لە ئاگرەكەی ئامەد و مێردیندا ٥٠٠ سەر ئاژەڵ مردوون

كارزان گلی – هه‌ولێر

ماوەی دوو رۆژە ئاگرێكی گەورە، لە نێوان ئامەد و مێردین كەوتەوە، ئاگرەكە ئەوەندە گەورەبوو، زیانی گیانی و ماڵی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەوەی قسەی زۆر لەسەر دەكرێت، ئەو زیانەیە كە بەر كەرتی ئاژەڵداری كەوتووە و بە سەدان ئاژەڵ، بەهۆی زۆری سووتانەكەیان مردوون.

ئەگەرچی ئاگرەكە لە دوای ٤٨ سەعات كۆنترۆڵ كرا، بەڵام بەهۆی بوونی رەشەبایەكی زۆر، دووبارە ئاگر سەری هەڵداوەتەوە و خەریكن بەتەواوی كۆنتڕۆڵی بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی ئامەد بڵاوی كردەوە، بەهۆی ئەو ئاگرەی لە نێوان مێردین و ئامەد كەوتەوە، تاوەكوو ئێستا ٥٥٦ بزن و مەڕ مردوون، هەروەها بە سەدان ئاژەڵی تر، بەهۆی سەختی سووتانەكەیانەوە، رەوانەی كۆمەڵەی رزگاركردن و پاراستنی ئاژەڵ كراون لە ئیستانبۆڵ، بەمەبەستی چارەسەركردنیان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی ئامەد بڵاوی كردووەتەوە، ٢٥٠ ئاژەڵ، بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە لەژێر چاودێریدان و تیمێكی تایبەت رەوانەی ئامەد كراوە، تا بتوانن ئەو ئاژەڵانە رزگار بكەن.
ئۆكان ئۆفڵاز، سەرۆكی كۆمەڵەی رزگاركردن و پاراستنی ئاژەڵ، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان ئاماژەی دا، ئەوان بۆ هەر سەر ئاژەڵێك، بڕی ٧ هەزار لیرەی توركیان داناوە بۆ چارەسەركردن و تیمەكانیان لە هەموو شوێنێك خەریكی چارەسەركردنی ئەو ئاژەڵانەن و بەدوای ئەوانەشدا دەگەڕێن كە دیار نین و پێویستیان بەهاوكارییە بۆ رزگاركردنیان.
بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆربەی ئاژەڵەكان، رێژەی سووتانەكەیان ٤٠٪، بۆیە هەر ئاژەڵێك بزانن ناتوانن چارەسەری بكەن و دەمرێت، راستەوخۆ سەری دەبڕن، تا بتوانن سوود لە گۆشتەكەی وەربگیرێت.
هەروەها ئەو ئاژەڵانەی مردوون، بەشێوەی كۆمەڵ چاڵیان بۆ هەڵدەكەنرێت و دەنێژرێن، ئەمەش بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، ١١ ئاژەڵ نێردراونەتە ئیستانبۆڵ بۆ چارەسەركردن، بەڵام كۆمەڵەی رزگاركردن و پاراستنی ئاژەڵ، داوای كردووە ١٤ ئاژەڵی تریشیان بۆ رەوانە بكرێت تا بتوانن لە مردن رزگاریان بكەن.
بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆری ئاژەڵ سووتاون و مردوون، بۆیە نرخی گۆشت زۆر گران بووە و چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو گرانتر بێت.
لە ٢٠ی حەزەیراندا، ئاگرێكی گەورە لە نێوان ئامەد و مێردین روویدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ١٤ هاووڵاتی گیان لەدەست بدەن، هەروەها ٥٥٦ مەڕ و بزن بەهۆی زۆری سووتانەكانیان مردوون و ٢ كەر و ٢ سەگیش بریندارن.

ھەواڵی زیاتر