یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

2024 گەرمترین ساڵی جیهان دەبێت

زانایان لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ و دیادەی ئێل نینۆی ژینگەیی، بەشێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەمساڵ دا.

ڕێکخراوی چاودێریی گۆڕانی کەشوهەوا لە یەکێتیی ئەوروپا (کۆپەرنیکۆس) ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەممووزی 2024 بڵاوی کردووتەوە، بە هۆی بەردەوامبوونی زنجیرە شەپۆلێکی گەرمای نائاسایی و ناسروشتی، حوزەیرانی ڕابردوو گەرمترین مانگ بووە، هەربۆیە زاناکان پێشبینی دەکەن 2024 گەرمترین ساڵی گۆی زەویی بێت.

کۆپەرنیکۆس بڵاوی کردووتەوە، بۆ 13 مانگە لە حوزەیرانی 2023 ـەوە لەسەر یەک بەرزترین پێوانەی گەرما تۆمار دەکرێت بەراورد بە مانگەکانی هاوشێوە لە ساڵانی پێشووتر.

هەر بە گوێرەی تۆمارەکانی ڕێکخراوەکە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەهۆی چالاکییە مرۆییەکان و دیاردەی ئێل نینۆی ژینگەیی بەرزترین پلەکانی گەرما تۆمار کراوە و بەپێی تۆمارەکان بێت ئەم ساڵ (2024) پلەی بەرزتری گەرمی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو (2023) تۆمار کراوە. پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ گەرمترین ساڵی گۆی زەوی بێت لە مێژوودا، ئەمەش دەبێتە هۆیەک هەموو جیهان ڕووبەڕووی لێکەوتەی خراپ و جددی ببێتەوە.

هەروەها فرێدریک ئۆتۆ زانای بواری ژینگەیی لە پەیمانگەی گرانسام لە زانکۆی ئیمپریال کۆلێج لە لەندەن دەڵێ؛ لەو هۆکار و فاکتەرانە وا دەکەن 2024 گەرمترین ساڵ بێت تا ڕادەیەک دەکرێ کەم بکرێنەوە، چونکە دیاردەی ئێل نینۆ، دیاردەیەکی سروشتییە و بەردەوام دێت و دەڕوات، ئەمەش لە دەسەڵاتی مرۆڤ نییە، بەڵام دەتوانرێت سووتاندنی نەوت و گاز و خەڵوور ڕابگیرێت یان کەم بکرێنەوە.

ئێل نینۆ، ئەو دیاردە سروشتییەیە کە بەشی سەرەوەی ئاوی زەریای هێمن گەرم دەکات و کاردانەوەکەشی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەکانی گەرمای گۆی زەوی.