ئەورووپا دەچێتە ناو گەورەترین هەڵبژاردنەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

نزیكەی ٣٧٠ ملیۆن دەنگدەری یەكێتی ئەورووپا، لە ٦ تا ٩ی ئەم مانگە، دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و بەربژێرەكانیان بۆ پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا هەڵدەبژێرن. لەدوای برێخت و جەنگی ئۆكڕانیا و رووسیا، ئەورووپا یەكەم هەڵبژاردنی خۆی دەكات. لە ٨ پرسیاردا باس لە چۆنییەتی گەورەترین هەڵبژاردنی ئەورووپا دەكەین.

یەكەم: سندوقی دەنگدان كەی دەكرێتەوە؟
لەدوای هەڵبژاردنی ١٩٧٩، ئەمە دەیەمین هەڵبژاردنە یەكێتی ئەورووپا ئەنجامی دەدات، ئەو كەسانەی هەڵدەبژێردرین بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەبنە پەرلەمانتاری یەكێتی ئەورووپا.
كێبڕكێیەكە رۆژی پێنج شەممە، ٦ی٦ی٢٠٢٤ دەستپێدەكات و یەكەم سندوقی دەنگدانیش لە هۆڵەندا دادەنرێت و هاووڵاتیان دەنگ دەدەن.
بۆ راگەیاندنی ئەنجام و كردنەوەی سندوقی دەنگدان، لە ٩ی حوزەیران هەموو سندوقەكان دەكرێتەوە و هەر ئەو ئێوارەیە ئەنجامەكان رادەگەیەنرێت.

كام وڵات زۆرترین پەرلەمانتاری دەبێت؟
بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتان لە یەكێتی ئەورووپا، ژمارەی كورسییەكانیش دەگۆڕدرێن. هەریەك لە ماڵتا، لوكسەمبۆرگ و قوبرس، كەمترین ژمارەی پەرلەمانتاریان دەبێت كە ٦ پەرلەمانتارە. وڵاتی ئەڵمانیاش دەبێتە خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمان لە پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا بە ٩٦ پەرلەمانتار.
لە ٢٠١٩، پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا لە ٧٥١ پەرلەمانتار پێكهاتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەورووپا چوە دەرەوە، پەرلەمانتارەكانی بەریتانیا كشانەوە و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ٧٠٥ كەم بووەوە.
بەڵام بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بووەتە ٧٢٠ كورسی.

كێن ئەوانەی دەنگ دەدەن؟
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا دەنگدەرانی ٢٧ وڵات بۆیان هەیە دەنگ بدەن، بەڵام لە بەلجیكا و سویسرا و ماڵتا، ئەوانەی تەمەنیان ١٦ ساڵانە بۆیان هەیە دەنگ بدەن و لە یۆنانیش ١٧ ساڵ.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بۆ یەكەمجارە وڵاتی ئەڵمانیا رێگە بە هاووڵاتی تەمەن ١٦ ساڵان دەدات دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرەكانیان لە پەرلەمانی ئەورووپا، بۆیە زۆرترین رێژەی دەنگدەر بۆ پەرلەمانی ئەورووپا وڵاتی ئەڵمانیایە كە ٦٥ ملیۆن دەنگدەر بۆی هەیە دەنگ بدات.

رێژەی دەنگدان چەندە؟
بەشێوەیەكی گشتی، رێژەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، بەردەوام كەم بووە، لە هەڵبژاردنی ١٩٧٩دا، رێژەی دەنگدان ٦٢٪ بووە، لەو كاتەوە تاوەكوو ئێستا بەردەوام رێژەی دەنگدان لە دابەزین بووە.
بەگوێرەی پێشبینییەكان، بۆ ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕوان دەكرێت رێژەی دەنگدان بەرز ببێتەوە، ئەویش بە پشت بەستن بەو راپرسییانەی ئەنجام دراوە.

