خۆم داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكەم“
بەڵام لە تازەترین دیمانەیدا لەگەڵ رۆژنامەی (بیرگون)ی توركی، كە ٢٧ی٦ی٢٠٢٤ بڵاوكراوەتەوە، ئۆزەل، بەئاشكرا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد و گووتی، راستە رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ پێنج ساڵ هەڵبژێردراوە، بەڵام تەنیا دوو ساڵ و نیو حوكوم دەكات، واتە ساڵێك رۆیشت و ساڵ و نیوێكی تر توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
بەڵام لە لێدوانێكی تریدا، دەڵێت ”ئەگەر دوا نەكەوین، دەبێت بچینە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە“
هۆكار زۆرن، كە ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، دیارترنیان سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی ئەورووپا و توركیاش دەیەوێت، نیشانی بدات كە ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەكەی ئەوانیش دێتە سەر كورسی دەسەڵات.
بەگوێرەی ئەو راپرسیانەی پێشتر كراون، بەوەی گەلی توركیا هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەوێت یان نا، كەمتر لە ٥٠٪ی گەل، هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەوێت، بەڵام لەم مانگەدا رای گشتی توركیا گۆڕاوە و ئەوانەی داوای هەڵبژاردن دەكەن، رێژەیان چووەتە سەرووی ٥٠+١.
بەگویرەی ئەو زانیارییانەی لە كۆبوونەوە نهێنییەكانی ناو جەهەپە گەیشتووەتە دەست چەند میدیایەكی توركیا، جەهەپە پێیوایە باشترین كاتە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، چوڤونكە خەڵك ئازاری زۆر دەچێژێت بەدەست گرانی نرخی خۆراك، هەروەها ژیان لە توركیا زۆر ئەستەم بووە و هەژاری تا دێت لە بەرزبوونەوەیە، بۆیە جەهەپەیەكان پێیانوایە ٦٧٪ی دەنگدەر لە توركیا، دەڵێن پەلە بكەن لە گۆڕینی دەسەڵات.
ئەردۆغان چۆن توركیا دەباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە
ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم بتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكات، هیچ چارەیەكی نییە دەبێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چوونكە بە گوێرەی دەستووری توركیا، ئەو كەسەی دەبێتە سەركۆمار، دەبێت تەنیا دوو خول سەركۆمار بێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە، پێویست دەكات پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.
ئۆزەل، دەزانێت ئەردۆغان، هەر ئەو رێگەیە دەگرێتە بەر، بەڵام رەنگە چەند مانگێك بەر لە تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتییەكەی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، واتە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٨، بەڵام ئۆزەل، دەیەوێت لە كۆتایی ٢٠٢٦دا، لەرێگەی فشارەكانی بۆ سەر دەسەڵات، پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
دەوڵەت باخچەلی پیاوی هەڵبژاردنی پێشوەختە
باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، تەنیا یەك جار چووەتە ناو حكوومەتی هاوپەیمانییەوە و لەوە زیاتر هیچ كاتێك لەناو حكوومەت نەبووە، بەڵام پێی دەڵێن پیاوی هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە دەنگی پارتەكەی لەناو پەرلەمان، سێ جاران بووەتە هۆی ئەوەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
راستە مەهەپە، هاوپەیمانیی ئاكەپەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (كۆماری)، بەڵام ئەو پیاوە جێی متمانە نییە و هەركاتێك بەمێشكیدا بێت، دەتوانێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئاكەپە، بەتەنیا زۆرینەی پەرلەمان نییە، بەدەنگی مەهەپە، لەناو پەرلەمان زۆرینەن، بۆیە هەركاتێك مەهەپە، لە هاوپەیمانیی بكشێتەوە، توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆیە میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن، گوشاریان بۆ سەر باخچەلی دەستپێكردووە و دەڵێن، وەكوو چۆن پێشتر لەرێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، توركیای لە چەندین كێشە رزگار كردووە، چاوەڕێین هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، نێوانی مەهەپە و ئاكەپە باش نییە، ئەویش دوای ئەوەی، ئەردۆغان، داوای لە ئۆزگوور ئۆزەل كرد، كە پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و ئەردۆغان بۆ خۆی چووە بارەگای جەهەپە و سەردانی ئۆزەلی كرد، ئەمە باخچەلی نیگەران كرد.
هەروەها دۆسییەی كوشتنی سینان ئەتەش، كە باخچەلی تۆمەتبار دەكرێت بە كووشتنی ئەو سەركردەیەی مەهەپەل و ئەردۆغان لەگەڵ هاوسەری سینان دانیشت و بەڵێنیدا كە بكەری كووشتنی هاوسەرەكەی بداتە دادگا، ئەمە باخچەلی زیاتر لە ئەردۆغان نیگەران كردووە و ئەگەر هەیە، لە هاوپەیمانی (كۆماریی) بكشێتەوە و دەرگای هەڵبژاردنی پیشوەختە بكاتەوە.