داوا دەکرێت ئافرەتانی ئەڵمانیا بخرێنە خزمەتی سەربازی زۆرەملێوە

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، پشکنەری گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا پێشنیاری کردووە کە ئافرەتان بخرێنە خزمەتی سەربازی زۆرەملێوە.

ئەڵمانیا لە ساڵی 2011دا،  سەربازی زۆرە ملێی هەڵوەشاندەوە، هەرچەندە یاسای وڵاتەکە هێشتا ڕێگە بە خزمەتکردنی سەربازی زۆرەملێ دەدات لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ یان هەر گرژییەکی دیکە.

هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سەرنجی خستە سەر کەموکوڕییەکانی سوپای ئەڵمانیا و مشتومڕەکانی لەسەر دووبارە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ هێنایە ئاراوە.

وەزیری بەرگری ئحەڵمانیا بۆریس پیستۆریۆس، لە مانگی حوزەیراندا پلانەکانی بۆ مۆدێلێکی نوێی خزمەتکردنی سەربازی خستەڕوو کە ئامانج لێی پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی سوپایە.

کارستن بروێر، ئەفسەری پلە باڵا لە سوپای ئەڵمانیادا بە گروپی میدیایی”RND”ـی ئەڵمانی ڕاگەیاند، خزمەتی سەربازی زۆرەملێ کە ئێستا ڕاگیراوە، بەپێی یاسای بنەڕەتی تەنها پیاوان دەگرێتەوە، گوتیشی “دەبێت یەکسانی جێگیر بکرێت”. ئەو ئەفسەرە دەشڵێت، دامەزراندنی مافی یەکسان لەم حاڵەتەدا پێویستی بە گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە.

پیستۆریۆس بەنیازە تۆمارکردنی زۆرەملێ بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەبێت گەنجان ئامادەیی و توانای خۆیان بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی دەرببڕن، ئافرەتانی گەنج دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان ئەم کارە بکەن.

وەزیرەکە بیرۆکەکەی بە “خزمەتگوزارییەکی سەربازی هەڵبژێردراو” وەسفکردووە، ئامانجی ئەوەیە ڕێگە بە سوپا بدات “بەتواناترین و گونجاوترین “بن بۆ مەشق و ڕاهێنان.

بڕیارە نوێیەکە لە شەش مانگ خزمەتکردنی سەربازی سەرەتایی پێک بێت لەگەڵ بژاردەی خزمەتکردنی سەربازی خۆبەخشی زیادە بۆ ماوەی 17 مانگ.

بروێر پشتگیری خۆی بۆ مۆدێلە نوێیەکەی دامەزراندنی سەربازی دەربڕی، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕوانگەی سەربازییەوە پێویستی بە بنیاتنانی توانا هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە پلاندانانی ناتۆ.

ئەو ئەفسەرەی سوپای ئەڵمانیا گوتیشی: ئەڵمانیا ناوەندی هاوپەیمانی بەرگریی ڕۆژئاوایە و ئەو وڵاتە پێویستی بە زیاتر لە 400 هەزار سەربازی کاتی و پیشەگەر و سەربازی یەدەگ هەیە، بۆ دابینکردنی ئەم داواکارییە، نزیکەی 100 هەزار سەربازی یەدەگی زیادە پێویستە، کە دەتوانرێت لە سەرەتادا لە ڕێگەی مۆدێلە نوێیەکەوە دابین بکرێت.

ھەواڵی زیاتر