ئەمڕۆ جەنگی نێوان بایدن و ترەمپ دەست پێ دەکات

ئەمەریکییەکان خۆیان بۆ سەیرکردنی یەکەم دیبەیتی نێوان جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدای کۆمارییەکان ئامادە دەکەن، کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوە دەچێت.

ئەمە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو کاندیدانە نییە، بەو پێیەی پێشتر ئەو دوو کەسە لە دیبەیتەکانی 2020دا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و بەم شێوەیەش پێش دیبەیتی داهاتوو، پرسیار لەسەر خاڵە جیاوازەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ دەوروژێنرێت.

لە کاتێکدا دوو کاندیدای بەتەمەنی وەک بایدنی 81 ساڵان و ترەمپی 78 ساڵان، هەریەک لەو دوو کەسایەتییە شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا، ترەمپ بەردەوامە لە گرتنەبەری قسە پۆپۆلیستییەکەی، وەک ئەوەی لە میانی گردبوونەوەیەکی جەماوەری هەڵبژاردندا لە فیلادلفیا گاڵتەی بە بایدن دەکرد، کە دەتگوت: “ئەو هەمیشە نووستووە، چونکە ئەوان دەیانەوێت لە باشترین بارودۆخدا بێت”، کە مەبەستی بایدن بوو، لە لایەکی دیکەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن وەڵامی ترەمپی دایەوە بەوەی کە هەوڵ دەدات “سەرنجمان لەسەر دیبەیتی ئێوارەی پێنجشەممە لەبەردەم خەڵکدا ئاڵۆز بکات”.

عەمار موسا، گوتەبێژی کەمپەینەکەی بایدن دەڵێت، “ترەمپ ناچار دەبێت وەڵامی سەندنەوەی ئازادیی ئەمەریکییەکان بداتەوە، بەڵێنی کەمکردنەوەی باج بە خێرخوازە ملیاردێرەکان دەدات لەسەر حیسابی چینی ناوەڕاست، هەروەها هەڕەشە لە خودی دیموکراسیمان دەکات بە بەڵێنەکانی کە ئەگەر “سەرکەوت وەک دیکتاتۆرێک فەرمانڕەوایی دەکات و ئەگەریش دۆڕا توندوتیژی دەکات”.

دیبەیتی نێوان بایدن و ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی حوزەیران بۆ ماوەی 90 خولەک، کە لە لایەن کەناڵی “سی ئێن ئێن”ـی ئەمەریکییەوە پەخش دەکرێت، هەریەکەیان بە خاڵە بەهێزەکانی خۆیان دێنە ناو دیبەیتەکە و گفتوگۆ دەکەن، باسی لاوازییەکانی یەکتر دەکەن، هەروەها بایدن بەڵێن دەدات بۆ ڕزگارکردنی دیموکراسی بە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکەی ڕایگەیاندووە کە بەنیازە “بۆ ڕۆژێک” دیکتاتۆر بێت. هەروەها بایدن خۆی وەک گەرەنتی مافی یافرەتان بۆ لەباربردنی منداڵ و هاوپەیمانی چینی مامناوەند نیشان دەدات، هەروەها دژی ڕژێمەکانی وەک ڕووسیا و چین وەستاوە.

لە لایەکی دیکەوە ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت ئەو کشانەوەی ئەمەریکا کە تووشی بووە بوەستێنێت و بەڵێنی ئەوە دەدات بە کەمکردنەوەی باج و باجی گومرگی توند و پڕۆژەی گەڕان بەدوای نەوت و دەرکردنی بەکۆمەڵی کۆچبەران ئەو کارە بکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی “سی ئێن ئێن” ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە ئابووری پرسی سەرەکییە بۆ ئەمەریکییەکان و بایدن ئەم کەتەگۆرییە بە بەرامبەرەکەی لەدەست دەدات، چونکە ئەمەریکییەکان زیاتر متمانەیان بە ترەمپ هەیە بە بەراورد بە بایدن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووری و هەڵاوسان”.

