كاردانەوەكانی دانانی قەیوم بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ

وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، شارەوانیی جۆلەمێرگی لە باكووری كوردستان قەیووم كرد، هەروەها محەممەد سدیق ئاكش، سەرۆكی شارەوانیی دەستبەسەر كردووە و دەڵێن، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەین، بەڵام كاردانەوەكان لەبارەی ئەو هەنگاوەی حكوومەتی توركیا، زۆر توند بووە و سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی توركیاش لێی هاتووەتە دەنگ.

لە هەڵبژاردنی ٣١ی٣ی٢٠٢٤دا، دەم پارتی، توانی شارەوانیی جۆلەمێرگ بباتەوە، هەروەها محەممەد ئاكش، وەكوو سەرۆكی شارەوانیی هەڵبژێردرا، بەڵام حكوومەتی توركیا، بەتۆمەتی ئەوەی ئاكش، سەر بە پەكەكەیە، دەستبەسەری كردووە و لە شوێنی ئەویش، پارێزگاری جۆلەمێرگی وەكوو سەرۆكی شارەوانیی داناوە.
پارتە سیاسییەكانی توركیا، دژی ئەم هەنگاوەی حكوومەتن، ئەوانە پێیان وایە، ئیرادەی گەل خراوەتە ژێر پێ.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئیكس)، دەڵێت، دانانی قەیووم بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ، خستنە ژێرپێی ئیرادەی خەڵكی جۆلەمێرگە.
سیاسەتی قەیووم، سەرەتا لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ دەستپێكرد، كە لەكۆی ١٠٠ شارەوانی براوەی هەدەپە، ٨٠یان قەیووك كرا، تۆمەتی ئەوەش درایە پاڵ سەرۆكی شارەوانییەكان، كە پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ پەكەكەدا هەیە.
دوای ئەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكۆماری توركیا، دەستی خستنە ناو دەستی ئۆزگوور ئۆزەل و گوتی“ ئیتر سیاسەتی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و هەروەها هێنانە دی ئارامی لە توركیا پەیڕەو دەكەین“، ئەمەش وای كرد كە بەشێكی زۆری نووسەران پێیانوابێت، حكوومەت وازی لە سیاسەتی قەیووم هێناوە، بەڵام تەنیا دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، یەكەم هەنگاو لە جۆلەمێرگەوە دەستپێكرد و شارەوانییەكەی قەیووم كرا.
وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی داوە، ئاكش، باجی بۆ پەكەكە كۆ كردووەتەوە، هەروەها بەناوی پەكەكەوە هەڕەشەی لە كاسبكارانی جۆلەمێرگ كردووە، جیا لەوانەش كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی پەكەكەدا هەبووە.
پڕۆسەی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئاكش، لە ٢٠١٤ەوە دەستیپێكردووە، بۆیە وەزارەتی ناوەخۆی توركیا دەڵێت، دەستبەسەرە تا لێكۆڵینەوە كۆتایی پێدێت.
دەم پارتی، هەڕەشەی تووند لە حكوومەت دەكەن و بەپەلە، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنیی سەركردایەتیان بەست و بڕیاریاندا، لە بەشێكی زۆری شارەكانی باكووری كوردستان مان بگرن و دژی سیاسەتی قەیووم بوەستنەوە.
هەروەها دەم پارتی، داوایان لە پارتە سیاسییەكانی توركیا كرد، ئەگەر لەگەڵ دیموكراتین، پێویستە هەڵوێستیان بەرامبەر بەم كودەتایە هەبێت.
ئۆزگوور ئۆزەل، لە درێژەی ئەو پەیامەی لە رێگەی (ئیكس)ەوە بڵاوی كردووەتەوە دەنووسێت: ”لەگەڵ دیموكراسی و ئیرادەی گەلین، لە دژی بیری قەیومین. ئەم رەفتارەی دەسەڵات هەڵەیە و خستنە ژێرپێی ئیرادەی گەلە.“
گوڵستان كلچ، سەرۆكی فڕاكسیۆنی دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پێیوایە، سیاسەتی سەپاندنی باری نائاسایی بەسەر شارە كوردییەكان بەردەوامە و نەگۆڕاوە، هەروەها قسەكردنیش لەبارەی دەستووری تازە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، تەنیا بۆ خۆیانە و بۆ كورد نییە.
لە ساڵانی نەوەدەكان، باری نائاسایی لە شارەكانی باكووری كوردستان بەردەوام بوونی هەبووە، هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە هیچ گردبوونەوەیەك بكەن و شەوانیش بۆیان نەبووە بێنە درەوە، بۆیە مەبەستی گوڵستان ئەوەیە، سیاسەتی ساڵانی نەوەت هەر ماوە لە توركیا.
شەوی یەكشەممە ٢ی٦ی٢٠٢٤، پۆلیس هەڵیكوتایە سەر بارەگای شارەوانیی جۆلەمێرگ و بە بڕیاری وەزارەتی ناوەخۆ، پارێزگاری ئەو شارەیان لە شوێنی ئاكش كردە سەرۆكی شارەوانیی، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، ئاكش توانی ٤٨.٩٢٪ی دەنگەكان بەدەست بهنێت.
بەگوێرەی پێشبینییەكان، ئەمجارەیان وەكوو ٢٠١٩، ئۆپۆزسیۆنی توركیا و دەم پارتی، بێدەنگ نابن لەئاست سیاسەتی قەیووم و چاوەڕوان دەكرێت، كاردانەوەكانیان زۆر تووند بێت.