پرسی كورد لە دوای دوو هەڵبژاردنی چارەنووسساز لە توركیا

كارزان گلی – هه‌ولێر

پرسی كورد، هەمیشە باسێكی گەرمی رۆژەڤی توركیا بووە، هەرچەندە پارتی دەسەڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (كۆماری)دا بڵێت لە توركیا شتێك نییە بەناوی پرسی كورد، بەڵام لە رێگەی میدیاكانی خۆیانەوە ئەو پرسە بەردەوام قسەی لەبارەوە دەكرێت، بۆیە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، پرسی كورد نابێتە مێژوو، بەڵام دەكرێت بڵێین هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی لەم خوولەی پەرلەماندا زۆر ئەستەم دەبێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14 ئایاردا، هاوپەیمانیی (كۆماریی)، توانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەمەش رێگری لەو بەڵێنانەی هاوپەیمانیی (میللەت) دەكات، كە بەرنامەی هەبوو پرسی كورد بباتە پەرلەمانی توركیا لەوێ چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزێتەوە.
ئەم پەرلەمانەی توركیا، وەكوو ئەوەی چاودێرانی سیاسی بیانی و ناوەخۆیی باسی دەكەن، پەرلەمانێكی نەژادپەرستی و موحافیزكاری دەبێت، چوونكە 75%ی پەرلەمانتارەكانی سەر موحافیزكار و نەژادپەرستن، بۆیە پرسی كورد، هەنگاو بەرەو پێشەوە نانێت.
بەگوێرەی گوتەی غالیب داڵای، لێكۆڵەری سیاسی، بەهۆی ئەوەی توركیا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، توانیویەتی لەڕووی پیشەسازی سەربازییەوە هەنگاوی باش بنێت و پەكەكەی دووچاری جەڵەتەی دڵ كردووەتەوە و هەموو چالاكییەكی ئەو پارتەی شكست پێهێناوە، بۆیە ئەمە وای كردووە، دەسەڵاتدارانی توركیا بیر لە چارەسەركردنی پرسی كورد نەكەنەوە.
جیا لەوەش، هەڵبژاردنی 14ی ئایار و ئەو ئەنجامەی دەم پارتی بەدەستی هێنا، خراپییەكەی ئەوە بوو، دەسەڵاتدارانی توركیا بڵێن گەلی كوردیش لە باكووری كوردستان، لەگەڵ هەدەپە (دەم پارتی) ئێستا نین و ئەوان بەو حاڵەی ئێستایان رازین.
بەهێزبوونی دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا، واتە بەهێزبوون و بەرەوپێشچوونی پرسی كوردە، بۆیە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەم پارتی ئەوەی بە دەنگدەری كورد دەوت، كە بەهێزبوونی دەم پارتی پرسی كورد دەباتە پێشەوە، بەڵام بەداخەوە دەم پارتی دوو ملیۆن دەنگ كەمی كرد.
دیسان دەبێت باس لەوە بكەین، كە دەم پارتی كارتە گرنگەكانی كوردی لە توركیا كو وشت، چوونكە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەبێ هیچ مەرجێك چووە پاڵ كەمال كلیچدارئۆغڵو و دەنگیان پێیدا، ئەمە وای كرد دەنگدەری كورد و سیاسییە بێلایەنەكانی كورد نیگەران بن، چوونكە پرسی كورد پرسێكی گرنگ نەبوو لای دەم پارتی، بۆیە بەبێ مەرج پشتگیری لە كلیچدارئۆغڵو كرد.
خۆ ئەگەر دەم پارتی، بەربژێری هەبایە، ئێستا لە بری ئەوەی هاوپەیمانیی میللەت و هاوپەیمانیی كۆماریی روو لە سینان ئۆغان بكەن، كە 5%ی دەنگەكانی هێناوە، ئێستا شەڕیان بوو دەم پارتی بۆ لای خۆیان رابكێشن، بۆیە تا ٢٠٢٨ هیچ هەنگاوێك لە پەرلەمانی توركیاوە ناهاوێژرێت بۆ چارەسەری پرسی كورد، چونكە ئەگەر ئاكەپەش دڵی نەرم بێت و پرسی كورد بهێنێتەوە بەرباس، هاوپەیمانەكەی كە مەهەپەیە، رێگری لێ دەكات، ئاكەپەش بەناچاری دەبێت بچێتە ژێر باری داواكانی مەهەپەوە، چوونكە هاوپەیمانیی كۆماریی، بەهۆی مەهەپەوەیە كە زۆرینەی پەرلەمانن و ئەو لێی بێتە دەرەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان زۆرینەی پەرلەمان لەدەست دەدات.
دەم پارتی، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، دیسان پشتی لە ئاكەپە كرد، بە فێڵێكی سیاسی بەربژێری بۆ ئیستانبۆڵ هەبوو، كە مەڕاڵ دانش بوو و ئەو كەسایەتییەش لەناو كوردانی ئیستانبۆڵ خۆشەویست نییە، بۆیە كەمترین دەنگی هێنا و كورد رووی لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كرد و یارییەكە بەو شێوەیە بوو، دەم پارتی كەسایەتییەكی لاواز بەربژێر بكات، بەو هۆیەوە ناكەوێتە بەر رەخنەی باكوورییەكان و ناڵێن بەبێ هیچ مەرجێك رووی لە ئیمامئۆغڵو كردووە، بەڵام لە ئەنجامدا دەنگدەری كورد هەر روو لە ئیمامئۆغڵو دەكەن.
پلانەكە سەری گرت، ئیمامئۆغڵو، بەدەنگی دەم پارتی بووە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام ئاكەپە و ئەردۆغانی نیگەران كرد و ئەوەندەی تر رقئەستووربوون بەرامبەر بە دەم پارتی. ئەوەی مایەی خۆشحاڵی بوو، دەم پارتی لە باكووری كوردستان، توانی شكستی هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار قەرەبوو بكاتەوە و بووە پارتی یەكەم و ١٠ گەورەشارەوانیی بردەوە، ئەمەش گرنگە بوو تا پەرلەمانی توركیا و دەوڵەتی توركیا بزانێت، پێگەی كورد و دەم پارتی لە باكوور بەهێزە، واتە بۆ چارەسەری پرسی كورد، ئەو دەنگەی دەم پارتی بەدەستی هێنا گرنگ بوو.
كورد لە توركیا، كارتەكانی نەسووتاون، كارتی زۆر بەهێزی هەیە، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٨، وەكوو چۆن دەنگی كوردانی باكوور، ئەردۆغانیان لە ٢٨ی ئایار بردە سەر كورسی سەرۆكایەتیی، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش هەر دەنگی كورد یەكلاكەرەوە دەبێت، بەڵام دەبێت ئەمجارەیان دەم پارتی هەڵەی هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار دووبارە نەكاتەوە و كوێرانە دەنگ بە هیچ بەربژێرێك نەدات، بەڵكوو دەبێت بۆ بەرژەوەندی كورد بكەوێتە گفتوگۆ و مامەڵەوە.