هاوکات بەپێی ڕاپرسییەکی “فۆکس نیوز” کە چوارشەممەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، 47%ی دەنگدەران لەباربردنی منداڵ “زۆر بە گرنگ” دەزانن بۆ بڕیارەکانیان لە هەڵبژاردنی یەکێک لەو دوو کاندیدانە، بەڵام هەندێک بابەتی دیکە وەک کۆچبەری و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم کاتەدا خۆیان لەو کاتەدا بەگرنگ دەزانرێت، کە ئەمڕۆ لە دیبەیتی بایدن و ترەمپدا باسی لێوەدەکرێت.

جیاوازییەکانی دیبەیتی بایدن و ترەمپ

لەو چوارچێوەیەدا جۆن گیزی، شرۆڤەکاری سیاسی و نووسەر و پەیامنێری کۆشکی سپی بە تۆڕی هەواڵی “نیوز ماکس”ـی ئەمەریکی دەڵێت: پەیڕەوی دیبەیتەکەی ئەم جارە لە بنەڕەتدا هەمان پەیڕەوی یەکەمین دیبەیتی سەرۆکایەتییە کە لە ساڵی 1960، بەو پێیەی مایکرۆفۆن بۆ هەر کەسێکی تر بێدەنگ دەکرێت لەکاتی قسەکردن، جگە لە نەبوونی ئامادەبووان و سەرپەرشتیارانی دیبەیتەکە دەسەڵاتی بەهێزیان پێدەدرێت بۆ پابەندبوون بە یاسا دامەزراوەکان.

ئامژەی بەوەش دا، “ئەگەر سەیری مشتومڕەکانی نێوان جۆن کێنێدی و ڕیچارد نیکسۆن بکەیت لە ساڵی 1960، بەتایبەتی دیبەیتی دووەم، دەبینیت پێنجشەممەی داهاتوو چی ڕوو دەدات”، گوتیشی: “شتەکەی تر ئەوەیە کە مشتومڕەکان بەزۆری لەنێوان کاندیدا سەرەکییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەکرێت.” واتە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا، کە لە مانگی تشرینی دووەمدایە، نەک چوار یان پێنج مانگ پێش ئەو وادەیە.

گیزی پێی وایە “چاوەڕوان دەکرێت بایدن وا نیشان بدات کە بەهێزە و هەوڵدەدات ئەدای خۆی دووبارە بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی، سەبارەت بە ترەمپیش، گیزی ڕوونی دەکاتەوە کە “دەبێت زیاتر خۆپارێز دەربکەوێت و وەک دەوڵەتمەدارێک دەربکەوێت و ڕکابەرەکەی وەک لە ڕابردوودا قسەی نەبڕێت”.

گیزی لەبارەی کاریگەرییەکانی دیبەیتی بایدن و ترەمپ لەسەر ئەو کەسانەی کە بڕیاریان لەسەر هەڵوێستی خۆیان نەداوە بۆ دەنگدان، دەڵێت، “لەگەڵ دوو کەسایەتی وەک بایدن و ترەمپ، زۆرینەی ئەوانەی بڕیاریان نەداوە ڕەنگە بڕیار بدەن، گروپێکی بچووک هەیە، ڕەنگە بگاتە 1%، کە بڕیارەکەیان ڕەنگە یەکلاکەرەوە بێت ئەگەر ئەنجامی دیبدیتی ئەو دوو کەسە لە یەکتر نزیک بێت.

پرسەکانی دیبەیتەکە

گیزی پێشبینی دەکات کە “پرسی کۆچبەری لە دیبەیتی داهاتووی بایدن و ترەمپدا سەرنجێکی زیاتری لەسەر بێت، بەتایبەتی کە بووەتە پرسێکی زۆر گرنگ لەسەر ئاستی جیهانی”، ئاماژەش بەوە دەکات، “ترەمپ هەوڵدەدات سوود لەم بابەتە وەربگرێت و دەتوانێت بە ئاسانی باسی ماوەی خولی سەرۆکایەتییەکەی بکات، کە بەپێی سیاسەتەکانی لەو کاتەدا، کۆچبەرانی نایسایی لە کەمبوونەوەدا بووە”.

