لە ئەنجامی وەرگەڕانی بەلەمێک دەیان کەس گیانیان سپارد

سەرۆککۆماری کۆنگۆی دیموکراتی، فیلیکس چيسێکێدی ڕایگەیاند، بەلەمێک کە زیاتر لە 270 سەرنشینی هەڵگرتبوو، لە ڕووبارێکی نزیک کینشاسا وەرگەڕاوە و زیاتر لە 80 کەس گیانیان سپارد.

فیلیکس چيسێکێدی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “ئەو بەلەمەی لە پارێزگای مای ندۆمبێ لە ڕووباری کوا وەرگەڕاوە دروستکراوی ناوخۆ بووە”.

ڕێن میکەر، بەرپرسی ئاوی شاری موشی کە ڕووداوەکە تێیدا ڕووی داوە، گوتی: بەلەمەکە “271 سەرنشینی بۆ کینشاسا هەڵگرتبوو، لەو کاتەدا بزوێنەرەکەی تێک چووە”.

میکەر ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە کاتی وەرگەڕانی بەلەمەکە 86 سەرنشین گیانیان سپاردووە، هەروەها  185 سەرنشینی دیکە توانیویانە بە مەلە بچنە کەنار دەریاکە، کە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە شاری موشییەوە دوورە”.

ڕاشیگەیاند، “بەلەمەکە خۆی بە لێواری کەناری ڕووبارەکەدا کێشاوە و وەرگەڕاوە”.

بەرپرسانی کۆنگۆ زۆرجار هۆشدارییان داوە لە “هەڵگرتنی  سەرنیشینی زۆر و بەڵێنیان داوە سزای ئەو کەسانە بدەن کە ڕێوشوێنی سەلامەتی گواستنەوەی ڕووبارەکان پێشێل دەکەن”.

ھەواڵی زیاتر