پەرلەمانتارەكان بەرپرسیارییەتیان چییە؟
دامەزراوەی یەكێتی ئەورووپا، تاكە دەمەزراوەیە كە راستەوخۆ بە دەنگی خەڵك نوێنەرانی هەڵدەبژێردرێت.
سەنتەری سەرەكی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا برۆكسل، پایتەختی بەلجیكا و هەروەها شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا دەبێت.
كۆبوونەوە گرنگەكان و چارەنووسسازەكان لە ستراسبۆرگ دەكرێت، بەڵام كۆبوونەوە رۆتینییەكان لە بڕۆكسل دەكرێت.
پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، بۆ ئەوە دامەزراوە تا هاوسەنگییەك لە نێوان خۆیان و كۆمیسۆنی یەكێتی ئەورووپا دروست بكات، واتە بۆ هەر بابەتێكی چارەنووسساز، پێویست دەكات نوێنەرانی هەر ٢٧ وڵات دەنگ بدەن. بۆ نموونە كاتێك كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا دەنگ دەدات بۆ پێدانی چەك بە ئۆكڕانیا، دەبێت پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، بەدەنگی زۆرینە ئەو بڕیارە بدەن و كۆمیسیۆن بەتەنیا ناتوانێت بڕیار بدات.
هەروەها سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا، پێویست دەكات لەناو پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا هەڵبژێردرێت.

لەناو پەرلەمان كام پارت زۆرینەیە؟
كاتێك یەكێتی ئەورووپا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، پارتە سیاسییەكان كێبڕكێ دەكەن تا زۆرترین پەرلەمانتار ببەنە پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا.
لەكۆی ٧٠٥ كورسی ئێستای پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، پارتی گەلی ئەورووپا، خاوەنی زۆرترین كورسییە كە ١٧٦ كورسییە و پارتێكی راستڕەوە.
هەروەها سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆنە، كە سەر بە پارتی گەلی ئەورووپایە. پارتی سۆسیالیست و سۆسیال دیموكراتەكان خاوەنی ١٣٩ كورسین.
لیبڕالەكانیش خاوەنی ١٠٢ كورسین و پارتە سەوزەكانی یەكێتی ئەورووپا خاوەنی ٧٢ كورسین.
پارتە بچووكەكانیش توانیویانە كورسییان هەبێت لەناو پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا.

راپرسییەكان چیمان پێدەڵێن؟
بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی ئەنجام دراون، پارتە راستڕەوەكانی یەكێتی ئەورووپا، زۆرترین كورسی بەدەست دەهێنن، بەڵام زۆر دوورن لەوەی بتوانن ببنە زۆرینە، واتە ٥٠+١.
پارتە موحافیزكار و ریفۆرمستەكانی ئەورووپا، خاوەنی ٦٩ پەرلەمانتارن، رەنگە دەنگەكانیان بێتە خوارەوە.
بەهۆی جەنگی نێوان ئۆكڕانیا و رووسیا، پارتە سەوزەكان و لیبڕاڵەكان دەنگەكانیان كەم دەكات، چونكە وەكوو پێویست رێگریان لەو جەنگە نەكردووە، كە دەبێتە هۆی ئەوەی ژینگەی جیهان پیس بێت. بەشێوەیەكی گشتی، هیچ پارتێك ناتوانێت بەتەنیا ببێتە زۆرینە، دەبێت لەناو پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، هاوپەیمانیی دروست ببێت، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرینە دروست ببێت.

پروپاگندە لەسەر چی پرسێك دەكرێت؟
هەڵبژاردن چەند رۆژێكی كەمی ماوە، پارتە سیاسییەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، سەرەكیترین پرس كە پروپاگندەی بۆ دەكەن، جەنگی ئۆكڕاینا و رووسیایە. لە ئەورووپا، گەرمترین پرس، پرسی ئەو هاوكارییە سەربازییەیە كە وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا پێشكەشی ئۆكڕاینای دەكەن.
بەگوێرەی ئەو راپرسیانەی ئەنجام دراون، بەشێكی زۆری وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، لەگەڵ ئەوەدان كە پشتگری سەربازی و ئابووری ئۆكڕاینا بكرێت دژی رووسیا و پێیان باش نییە، ئەو وڵاتە لەلایەن رووسیاوە داگیر بكرێت.
پرسێكی تر كە گفتوگۆی زۆر لەسەر دەكرێت، قەیرانی ئابوورییە دوای پەتای كۆڕۆنا، كە هەموو شتێك لە ئەورووپا گران بووە، بەتایبەت كرێی خانوو، بۆیە دەنگدەر بەلای ئەو پارتەدا دەچێت، كە بەرنامەی باشتركردنی رەوشی ئابووری خەڵكی هەیە

ھەواڵی زیاتر