هەروەها بایدن زۆرێک لە سیاسەتەکانی ترەمپی هەڵوەشاندووەتەوە کە بووە هۆی ئەو کێشانەی لە ئێستادا لەسەر سنوورەکان هەن، دەشڵێت، ئەو بڕیارانەی کە بایدن لەم دواییانەدا سەبارەت بە دۆسیەی کۆچبەری داوە درەنگ وەسف دەکرێت، بایدن هاتنی پەناخوازان بۆ وڵاتەکەی لە سنووری مەکسیک بۆ باشوور سنووردار کردبوو، دواتر ئیدارەکەی لەم دواییانەدا ئاسانکاری بۆ ئاکنجی و مۆڵەتی کارکردنی بۆ ئەو کۆچبەرانە ڕاگەیاند، کە زەماوەندیان لەگەڵ ئەمریکییەکان کردووە و منداڵیان لێیان هەیە.

لای خۆیەوە جیم مۆران، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڤێرجینیا، لە چاوپێکەوتنێکدا بە “عەرەبی جەدید”ـی ڕاگەیاند، خاڵە جیاوازەکانی دیبەیتی نێوان بایدن و ترەمپ لەگەڵ دیبەیتەکانی ساڵی 2020 ئەوەیە، کە بایدن چوار ساڵ لە ترەمپ گەورەترە و لە کاتێکدایە کە وزەی جەستەیی لە باشترین ئاستی خۆیدا نییە و پیر دەردەکەوێت.

لە لایەکی دیکەوە، بە گوتەی مۆران، ترەمپ کاریگەری لەسەر بایدن دەبێت چونکە تەمەنی کاریگەری لەسەر دیبەیتەکە دەبێت”، چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە مشتومڕەکە بەگشتی کاریگەریی لەسەر کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان نابێت مەگەر شتێکی گەورە ڕوو بدات، کە سەرنجی خەڵک لەسەر ئاستی نیشتمانی ڕابکێشێت، هەروەها لایەنگرانی ترەمپ پشتگیری کاندیداکەیان دەکەن بەبێ گوێدانە ئەوەی لە دیبەیتەکەدا سەربکەوێت یان بدۆڕێت.

سەبارەت بە ئابووری، مۆران ڕوونی دەکاتەوە کە “ئابووری لە دیبەیتی داهاتووی بایدن و ترەمپدا دەبێتە جێی سەرنج، چونکە بایدن دەڵێت: ئابووری ئەمەریکا لە ڕاستیدا تاڕادەیەک باشە و دابەزینی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری هەیە و بەپێی ژمارەکان باشترە لە هەموو ئابوورییەکی جیهان”.

دەشڵێت: ترەمپ “هەوڵ دەدات دۆخی ئابووری وڵاتەکە وەک کارەساتبار نیشان بدات و دەڵێت، ئەمەریکیەکان ئازار دەچێژن”، بەڵام ڕاستییەکان لە لای بایدنن.

جەختیشیی کردەوە، “ترەمپ هەوڵدەدات دۆخی کەرتی غەززە بە هێرشکردنە سەر بایدن بقۆزێتەوە، هەرچەندە ترەمپ خۆی داوای لە ئیسرائیلییەکان کرد هەموو کەسێک لە کەرتی غەززە لەناو ببەن”.

باسی لەوەش کرد، “هەرچەندە سیاسەتی بایدن لە غەززە نائومێدکەر بوو، بەرگریی لە بڕیارەکانی و پلانەکەی دەکات بۆ ئاگربەست و هێنانەکایەی هاوکارییە مرۆییەکان و ڕەتکردنەوەی ناردنی بارێکی چەکی قورس بۆ ئیسرائیل، لەکاتێکدا ترەمپ دەبوو بە ئیسرائیل بدات”.

تەلئەبیبیش ڕوونی دەکاتەوە کە ترەمپ “زۆر درۆ دەکات لەسەر ئەم خاڵە، هەروەها بانگەشەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین ناتانیاهۆ) دەقۆزێتەوە کە بایدن دابینکردنی چەکی بۆ ئیسرائیل کەم کردووەتەوە”.

ھەواڵی زیاتر