بۆ دووەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژاردنی سەرکۆمار کەوتە گەڕی دووەم

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەینیی ڕابردوو چواردەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ئێران بەڕێوەچوو و بۆ دووەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردن کەوتە گەڕی دووەم و هیچ کام لە پاڵێوراوەکان نەیانتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان مسۆگەر بکەن. گەڕی دووەمی هەڵبژاردن هەینیی داهاتوو پێنجی تەمووز دەکرێت و لە نێوان مەسعوود پزیشکیان و سەعید جەلیلی کە زۆرترین دەنگیان هێناوە یەکێکیان دەبێتە سەرکۆماری داهاتووی ئێران.

لە ئێران دوای ئەوە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە درا کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری ئێران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە، لەگەڵ وەزیری دەرەوە و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای ئەردەبیلی ئێران گیانیان لەدەست دا. دەستووری ئێران پەنجا ڕۆژی دیاری کردووە بۆ ئەوەی دوای نەمانی سەرکۆمار بە هەر هۆکارێک هەڵبژاردن بکرێت و کەسێکی دیکە هەڵبژێردرێت. ئەوە بوو ڕۆژی هەینی ٢٨ی حوزەیران هەڵبژاردنەکە کرا و شەش کەس ڕکابەریی یەکتریان دەکرد کە ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردن دوو لە پاڵێوراوان کشانەوە و چواریان مانەوە و خەڵک دەنگیان پێیان دا.
دەرەنجامی فەرمی
دوێنێ شەممە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێران بە فەرمی دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند. بەپێی دەرەنجامەکە ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان نزیکەی چل لەسەدا بوو کە بە کەمترین ڕێژەی دەنگدان لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لەو وڵاتە هەژمار دەکرێت. لە شەست و یەک ملیۆن و چوارسەد و پەنجا و دوو هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو بیست و چوار ملیۆن و پێنجسەد و سی و پێنج هەزار کەس بەشداری کرد.
بەپێی دەرەنجامەکە مه‌سعوود پزیشكیان دە ملیۆن و چوارسەد و پازدە هه‌زار ده‌نگی هێنا و نزیکەی چل و سێ لەسەدی دەنگەکانی مسۆگەر کرد بەڵام نەیتوانی بیگەیەنێتە سەرووی پەنجا لەسەدا بۆ ئەوەی بە سەرکۆمار بناسرێت. لە ساڵی ٢٠٠٥یش هیچ کام لە پاڵێوراوەکانی نیوەی دەنگەکانیان نەهێنا و هەڵبژاردن کەوتبووە گەڕی دووەم.
سه‌عید جه‌لیلی به‌ نۆ ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و سێ هەزار ده‌نگ له‌ ڕیزبه‌ندیی دووه‌مدا دێت کە نزیکەی سی و نۆ لەسەدای دەنگەکانی هێنا. محه‌مه‌د باقر قالیباف به‌ سێ ملیۆن و سێسەد و هەشتا و سێ هەزار ده‌نگ خوارووی چواردە لەسەدا و پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ست هێنا. ده‌نگه‌كانی مسته‌فا پوورمحه‌مه‌دیش بریتی بوون له‌ دووسەد و شەش هه‌زار ده‌نگ و بەگشتی سەرووی حەوتسەد و پەنجا هەزاریش دەنگی بەتاڵ و پووچەڵ بوون کە خرابوونە نێو سندووقەکانەوە.
دابەزینی ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان
بەپێی ئاماری فەرمیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان لەم خولەی سەرۆکایەتیی ئێراندا نزیکەی چل لەسەدایە و بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەشت لەسەدا دابەزی.
لە ئێران چواردە خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری بەڕێوەچوون و زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن بۆ خولی دەیەم دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ بەڕێوەچوو و نزیکەی هەشتا و پێنج لەسەد لە دانیشتووانی ئێران بەشدارییان لە دەنگدان کرد.
لە خولی سێزدەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران کە لە ساڵی ٢٠٢١ کرا کەمترین ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمار کرا و چل و هەشت لەسەدی دەنگدەران دەنگیان دا و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکەوت.

دەنگدان لە کوردستان
هەر بە پێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمترین ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کرا و لە پارێزگای سنە ڕێژەکە بیست و سێ لەسەدا بوو. لە پارێزگاکانی تری کوردستانیش ڕێژەکە نزم بوو و هەندێک شار ڕێژەکەی خوارووی پازدە لەسەدا بوو.
هۆکاری سەرەکیی دابەزینی دەنگدان لە ئێران بە گشتی و کوردستانەکەی بە تایبەتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خەڵک پێیان وایە یاساکانی ئێران ڕێگە نادەن خەڵک ئازادانە خۆیان کاندید بکەن و بە بیانووی جیاوازی وەک، سوننە بوون یا ئەوەی کە ئافرەتە یان بە هۆکاری تری سیاسی ڕەت دەکرێنەوە. جگە لەمە ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە کورد و نەتەوەکانی ترەوە لە دەرەوە هەڵبژاردنیان بایکۆت کرد و داوایان لە خەڵک کردبوو بەشداری نەکەن.
ئەنجومەنی چاودێریی دەستووری ئێران تەنانەت زۆرێک لەو کەسانەی ڕەت کردەوە کە لە کۆماری ئیسلامی نزیک بوون و تەنانەت هەندێکیان دوو خول سەرۆک کۆمار بوون و هەر ئەوەش وای کردووە خەڵکی ئێران خول لە دوای خول کەمتر بەشداری لە دەنگدان بکەن.
گریمانەکان
رۆژی هەینی مەسعوود پزیشکیان و سەعید جەلیلی کە لە دوو باڵی جیاوازی کۆماری ئیسلامین لە هەڵبژاردندا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هەرچەندە پزیشکیان لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگی هێنا بەڵام چانسی جەلیلی بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار زیاترە.
هۆکاری یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەنگەکانی محەمەد باقر قالیباف لە گەڕی دووەم بۆ جەلیلی دەچن و خۆیشی دوێنێ بە فەرمی بە لایەنگرانی گوت دەنگ بە جەلیلی بدەن. دوو کاندیدەکەی تریش کە هەر لە هەڵبژاردن کشابوونەوە لە باڵی بناژۆخوازن و داوایان لە لایەنگرانیان کردووە دەنگ بە جەلیلی بدەن و بەمەش چانسی جەلیلی زۆر زیاتر دەبێت.
تەنیا لە یەک حاڵەتدا ئەو ئەگەرە هەیە پزیشکیان بیباتەوە ئەویش ئەوەیە ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان بەرز ببێتەوە و ڕیفۆرمخوازان و خەڵکی تری ئێران بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگی پزیشکیان بەرز بکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر