توركیا بۆچی نابێتە ئەندامی یەكێتیی ئەورووپا؟

توركیا لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا، هەموو هەوڵێكیدا تا بتوانێت ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، بەڵام هەموو هەوڵەكانی بێسوود بوو و نەیتوانی ئەو خەونەی بێتە دی، تەنانەت ئەوەندە دوورە لەو خەونەی، ئێستا لەبری ئەندامبوون لەو یەكێتییە، بیر لەوە دەكەنەوە چۆن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا ئاشت ببنەوە. موستەفا كەمال ئەتاتورك، خۆی لە ئەورووپا نزیك كردەوە و ویستی كۆپی ئەورووپا بهێنێتە توركیا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەوەی لەڕووی دیموكراتی و ئازادی تاك و مافی نەتەوەكاندا وەكوو ئەورووپا بێت.

لە ساڵی 2012، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا سەردانی ئەڵمانی كرد و لەوێ بەڵێنیدا كە تا 2023، توركیا ببێتە ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا و گوتی ئەگەر ئەوە روینەدا، ئەورووپاش زەرەر دەكات.
بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێكی ئاژانسی (DW)ی توركی، بەهۆی ئەوەی توركیا لەڕووی دیموكراتی و مافی مرۆڤەوە زۆر لە پاشەكشەی داوە، بۆیە بوونی بەئەندام لەیەكێتی ئەورووپا ئەستەمە و تەنانەت ئێستا، یەكێك لە بابەتە هەرە سەرەكییەكانی توركیا و یەكێتی ئەورووپا ئەوەیە، پەیوەندیان بمێنێت و بەتەواوی تێك نەچێت.
توركیا كاتێك بێئومێد بووە لەوەی ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، خۆی لە رووسیا نزیك كردووەتەوە، ئەمەش وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكای نیگەران كردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، یەكێتی ئەورووپا نایەوێت توركیا لە رووسیا نزیك ببێتەوە، بۆ ئەمەشیان تاكە رێگە لەبەردەمیان لاوازكردنی رووسیایە، واتە پلانی ئەورووپا بەشێوەیەكە، تا چەند ساڵێكی تر رووسیا بەشەڕی ئۆكڕایناوە خەریك بكەن، تا رووسیا لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لاواز بكەن، ئەوكات توركیا ناچێتە بەرەی رووسیایەكی لاواز و بێهێز لەڕووی ئابوورییەوە.
وەكوو ئەوەی چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی باسی دەكەن، توركیا ناچار دەكرێت روو لە وڵاتانی ئەورووپا بكات و دەستبەرداری رووسیا ببێت.
نزیكبوونەوەی توركیا لە رووسیا چەند هۆكارێكی هەیە، بەڵام ئەوەی سەرەكییە و میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا باسی دەكەن، مانەوەی ئەردۆغانە وەكوو سەركۆمار و لەوڕووەشەوە ڤلادمیر پۆتین هاوكاری دەكات و پاڵپشتی دەكات، چونكە بۆ پوتین توركیایەك پێویستە لەڕووی دیموكراتییەوە لاواز بێت، یاخود سەرۆكەكەی كورسی دەسەڵات جێنەهێڵێت، ئەوكات پەیوەندیكردن و رێككەوتن لەگەڵیدا ئاسانە.
ئەردۆغان، لە وتارەكانیدا بەردەوام رەخنە لە وڵاتانی ئەورووپا دەگرێت و بەپاڵپشتی تیرۆر ناویان دەبات، ئەمەش دەرگای بۆ پۆتین خۆش كردووە تا بچێتە ناو دڵی توركیا و لەخۆی نزیك بكاتەوە.
توركیا پێویستی زۆری بە نەوت و گازی سرووشتیی رووسیا هەیە، بەتایبەت بۆ كارەبا و گەرمكردنەوە، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت سوود لە گازی سرووشتیی رووسیا وەربگرێت و بەنرخێكی هەرزانتر لە پێشوو لێی بكڕێت، تا بتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە فشارەكان كەم بكاتەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەیتوانیوە بەو نرخەكەی خۆی دەیەوێت گازی رووسیا بەدەست بهێنێت.
ئەگەرچی توركیا 100 ساڵ دەبێت دەیەوێت لاسایی ئەورووپا بكاتەوە و دەیەوێت ببێتە كۆپی ئەورووپا نەك وڵاتانی ئیسلامی، بەڵام یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە، وڵاتانی ئەورووپا پشتگیریی لە توركیا نەكەن تا بیخەنە ناو یەكێتی ئەورووپاوە، پێشێلكردنی مافی كوردە و بەردەوام رەخنەی توند لە توركیا گیراوە و دەڵێن تا مافی كورد نەدەیت و وڵات بەرەو دیموكراتی نەبەیت دەرگای یەكێتی ئەورووپات بۆ ناكرێتەوە.
یەكێتی ئەورووپا لە 1_1_1958، لە رۆما دروست بوو، توركیا كە خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە ئەندام لەو یەكێتییە، لە 1963ەوە لە هەوڵدایە تا بتوانێت ئەندامییەتی ئەو یەكێتییە بەدەست بهێنیت، بەڵام ئەو خەونەی نەهاتووەتە دی.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپادا، پارتە راستڕەوەكان توانییان سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنن، كە ژمارەی كورسییەكانیان دوو بەرامبەر بەپێشووتر زیادی كردووە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر توركیا دەبێت بۆ ئەندامبوون لە یەكێتی ئەورووپا، چونكە ئەو پارتە راستڕەوانە دژایەتییەكی زۆری توركیا دەكەن و رێگرن لەبەردەمی بۆ ئەندامبوون لە یەكێتی ئەورووپا.